بەپێی راگەیەندراوێک، کە دەڵێن ساختەیە، ١٣٣ هۆزی عەرەبی لە سنووری دەسەڵاتی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە، رایانگەیاندووە: ئەگەر هەسەدە لەماەەی دیاریکراودا چەک دانەنێت، ئەوا هەڵوێستیان لە دژی دەبێت، دوای ئەوە ١٢ هۆزی سنووری رەققە و دێرەزوور بانگەوازێکی پێچەوانەیان بڵاوکردەوە و دەڵێن ئەوان بانگەوازەکە رەتدەکەنەوە.
لەڕاستیدا، هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە بانگەوازی ١٣٣ هۆزە عەرەبییەکە راستە یان نا، بەڵام بەپێی واقعی سیاسی و ئەمنی و لەگەڵ بەهێزبوونەوەی سوریادا، ئەو بانگەوازە ئەگەر هەمووشی راستی نەبێت، ئەوا ئەگەری زۆرە ببێتە راستی، چونکە:
یەک: هێزی هۆز، بەرژەوەندیی دەخاتە پێش هەڵوێستەوە، ئەوان بۆ مانەوەیان پشت بە توانای ماددی دەبەستن، ئەزموون دەریخستووە زۆرینەی کات و زۆربەی هۆزەکان لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەت بوونە.
دوو: هۆزە عەرەبییەکان بەناچاری لەژێر چەتری هەسەدەدان بۆ ئەوەی لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پارێزراوبن، کاتێک سوریای عەرەبی بەهێز ببێتەوە، ئەگەری زۆر ئەوەیە لە هەسەدە هەڵبگەڕێنەوە.
سێ: هۆزەکان خاوەن جیهانبینیی سیاسی نین، بەڵکو مانەوەی خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندیی زۆردا لا گرنگە، ئەوەیش لای دەسەڵاتی ناوەندی گرنگترە.
چوار: هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێ هۆزێکی عەرەبی ئەگەر توانای هەبێت بە دەسەڵاتێکی کوردی رازی ببێت، مەگەر هیچ دەرفەتێکی بۆ نەیەتە پێش.
پێنج: پیلانی گەورە لەسەر هەسەدە هەیە، راستە لەئێستادا ناتوانن بەهێز لاوازی بکەن، بەڵام هەوڵدەدەن بۆ بەکارهێنانی ئەو هۆزانە بۆ لاوازکردنی.
هەسەدە بەهێزە، بەڵام هەوڵی جدی هەیە بۆ لاوازکردنی، هەنگاوی یەکەم تێکەڵکردنێتی بە سوپای نوێی سوریا، سەرۆکی سوریا دەبێتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرمان دەکات، تورکیا هەیمەنەی زۆری لەسەر ئەحمەد شەرع هەیە، ئیتر وردە وردە گواستنەوە و جێگۆڕکێ دەستپێدەکات و ئەوەیش دیسپلینی سەربازییە، دەوڵەت لەسەرخۆ کارەکانی دەکات، مەترسییەکان ئەوکات گەورە دەبن هۆزەکان لەوە دڵنیابن دەتوانن بچنە پاڵ دەوڵەت و پارێزراویش دەبن.
هێزی هۆز، متمانەی نییە، بنەمای کارکردنی باوەڕ نییە، بەڵکو بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، لە باشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان نموونەی وا زۆرن کە هۆزەکان سەر بە دەوڵەتن و دژی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەیان دەجەنگن، ترس لەوەیە هەمان سیناریۆ و ئەزموونی هۆزەکان لە رۆژئاوای کوردستانیش دووبارە ببێتەوە، رێگەی دروست ئەوەیە هەسەدە هەڵگەڕانەوەی هۆزەکان لێی وەکو ئەگەرێکی بەهێز وەربگرێت و پلانی بۆی هەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی