میری بێناونیشان

9 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە شێخ عەبدوڵڵا


پێش هەموو شتێک.. حزبییانە سەیری ئەم نووسینە کورتە مەکە و پاساوی حزبیی مەهێنەرەوە. من وەک هاووڵاتییەک کە زۆر تامەزرۆم حکومەت و دامەزاراوەیەکی کوردییم هەبێ تەماشا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم. بۆیە نامەوێ پارتییانە بیخوێنیتەوەو یەکێتییانە لەخۆتی دوور بخەیتەوە. تۆش وەک کوردێکی بێحکومەتی نادامەزاروەیی بە بنەماڵە و شەخسییکراو سەیری بکە.
هەرێمی کوردستان بووەتە شانشینێکی پارچەپارچەکراو بۆ چەند کەسێکی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی. کێشە گەورەکە ئەوەیە ئەم شانشینە لەتلەتکراوە  پڕیەتی لە میری بێناونیشان.
کاک مەسعوود بارزانی پەیام و ڕاگەیەنراوی هەیە، لەخواری خوارەوەی پەیامەکە تەنیا دەنووسێ: مەسعوود بارزانی ڕۆژی ئەوەندەی ئەوەندەی ساڵی ئەوەندەی ئەوەندە! 
ئاخر ئەم پەیام و ڕاگەیەنراوە وەکو چی وەربگرین و ئەرشیفی بکەین.. وەک سەرۆکی پارتی؟... وەک مەرجەعێکی قبوڵکراو؟ وەک چی ناونیشانێکی تر؟
ئەمڕۆ ئەم هەواڵە بڵاوکراوەتەوە: مەلامستەفا بارزانی سەردانی پارێزگای هەولێری کرد و لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە ڕەسمی پێشوازیی لێکراوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی پڕۆژەکان و  کێشەکان کراوە!
لە کۆنووسی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی مەلامستەفا و پارێزگاری هەولێر، بنووسرێت چی؟ مەلامستەفا وەزیری ئاوەدانکردنەوە یان نووسینگەی سەرۆکوەزیران؟ ئێ خۆ ئەمە ئەبێتە ئەرشیفی  ئیدارەیەکی گەورەی وەک پارێزگای هەولێر.
شەخسێکی بێناونیشان لەناو دەوڵەتدا،  بە چ دەسەڵاتێکەوە چووەتە ئەو شوێنە گرنگە و پارێزگار پێشوازیی لێکردووە؟
کێشەی هەرەگەورەی کورد لە کوردستانی عێراق ئەوەیە، نازانێ حوکمڕانیی و حوکمدارێتیی چیە، کەچی حوکمڕان و حوکمداریشە. دەسەڵات و کاریزمایی شەخس و خێڵ و بنەماڵە زۆر جیاوازە لە دەسەڵاتی ڕەسمیی و ئیدارە.
ئیدارە وردەکاریی و یاسایە، خەرجیی و بەدواداچوونە؛ لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندنە. هەموو ئەمانە بەگوێرەی یاسا دەسپێردرێن بە چەند کەسێک کە ناونیشانیان دیارە و بەرپرسن لەو هەموو وردەکارییە. بەس کە شەخسێک یان چەند شەخسێکی بێناونیشان لە دەرەوەی ئەو وردەکارییانە دێتە ناو بازنەکە، ئەمە پێی دەوترێ بێسەروبەرەیی و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە حکومییەکان!
هەر کاک مەسعوود نییە کە بێناونیشانە و قسەی دەوڵەتمەداران دەکات، کوڕەکەی و کوڕەزاکانی و کچەزاکانی هەموو ئەو شتانە دەکەن کە دەبێ دەوڵەتمەداران و کەسانی تەکلیفکراو ئەوە بکەن.
سەردانی دامەزراوە حکومییەکان دەکەن و لە کێشەکان دەکۆڵنەوە!
پێشوازیی لە خەڵک دەکەن کە کێشەی خراپیی یان کەمی خزمەتگوزارییان هەیە. دامەزراوە حکومییەکان ڕادەسپێرن بەزوویی ئەم کێشانە چارەسەر بکەن! بە چ ناونیشان و بەرپرسیاریەتییەکی ڕەسمیی؟ هــیچ!
مەسەلە ترسناکەکەی ئەم میرنشینییە لەتلەتکراوە ئەوەیە، هەر شانشینێکی بچکۆلە میرێکی بێناونیشانی هەیە حکومەتە بێدەسەڵاتکراوەکە بەڕێوە دەبات. لە پێنج تا دە ساڵی داهاتوو دەسەڵاتە ڕەهاکانی ئەم میرە بێناونیشانانە دەکێشن بەیەکدا و ئەوهەرێمە بچووکە جێی میرێکی تری تێدا نابێتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی