ئەمڕۆ هەشت مانگە 97 ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سوێندی یاساییان خواردوەو تا نوسینی ئەم چەند سەرنجە، هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانیی نەكراوە.
+ ئەوەی لەدۆخی پەرلەمانی كوردستاندا دەگوزەرێت (بەتایبەتیی لەخولی شەشەمدا) بێڕێزییو سوكایەتییەكی گەورەیە بەم دامەزراوە باڵایەی یاسادانانو چاودێریكردن لەهەرێمی كوردستاندا.
+ ئێمە لەخولی پێنجەمی پەرلەماندا كە ئەندامی پەرلەمان بوین، هەشت پەرلەمانتار لەدادگای كارگێڕیی هەرێم سكاڵامان لەدژی هێشتنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان (بەكراوەیی) تۆماركرد، بەداخەوە هیچی لێ سەوز نەبوو، بەڵام دواتر لەماوەی نزیكەی سێ مانگدا، پارتیو یەكێتیی بڕیاریاندا دەستەی سەرۆكایەتییەكەی پەرلەمانو لیژنەكانی پەرلەمان هەڵبژێردرێنو كۆتایی بەو دۆخە نایاساییەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بهێنرێتو ئەمڕۆیش دوای هەشت مانگ، هێشتا "لوتف!"یان نەنواندوە؛ بۆ كۆتایهێنان بەم گاڵتەجاڕییەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
+ هەشت مانگی ڕابردوی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان؛ پێمانیدەڵێت: لەهەرێمی كوردستاندا، هیچ بەهایەك نەماوەتەوە بۆ ئەم دامەزراوە فەرمییەی هەرێم كە پارتیو یەكێتیی هەمیشە بەبەرهەمی خوێنی شەهیدانی ناودەبەنو هەر خۆیشیان سوكایەتیی بەم بەرهەمەی خوێنی شەهیدانەوە دەكەن.
+ مۆدێلی 34 ساڵی ڕابردوی بەڕێوەبردنی هەرێم لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە، مۆدێلێك بوە نەك بێڕێزیكردوە بەمیدیاو كاری ڕێكخراوەییو كاری حكومڕانییو سەروەریی یاسا، بەڵكو مۆدێلێك بوە؛ بەچەند ساڵێك بەرلەوەی هۆڵی پەرلەمان بە"مەیدانی حەیوانان" بشوبهێنرێت، كار لەسەر بێنرخكردنی ئەم دامەزراوەیەو بەشێكی زۆری دامەزراوەو ناوەندە گرنگەكانی بەرێوەبردنو بەزیندوهێشتنەوەی كۆمەڵگه كراوە، كە ئەمەیش درێژكراوەی ئەو مێژوەیە لەبێنرخكردن بەبەرهەمەكانی ڕاپەڕینو خوێنی شەهیدانو قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفالو كیمیابارانو ڕاگواستنی هەزاران گوند لەباشوری كوردستانو هەروەها نەبونی حكومڕانییەكی دروستو دامەزراوەییو جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومڕانیكردن لەیەكدیی.
+ ئەم مۆدێلەی زیاد لەسێ دەیەی حكومڕانیی هەرێمو دادۆشینی هاوڵاتیان بەناوی باجو دواتریش بڕینی نایاسایی موچەكانیانو سەركێشیكردن بەژیانیانەوە، جۆرێكە لەپوچگەرایی، وەك ئەوەی لەئەدەبی پوچگەرا (عبث)دا، لەدوای دوەمین جەنگی جیهانیی-یەوە سەریهەڵدا، كە هەر نائاساییەك دەكرێتە ئاساییو مۆدێلی حومكڕانییەكەی هەرێم-یش، هەر لەسەر ئەم پوچگەراییە كاریكردوەو پوچگەراییەكەی گەیشتوەتە ئاستێك:
ئاسایی بێت پەرلەمان دوای هەشت مانگ لەسوێندخواردنی ئەندامەكانی؛ دانیشتن نەكات.
ئاسایی بێت موچەخۆر نزیكەی 80 ڕۆژ موچە وەرنەگرێت.
ئاسایی بێت هەرێم ئامادەنەبێت 120 ملیار دینار بنێرێت بۆ بەغدا؛ بۆ ئەوەی نزیکەی ترلیۆنێك دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بۆ ڕەوانەبكرێت.
ئاسایی بێت دادگا نەتوانێت هەزاران دۆسێی تاڵانیی، كوشتن، دزیكردنو هەڕەشە...یەكلابكاتەوە.
ئاسایی بێت كوڕە میرو كوڕانی بنەماڵە بێ هیچ پۆستێك بڕیاردەرو كەسی یەكلاكەرەوەبن.
ئاسایی بێت نە میدیا ئەركی خۆی بكات، نە ڕێكخراوەكان، نە ڕێپێوانو خۆپیشاندانەكان.
دەیانو سەدان بابەتی دیكە لەسایەی ئەم حكومڕانییە پوچگەراییەدا ئاساییكراونەتەوە، كە ئەمەیش لەسەرخۆ كوشتنی ڕۆحی زیندوی كۆمەڵگهو دامەزراوە فەرمییەكانیو چاندنی ڕۆحییەتی پوچگەراییە؛ لەنێو زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگهی كوردیدا؛ لەباشوری كوردستانو بێنرخركردنی هەر هەنگاوێك؛ كە ئومێد ببەخشێت بەزیندوبونەوەو ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دۆخەی لەهەرێمی كوردستاندا دروستكراوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی