قەیرانی دارایی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی
فیدراڵی زۆربەی جار سەرهەڵدەداتەوە. بەڵام ئەمجارە ڕەهەندی نێودەوڵەتی ئاڵۆزتری هەیە،
بەتایبەتی هاتنە ناوەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان- بە شێوەیەکی سەرەکی ئەمریکا- لە قەیرانەکەدا،
وەک چاودێرێکی هۆشیار یان لە ڕێگەی کاریگەری ناڕاستەوخۆوە. واپێدەچێت واشنتۆن هەڵوێستێکی
هوشیار بگرێتەبەر، ترسی ئەوەی هەیە هەر دەستێوەردانێکی یەکلاکەرەوە یان فشارێک لەسەر
پرسی دابەشکردنی داهات لەقەیرانی داراییدا، بەتایبەتی داهاتی نەوت، هاوسەنگی لاوازی
هێز لەناو بەغدا تێکبدات. ئەمەش دەتوانێت دەرگای گێژاوی سیاسی زیاتر بکاتەوە و زیان
بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا بگەیەنێت. لە هەمان کاتدا واشنتۆن
ئاگادارە کە پەراوێزخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان هەڕەشەی لاوازکردنی یەکێک لە هاوبەشە
ناوخۆییە متمانە پێکراوەکانی دەکات لە عێراق.
بەرژەوەندییەکان لە دڵی هاوکێشەکەدا
کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان لە مێژە لە ڕیزی دیارترین
سوودمەندانی ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بوون، کە بە بەراورد لەگەڵ حکومەتی
ناوەند مەرجی ئیمتیازات پێشکەش دەکات. ئەم بەرژەوەندیانە بوونەتە گوشارێکی ناڕاستەوخۆ
لەسەر بڕیاردەرانی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری دارایی و سیاسی لە هەرێم،
یەتایبەتی لەڕێگەی هاندانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکانەوە، نەک سەپاندنی چارەسەری ڕاستەوخۆ.
ئەمەریکا داوای لە عێراق کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاربکات
بۆ چارەسەرکردنی "ناکۆکییە گرێبەستییەکان" وپێدانی پارە دواكەوتوەكانی کۆمپانیا
نەوتییە ئەمریکییەکانن کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن. هەولێر و
بەغدا دوای دوو ساڵ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، گفتوگۆی چڕیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی
نەوت کردووە. کۆمپانیاکان جەختیان لە پێویستی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی فەرمی کردووەتەوە
کە گەرەنتی ئەوە بکات کە پارەی تەواو بۆبەرهەمێنانی نەوت وهەروەها نەوتی ڕادەستکراو
پێدەدرێت.
هاوکێشەی بەستنەوەی ئاسایش و ئابووری
واشنتۆن درک بەوە دەکات کە تێکچوونی دۆخی دارایی ناوچەکە
نەک تەنها کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان هەیە، بەڵکو مەترسی لەسەر سەقامگیری ئەمنی لە
هەرێم دروست دەکات. بۆیە دەستێوەردانەکانی لە میکانیزمی دابەشکردنی داهاتدا تەنها دارایی
نییە، بەڵکو ئەمنی و ستراتیژیشە، لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە کە ئابوورییەکی سەقامگیر
ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوەی سیاسی دەکات و ئەگەری فراوانکردنی دەسەڵاتی ڕکابەرەکان لە
ناوچەكەدا کەم دەکاتەوە. ئەمریکا لە نێوان وریایی لە بەشداریکردن و پاراستنی کاریگەرییەکانی،
بەردەوامە لە داڕشتنی ڕێڕەوی نوێ بۆ هاوسەنگی داهات لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەبەشدریكردنی نوێنەریان لە كۆبونەوەكاندا،
لەسەر بنەمای هاندانی یەکلاکردنەوەی کاتی و دوورکەوتنەوە لە چارەسەرە ڕیشەییەکان، کە
دەتوانێت دەرگای ململانێی فراوانتر بکاتەوە.
ئەنجام
لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، هەرچەندە لایەنێکی ڕاستەوخۆی ناکۆکی
دارایی نییە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر هاوکێشەی دابەشکردنی داهات لە عێراقدا زۆر
گرنگە. لە غیابی چارەسەری ناوخۆیی ڕوون، دەنگی ئەمریکا بە کاریگەرترین شێوە دەمێنێتەوە
لە ڕێکخستنی خێرایی ئەم قەیرانە داراییەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی