ئۆجالان و وتە بەناوبانگەکەی سەید ڕەزا

12 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم


  
  لە زۆربەی ئەو دۆکۆمێنتانەی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە ئیمراڵیەوە بەناوی عەبدولڵا ئۆجالان دێنە دەرەوە، ئەوە دەبینرێت کە ئۆجالان لە خەباتی خۆیدا لە (شەڕ و ئاشتی) سەرسام بووە بە سەید ڕەزا، بەڵام  جیاواز لە سەید ڕەزا و شێخ سەعید، ئەو دەڵێت "کە من دەستم دایە ئەو یاخی بوونە، مەبەستی دامەزراندنی (PKK)یە،  من عەشیرەتم لە پشت نەبوو، پارەشمان نەبوو، بگرە چەند خوێندکارێکی زانکۆ بووین بەو پارەیە دەستمان پێکرد کە لە زانکۆ وەرمان دەگرت"
شایانی باسە، سەید ڕەزا،سەرمەشقی ڕاپەڕینی دێرسیمی کردووە دژ بە زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە ئۆجالان دوای 90 ساڵ لە لەسێدارەدانی شێخ ڕەزا، نموونە بە ووتەیەکی ئەو دەھێنێتەوە و کە کاتی لە سێدارەدانی بە دەوڵەتی تورکیا گووتبوو:-
" من سه‌ره‌ده‌ریم نه‌كرد له‌گه‌ڵ درۆ و ده‌له‌سه‌كانی ئێوه‌، با ئه‌وه‌ كه‌سه‌ر بێت بۆ من، بەڵام ئەوەش بزانن منیش له‌به‌رده‌م ئێوه‌ چۆكم دانه‌دا، با ئه‌وه‌ش كه‌سه‌ر بێت بۆ ئێوه‌".
ئاماژەدان بەو قسەیەی سەید ڕەزا لە لایەن ئۆجالان مانای خۆی ھەیە، زیاتر ھۆشدارییەکە کە نابێت دەوڵەت ھەوڵ بدات ھەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە. 
شایانی باسە، شێخ رەزای دێرسیم دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەستی دایە شۆڕش، بەڵام لە بەرامبەر بەرخۆدانی شۆڕشەکەی حکومەتی تورکیا هێرشی فراوانیان لە بەرامبەر شەڕڤانانی سەید ڕەزا ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی بە شەڕ کۆتایی بە شۆڕش بهێنن
بەو هۆیەشەوە حکومەتی تورکیا داوای دانوستانی کرد و بڕیاردرا لە شاری "ئەرزینگان" شاندی حکومەت و شاندی شۆڕش بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزا کۆببنەوە، بەرپرسانی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٧ دا ئەنجامدرا، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەکەیان دەستگیرکرد و بۆ شاری ئەلئەزیزی باکووری کوردستانیان بردن.

دەوڵەت بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ شێخ ڕەزا و کوڕەکەی دەرکرد، هەرچەندە سەید ڕەزا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بوو و یاسای ئەو کاتەی تورکیا رێگای بە لەسێدارەدانی نەدەدا، بەڵام بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەید ڕەزا لەسێدارەدرا.
 ئێستا ئۆجالان دوای 26 ساڵ لە دەستگیرکردنی لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکدا چۆتە ناو دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، گومانەکان لەسەر جددی نەبوونی لایەنی دەوڵەت بۆ چارەسەری پرسی کورد ھەمیشە مژاری دیدارەکانی ئیمڕالی  بوونە لە نێوان شاندی ئیمرالی و ئۆجالان.
ئۆجالان، جگە لەوەی بۆ بەرپرسانی دەوڵەت ھەمیشە ئاماژەی بەو قسەیەی سەید ڕەزا داوە، بۆ ئەوانەشی کە بە گوومانەوە لە پڕۆسەکە دەڕوانن گوتوویەتی:
 " کوردی ئێستا کوردی 100 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ نیە، ئەو وەک ئەوانی دیکە ھەڵناخەڵەتێنرێت"
ئۆجالان، بە ئەزموون وەرگرتن لە دانوستانەکانی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەم جارەیان بڕوای زۆری بە ئیرادەی خۆی و ھەڤاڵەکانی ھەیە، ئەو مەبەستیەتی ئەو پڕۆسەیە سەربکەوێت، کار لەسەر ھەموو ئەگەرەکان دەکات و دواین چاوەڕونیشی ئەوەیە کۆمسیۆنی چارەسەری پێک بێت و ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەو کۆمسیۆنە بکەوێتە گفتووگۆ و دانوستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی