ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا و دیمەشق

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

فەقێ‌ قادری هەمەوەند شاعیرو نیشتمانپەروەری كورد
لە شیعرێكدا دەڵێت :
هەر كەسێ‌ بە تورك بكەرۆ باوەڕ
ئەحمەوق ئەوەیە لە من ئەحمەق تر
باوەڕكردن بە توركیا نەك بۆ كورد، بۆ هەر كەسێكی تر جۆرێكە لە خۆ كوژی ، توركیاو هاكان فیدان و ئاكەپەو گورگە بۆرەكان بە ئارەزوی خۆیان نەك هەر لە سوریا ، بگرە لە لیبیاو عێراق و قوبرس و ئازەربایجان و زۆر شوێنی تر دەستوەردان دەكەن و پەیوەندی كرمەڵگەی ئەو وڵاتانە تێكدەدەن ، كەچی هاكان فیدان كە لەوەتەی ئەسەد كەوتوە زیاتر لە پێنج جار چووەتە دیمەشق دێت و دەڵێت نابێت دەستوەردان لە سوریا بكرێت ، شەیبانیش بۆی دەسەنێتەوە، تێكەڵكردنی هەزاران تیرۆریستی ئەملاو ئەولا بە سوپای سوریا دەستوەردان نیە، بەڵام داكۆكی لە دروز و عەلەوی كە ڕۆژ نیە نەكوژرێن دەستوەردانە، ئەگەر چی دیمەشق و شەرع لە بەردەم توركیا لاوازو كەلەلان ، لە گەڵ ئەوەشدا لەمپەری بەردەمیان لە ڕێكەوتن لە گەڵ قەسەد توركیایە ، توركیا لەمپەرە لەبەردەم هەنگاوەكانی ئەمەریكاو فەڕەنساش لە سوریا ، لەمپەرە لە بەردەم دانیشتنی كوردو دیمەشق لە پاریس ، لەمپەرە لە بەردەم دانیشتنی تەلئەبیب و دیمەشق لە پاریس ، توركیا ڕوون و ڕەوان بە وانی دیكە دەڵێت یان من یاری چی سەرەكی هەمموو كایەكەم یان یاریەكە تێكدەدەم .
ئاوەزی ئێستای تورك هەمان ئاوەزی عوسمانیە بۆیە ناكرێت بە توركیا باوەڕ بكرێت هەر ئەوەی فەقێ‌ قادری هەمەوەند دەیڵێت كورد لە بارۆس لە تەك ئەوانی دیكەدا دەبێت پێداگری لە سەر دوو بژاردە بكات ، بژاردەی یەكەم لامەركەزی و خۆ بەڕێوەبەری و پاراستنی سەروەری هێزەكانی قەسەد، یان بژاردەی سەرو ئەمە تا فیدراڵی و كۆنفیدراڵی ، نەك ئەوەی توركیا وەك وەسی بڕیار لە چارەنووسی كوردو ئەوانی تر بدات لە ناو سوریا، هەڵبەت ئەركی هاوپەیمانی دژی داعش و ئەمەریكاو فەڕەنساشە ڕێز لە ویستی خەڵكی سوریاو بە تایبەت كورد بگرن و پشتگیریشی بكەن ، هەر ئەمەش سوریا بە یەكگرتووی دەهێڵێتەوە .
توركیا گەرەكیەتی شەرعێك دروست بكات سەبارەت كورد وەك خۆی ، بگرە خراپتر لە خۆی بیر بكاتەوەو بڕیار بدات ، هاندانی شەرع و حكومەتی كاتی دیمەشق بۆ ئەوەی لە هەموو دان و ستان و گفت و گۆیەكی كوردو دیمەشق بە چاودێری فەڕەنسا خۆیان بدزنەوەو بەشداری نەكەن، بەشێكە لەو سیاسەتە فاشیزمیەی كە توركلە گەڵ كورد پەیڕەوی دەكات ، ئەمە ڕقە دێرینەكەی توركە لە كوردی ئازادیخواز ، بۆیە ناكرێت بە هەر قسەیەكی دیمەشق و شەرع لە سایەی توركیادا باوەڕبكرێت و دەبێت كوردو ئەوانی تر بە ڕوونی داوای بڕین و كێشانەوەی دەستی توركیا بكەن لە سوریای ئێستادا ، پێویستە وەك چۆن توركیا هەرهەنگاوێكی دروز و عەلەوی و كورد بە دەستی دەرەوە ئاوێتە دەكات ، كوردو دروز و عەلەویش دەستوەردانەكانی توركیا كە دیارو ئاشكران شەرمەزار بكەن و داوا لە كۆمەڵی نێو دەوڵەتی بكەن سنورێكی بۆ دابنرێت .
توركیا نەدەیەوێت دیمەشق سەربەخۆ بێت ، نەگەرەكیەتی ڕێبدا پێكهاتەكانی سوریا دور لە بڕیارو دەستوەردانی ئەو بگەنە ڕێكەوتن ، بۆیە ئەركی دیمەشق و شەرعیشە ئەو ڕاستیە بزانن، ئێستا پێكهاتەكانی ناوخۆ بۆ دیمەشق گرنگن یان ئەنقەرە، سعودیەو ئەردەن و وڵاتە عەرەبیە هاوكارو یارمەتیدەرەكان گرنگن یان توركیا كە بە دوای دەسكەوت و بەرژەوەندی خۆیەوەیەتی لە سوریا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی