بوونی بێ دەوڵەت

23 کاتژمێر پێش ئێستا

د. کامه‌ران محه‌مه‌د

(داهێنانێکی کوردیی نوێ)

ئایا دەشێت نەتەوەیەک کە زیاتر لە حەفتا ملیۆن کەس بێت و زمان و کولتوور و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەبێت، بێ دەوڵەت بمێنێتەوە و دواتر پێی بڵێن (سەردەمی نەتەوایەتی کۆتایی هاتووە)؟ واته‌ ئایا ڕەوایە دوو دەوڵەت بە جیهانی عەرەبی و ئیمپراتۆریەتێک بە ئێرانییەکان و تەواوی گۆڕەپانێکی نەتەوەیی بە تورکەکان ببەخشرێت، دواتر بە کورد بووترێت: واز لە داواکردن بێنن، شەمەندەفەرەکە جێی هێشتوون؟ واته‌ گاڵتەجاڕییە، بە کوردێک بڵێیت: دەوڵەت گرنگ نییە! لە کاتێکدا تورکەکان دەوڵەتی خۆیان پیرۆز دەکەن، ئێرانییەکان بۆ سەروو ئاین بەرزی دەکەنەوە، عەرەبیش لە سەروو گەلانەوە دایدەنێن!
 زلهێزه‌کانی ئه‌وکات کوردیان به‌سه‌ر ئه‌واندا بەشکرد، تەواو وەک چۆن نان بەسەر برسیەکاندا دابەش دەکرێت، ئینجا پێیان گوترا: واز لەو داوایە بێنن، مێژوو تێیپەڕاندوون! ئایا بەڕاستی مێژوو ئەوانی تێپەڕاند؟ یان تاکە دەوڵەتیک کە لەسەر خوانی گەلان ڕێگەپێنەدراوە، ئەو دەوڵەتەیە کە خەڵکی کوردستان داوای دەکات؟
ئایا دەوڵەت کاڵایەیەکی دیاریکراوە، کە بەبەری هەندێک بکات و بۆ هەندێکی تر نەگونجاو بێت؟ ئایا قەدەری کورد وایە کە ببێتە (دراوسێی کاتی) هەموو دەوڵەتێک و (دوژمنی شیان - محتمل)ی هەموو سیاسەتێک بێت؟
ئەگەر دەوڵەت مافە، ئەوا بە چ لۆژیکێک گەلێکی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کەسی لێ بێبەش دەکرێت؟ ئەگەر شەرمەزارییشە، بۆچی هەموو نەتەوەکان بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتەکانیان و فراوانکردنی سنوورەکانیان بە ڕاکردن هەنگاوی بۆ دەهاوێژن؟
بۆچی دەوڵەت بە کورد ڕه‌وانه‌بینرا؟
کورد لەدوای ڕێککەوتنامەی سایکس پیکۆوە لە سەرەتاییترین مافه‌ بنەڕەتییه‌کانی خۆی بێبەش کرا، لەکاتێکدا بەو گەلانە درا، کە ژمارەیان کەمتر و ناڕێکخراوتر بوون و کەمترین بەشدارییان لە ژیاری مرۆڤایەتیدا کردبوو.
ئەمە چ لۆژیکێکە دەوڵەت بۆ چەند خێڵێکی دواکەوتوو و میرنشینە دەوڵەمەندە نەوتییەکان دروست بکرێت، بەڵام گەلێکی تری خاوەن خاک و مێژووی هەزاران ساڵەی لێ بێبەش بکرێت؟! ئایا دەوڵەت (خەڵاتێکە) کە بە ڕەفتار باشەکان دەدرێت؟ ئەگەر وابێت، ئەوا کورد لە (ئارامگیریی) و (لێبوردەیی)دا لە پلەی یەکەمدایە!
ته‌نانه‌ت سنووری ئەو دەوڵەتانەیان پاراست کە سەرکوتیان کردن، لەپاڵ ئەوانەی خیانەتیان لێکردن، دژ بە دوژمنەکانی ئەوان جەنگا، بەڵێن و دەنگیان بەو کەسانە دا، کە سەروەت و سامانیان تاڵان کردن. ئایا پاداشتی ئەم کۆمەکیی و لێبوردەییە بێبەشبوونی ئەبەدییە؟
که‌واته‌ ئیتر بۆچی ده‌وڵه‌ت به‌ کورد ڕه‌وا نه‌بینرا؟ لەبەرئەوەی کە بوونیان نییە؟ بەدڵنییاییەوە ئەمە هەڵەیە، چونکە کورد گەلێکی زیندووە. یان لەبەر ئەوەی کەمینەن؟ ئەوەش درۆیەکی ئاشکرایە! بەدڵنییاییەوە ئەوان لە ژمارەی دانیشتوانی زۆر وڵات زیاترن. یاخود لەبەر ئەوەی زمان یان زەوییان نییە؟ ئەمانەش قسەڵۆکێکی بێ واتان، زمانە زیندوو و خاکە فراوانەکەیان گەواهی سەربەخۆیی دەدەن.
ئەی کەواتە هۆکارە ڕاستەقینەکە لە چیدایە؟ زۆر بەسادەیی چونکە (دەوڵەتێکی کوردی) (هاوسەنگی شەرمەزاریی) لە ناوچەکەدا دەشێوێنێت، هاوکات ئابڕووی ئەو نەخشانە دەبات، کە لە ژوورەکانی هەواڵگریدا کێشراون، نەک بە ئیرادەی گەلان.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان... لە تفەنگی ڕزگارییەوە بۆ نووسراوی ڕادەستکردن
عەبدوڵا ئۆجالان وه‌ک ڕێبەری بزووتنەوەیەک کە نیو سەدە خەباتی کردووە، لە دوایین پەیامیدا ڕایگەیاند: "ئامانجەکە بەدیهات!" بەڕاست ئەو ئامانجە چیبوو؟ ئایا تورکیا دانی بە بوونی کورددا نا؟ پەرلەمانی (ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌)ش ڕێگە به‌ کورده‌کان دەدات، (بەشدارییەکی شکڵیی) لە دانیشتنە بێزارکەرەکاندا بکەن؟ هاوکات گوتی: “پەکەکە ده‌ستبه‌رداری ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ بووه‌،” واتە بڕیارمان داوە چیتر دەوڵەتمان ناوێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ده‌ستبه‌رداربوونه‌ مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ئەوەش کردەیەکە که‌ ته‌نها بۆ ئاستی تراژیدیا بەرز نابێتەوە، بەڵکو هه‌تا ئاستی کونه‌ ڕەشەکان به‌ ئاسماندا ده‌چێت. واته‌ دوای پەنجا ساڵ لە جەنگ وازهێنانی لە دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاند! بەڵام کێ ئەو دەسەڵاتەی پێدا؟ ئایا خەونی گەلێک لە ڕستەیەکدا کورت دەکرێتەوە؟ ئایا مەرگەساتەکان بە (شیکاری سیاسی) دەسڕدرێنەوە؟ ئایا لۆجیکییە خەونی میلله‌تێک لە ژوورێکی دانوستاندا کۆتایی پێبهێنرێت؟ ئایا دەکرێت خوێنی هەزاران کوڕ و کچی لاوی ئەم نیشتمانە بە دەستەواژەیەکی وه‌ک (دیموکراسی بەشداریکردن) بسڕدرێتەوە؟ ئایا ئەوە سوکایەتی نییە بە ئازاری دایکان؟ سوکایەتی کردن نیە بە خەونی ئەو منداڵانەی کە خەریکی کێشانی وێنەی ئاڵا بوون؟ دواتر کێ دەسەڵاتی بە تاکێک داوە، سیمبولێتییەکەی لە هەر ئاستێکدا بێت، بەناوی حەفتا ملیۆن مرۆڤەوە بڕیاری چاره‌نووسساز بدات؟
لێره‌وه‌ ئەگەر دەوڵەت ماف بێت، ئەوا کورد لە هەموو نەتەوەکانی تری جیهان شایەنترن. ئەگەر دەوڵەت مەترسییش بێت، ئەوا بۆ لە گەلانی تر قەدەغە ناکرێت؟ بەدڵنییاییەوە کورد گەلێکی زیادەی سەر نەخشە نیە. بەڵکو نەتەوەیەکی زیندووە و دەوڵەتەکەشی ئەگەر ڕۆژێک دابمەزرێت، بۆ خۆشی نیە! بەڵکو پێویستییەکی ئاکاریی و مێژوویی و وجوودییە. کەس بە ناوی نۆستالژیاوە داوای دەوڵەت لە جیهان ناکات. بەڵکو کورد بە ناوی لۆژیک و خوێن و کەرامەت و مێژووەوە داوای دەکات. بۆیه‌ هەر هەوڵێک بۆ له‌گۆڕنانی ئەم مافە، بەشداریکردنە لە تاوانێکدا کە هێشتا ئەنجام نەدراوە، بەڵام لە ویژدانی هەر مرۆڤێکی بێدەنگدا دەمێنێتەوە.
به‌مشێوه‌یه‌ داواکردنی دەوڵەت دەمارگیری نەتەوەیی نییە، بەڵکو بەرگریکردنە لەخود. بەڵام بێت و دەوڵەت بە بیانووی (واقیعێتی بوون )یان بەوەی (جیهان گۆڕاوە)، ڕەت بکەیتەوە، ئەوە (خیانەتێکە لە نەوەی داهاتوو).

دەوڵەت هەڵبژاردەیەکی فەلسەفی نییە... بەڵکو مافێکی وجودییە
ئێمە لە جیهانێکدا دەژین، کە گەلان بەوپەڕی توانایانەوە لەسەر سنوور و بەندەر و ئاسمان دەجەنگن. بەڵام بە کورد دەوترێت: دەوڵەت لەبیر بکە، كاڵایەکی کۆنە؟ جه‌نگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئێران و ئیسرایل و ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌کان و ململانێی چین و تایوان ، ...تاد مه‌گه‌ر ململانێی هه‌ژموون و فراوانخوازیی و سنوور نین؟ ته‌نانه‌ت خودی تورکیا لیبیا و سوریا و عێراق به‌ قوڵایی سراتیژییه‌تی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ده‌زانێت، زۆر به‌ ئاشکرایی (ته‌یب ره‌جه‌ب ئه‌ردۆغان) له‌ گوتاره‌که‌ی نێو په‌رله‌مانی تورکیا ده‌رباره‌ی (کۆتایی تیرۆر له‌ تورکیا!) گوتی: " که‌رکوک و سلێمانی و هه‌ولێر شاری هاوبه‌شی ئێمه‌یه‌". ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش له‌دوای جه‌نگی ئیسرائل ئێران له‌ عاشورادا هاته‌ ده‌ره‌وه‌، گوتی له‌ باتی حوسێن بڵێن ئێران و به‌ سروود خوێنه‌که‌ی گوت سروودی (ئه‌ی ئێران....) بڵێ. دواتر هه‌موو بینیمان که‌ هێرشه‌کانی ئیسرائیل چۆن ته‌واوی خه‌ڵکه‌ فارس و پارته‌ سیاسییه‌ به‌رهه‌ڵستکار و ئاڕاسته‌ دژه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تی ئێران یه‌کخست.
له‌م ڕوانگه‌وه‌ ئەوەی هەندێک وەک (تێگەیشتنێکی سیاسی واقیعی) دەیخەنە ڕوو، لە ڕاستیدا خۆڕاده‌ستکردنێکه‌ کە لە دەستەواژەگەلێکی کەشخەدا پێچراوەتەوە. بەتاڵکردنەوەی شۆڕش لە ناوەڕۆکەکەی و لەبەرکردنی بەرگێکی (دیموکراسی شکڵیی)انە، کودەتایەکە دژ بە گەل. ئەوەی ئەمڕۆ دەوڵەتێکی کوردی ڕەتبکاتەوە، بەدڵنییاییەوە نەوەی داهاتوو ڕادەستی (لەبیرکردنی خۆبەخشانە) دەکات، زمان و کولتوور و جوگرافیا لە بازاڕی ئەوانی تردا وەک شمەکێکی قاچاغ لێ دەکات.
واته‌ بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەتێک، تەنها بە واتای بێبەشکردنی ددانپێدانان نییە، بەڵکو لێسەندنەوەی سیستماتیکی ئامرازەکانی مانەوەیە، واته‌ هیچ میتۆدێکی پەروەردەیی بە زمانی خۆی نەبێت و هیچ دامودەزگای نیشتیمانیش نابێت کە بیانپارێزێت. دواتر هیچ دیپلۆماسییەک دروست نابێت، که‌ گوزارشتیان لێبکات. له‌کۆتایشدا هیچ نامێنێت کە دەستدرێژی ناحەزەکانیان ڕابگرێت. واته‌ ده‌وڵه‌تی کوردی بۆ پاراستنی بوون و زمانه‌ لە لەناوچوون و بۆ ڕزگارکردنی جوگرافیا لە دابەشبوون و بۆ پاراستنی شکۆ لە سەرشۆڕێتی.
به‌مشێوه‌یه‌ بەبێ دەوڵەت، هەموو پڕۆژەیەکی کوردی لەسەر نەخشەی ئەوانی تر تەنها دەبێتە (میوانێکی ڕەزا قورس)، کولتووری کوردی لە بۆتەی ناسیۆنالیزمی تورکی، فارسی، یان عەرەبیدا دەتوێتەوە.

 سیاسەتی کوردیی: بەخشندەیی لە سەردەمی دڕندەییدا
کوردەکان نەوت بۆ خۆیان نافرۆشن، بەڵکو بۆ ئەوەی بێدەنگی جەلادەکانیانی پێبکڕن. ئەوان هێزە چەکدارەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان بەکارناهێنن، بەڵکو بۆ پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانەی کە سەرکوتیان دەکەن. دەنگ بە نوێنەرە ڕاسته‌قینه‌کانیان نادەن، بەڵکو دەنگ بە هاوپەیمانێتییەک دەدەن، کە دواتر دەیانسوتێنێت. ئەمە چ میهرەبانی و بەخشندەییەکی سیاسییە؟ به‌دڵنییاییه‌وه‌ میهرەبانی، کاتێک لە سنوورەکانی خۆی تێدەپەڕێت، بۆ گەمژەیی دەگۆڕێت؟

 واز لە بەخشین بە گەلانی ستەمکار بهێنن!
با واز لە هەڵڕشتنی بەرهەمە ڕۆشنبیری و سیاسی و زانستییەکانی خۆمان بۆ نێو دەفرەکانی ئەوانی تر بهێنین. هاوکات با دەستبەرداری دووبارەکردنەوەی دەستەواژەکانی وەک: “با بەشێک بین لە پڕۆژەیەکی ناوچەیی.” بهێنین. چونکه‌ کورد پەراوێزێک نییە لە گێڕانەوەی ئەوانی تردا، بەڵکو گەلێکە کە مێژووی خۆی دەنووسێت و دەبێت خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، نەک بۆ ئەوەی لە کەس باڵاتر بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بژی. ئەگینا وەک گەلێک دەمێنێتەوە، کە شەرەفی ستەمدیدەیی هەڵدەگرێت و جگە لە بەزەییش شتێکی دیکە لە جیهان ناچنێتەوە!
بەزەیی پێداهاتنەوە...دەوڵەت بونیاد نانێت.

15/7/2025

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی