سیاسەت‌و تیۆری ئەسپی تۆپیو لەهەرێمی کوردستان

07/08/2025

ئیسماعیل حاجی زەڵمی

میتافۆڕێکی گاڵتەجاڕانە هەیە، ئەوە ئاشکرادەکات کە مامەڵەکردنی هەندێک کەس لەگەڵ کێشەو گرفتەکاندا بەوێنەی دیمەنێکی شاراوە و فاڵگرتنەوە لای خەڵکی لێکبدرێتەوە.

ئەم کەسانە لەبری داننان بەشکست و پەسەندکردنی ڕاستییەکان چێژ لەوە وەردەگرن داهێنان بکەن لە دۆزینەوەی پاساوی جۆراو جۆر بۆ گرفتە سەرەکییەکانو خۆیان لادەن لە چارەسەریان!  لەڕاستیدا چارەسەر لەم جۆرە گرفتانەدا زۆر سادەیە ، چونکە پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت : کاتێک زانیت سواری ئەسپێکی تۆپێو بووی! دەسەبەجێ دابەزە. بەڵام ئەگەر سەرنجی سیاسەت و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە مەسەلەی ڕێککەوتنی بەغداد و هەناردەکرنەوەی نەوت بکەیت، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئێمە بە تێۆری ئەسپی تۆپیو حکومڕانی دەکەن.

به درێژەدانیان بە دەسەڵات و حکومڕانی شکستخواردوویان هەمیشە نوێگەری ئەم لە هێنانەوەی پاساوی نابەجێ و بئ ئەرزش لەبری دابەزین لەسەر ئەسپە تۆپیوەکە.

حکومڕانانی هەرێم زۆر شارەزان لە دۆزینەوەی پاساوی نابەجێ بۆ کردە سەقەتەکەیان!  هەربۆیە لەبری دابەزین لەسەر ئەسپە تۆپیوەکە، گرەو لەسەر گۆڕینی زینی ئەسپەکە دەکەن، یاخود هەندێکجار بەبیانووی نەبوونی هێزو کووڕی ئەسپەکە پێشنیاری پێدانی خواردنی جۆراوجۆری بۆ دەکەن، یان گومان لە چاپوکی ئەسپەکە دادەنێن و پێشنیاری گۆڕینی سوارێکی نوێی بۆ دەکەن، ناوە ناوەش ڕای شارەزایان وەر دەگرن و توێژەران بانگدەکەن و کۆڕو کۆنفرانسی زانستی لەسەر ساردو سڕی‌و کەمتوانایی ئەسپەکە سازبکەن، کاتێکیش دڵنیا دەبن کە ئەسپه‌کە تۆپیوە، بەڵام دانی پێدانانێن‌و داوای خولێکی ڕاهێنانی بۆ دەکەن‌و پێشنیازی بودجەیەکی زەبەلاحیشی بۆ دەکەن، هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنن تاکو قەناعەت بەخۆیان بهێنن ئەسپەکە نەمردوەو زیندوە، ئەوەی کە جوڵەی تیا نەماوە! خەوی لێکەوتوە، بۆ ئەم مەبەستەش داڕشتنەوە بۆ چەمکی مردوو و تۆپیو دەکەنەوە.

ئەمە واقعی جاری کاری سیاسی و دەوڵەنمەداری هەرێمی کوردستانە، هەمیشه دەسەڵاتدارانی هەرێم پیان خۆشە لە وەهمێکی ئاسودەدا بژین نەک ڕاستییەکی تاڵ، خوشیان باش دەزانن ئەم جۆرە کارکردنەیان گرەوکردنە لەسەر ئەسپێکی تۆپیو، بەردەوامیش کات و ماندوو بوون خەرج دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر ئەم تیۆرە بەردەوام بن.

بۆیە یەکەم دەروازەی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان ناسین و دیاریکردنی گرفتەکەیە و دابەزینە لەسەر پشتی ئەسپە تۆپیوەکە، چونکە دانیشتن بەدیاری ئەسپێکی تۆپیوە وە نامانگەیەنێتە هیچ ئەنجامێک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی