دوای زیاتر لە 3 ساڵ و لەئاداری 2022 لەشەڕو ماڵوێرانیی،
پێدەچێت دوای رێككەوتنی ترەمپ و پۆتن، زیلنسكی رازی ببێت بە دەستبەرداربوونی بەشێك
لەخاكی ئۆكراین و ناچار بەراگرتنی شەڕ ببێت، چونكە وڵاتەكەی تواناو بڕستی لێبڕاوەو
ئەمریكاش بۆ بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ روسیا شەڕ راگرتن و ئاشتی بەسەر ئۆكراین دەسەپێنێت،
بەڵام هێشتا روسیا رازی نییە، دەڵێت دەبێ ئۆكراین پەیمان بدات كە ناچێتە ناو پەیمانی
ناتۆ!
ئەم شەڕ راگرتنە لەكاتێكدایە كە ئۆكراین بەشێك لەخاكەكەی
لەدەستداو زیاتر لە 70 هەزار كوژراو و 400 هەزار بریندارو زیانی ماددی زیاتر لە
600 ملیار دۆلارو 370 ملیار زیانی ئابوریی و دواتر وێرانبوونی ئەو وڵاتەو ئاوارەبوونی
ملیۆنان هاوڵاتیی ئۆكراینی بۆ ئەوروپاو دەوروبەر، لەهەمووی خراپتر ناچاربوونی بەئیمزاكردنی
رێككەوتنێك لەگەڵ ئەمریكا كە كۆمپانیاكانی ئەمریكا سەرپشكدەكات لەسەرمایەگوزاریی لەتەواوی
كانزاكانی خاكی ئۆكراین و لەقازانجی ئەو سەرمایەگوزارییە تەنها لە 50% دەدرێتە ئۆكراین.
ئەم هەموو زیانە هەشبەسەربوونی ئۆكراین لەپای توندڕەویی
و گوێنەگرتنی كەمینەی حوكمڕان بوو كە غرور گرتبوونی و ناواقعیانە مامەڵەیان كرد، سەرئەنجام
بەشێك لەخاكەكەیان لەدەستداو سەدان ملیار زیانی ماددی ئابوریی و ماڵوێرانیی، لەهەموویشی
خراپتر دواجار بەومەرجەش رازی دەبن كە نابێت بچنە پەیمانی ناتۆوە! ئەمە لەكاتێكدا
ئەگەر لەسەرەتاوە بەمەرجی روسیا رازیبونایە نەچنە ناتۆ توشی ئەم گرفتارییە نەدەبوون.
غەززە
بەر لە دوو ساڵ و لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 لەشەوێكی ئەنگوستەچاو
بزوتنەوەی حەماسی ئیسلامیی لەغەززەوە پەلاماری ئیسرائیلدا، لەیەك شەو 1200 كەسیان
كوشت و 250 كەسێكیان بەدیل گواستەوە غەززەو نزیكەی 3 هەزار كەسیش برینداربوون! بۆ
رۆژی دواتر بووە هەلهەلەو هەڵپەڕكێ لەبەشێك لەمیدیا عەرەبییەكان و لێدوانی توندتر
بەرامبەر ئیسرائیل دەدرا بێئاگا لەوەی ئەم كردەوەی حەماس ماڵوێرانیەكی زۆر گەورەی
بەدواوەیە.
دوای ئەم پەلامارە، ئیسرائیل بەهەرچی توانای سەربازیی خۆیەوە
دەستی بەپەلامارێكی بەرفراوانكرد، زۆر بێویژدانانە كەوتە گیانی خەڵكی غەززە، جگە لەكوشتنی
هەزاران كەس لەكادرو سەركردایەتی خودی حەماس، دەیان هەزار خەڵكی مەدەنی كوشت و غەززەی
بەتەواوی تەخت و وێرانكرد. دانیشتوانی غەززە رووبەرووی برسێتیەك كردۆتەوە، رەنگە لەمێژووی
مرۆڤایەتی وێنەی نەبووبێت! هەموو ئەوەی رویدا بەهۆی غرورو توندڕەویی و ناواقعیبوونی
سەركردایەتی حەماس بوو كە لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و دوو وێنەو هەواڵی تۆڕی كۆمەڵایەتیی
بەسەر خەڵكی غەززەیان هێنا. ئێستاش هەرچی دەیكەن ناتوانن خۆیان لەم مەرگەساتە
رزگاربكەن، چونكە هەموو دەرگاكانیان لێ داخراوەو رەنگە تەواوی خاكی غەززە بۆ هەتا
هەتایە لەدەستبدەن.
هەرێم و راپرسیەكەی
بەر لە 8 ساڵ و بەدیاریكراوی لە سەرەتای 2017 بەهۆی بەشداری كورد لە شەڕی دژ بەداعش و تیرۆر،
هەرێمی كوردستان گەیشتبووە ترۆپكی گرنگیپێدانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. رۆژانە لێپرسراوانی
باڵای ئەمریكا دەهاتن و كوردستان ببووە سەنتەرێكی گرنگ لەناوچەكە، ئیدی سەركردایەتی
بڕیاردەر لەهەرێمی كوردستان بڕیاری پرۆژەیەكی ناوەخت و پێنەگەیشتوویدا كە ریفراندۆم
بوو. سەرباری تكاو خۆدەخیلكردنی خێرخوایانی ناوخۆو ئامۆژگاریی و داوكاریی وڵاتانی
دەوروبەرو وڵاتانی بڕیاردەر وەك ئەمریكاو بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بڕیاردەران
پەشیمان نەبوونەوە، سەرئەنجام دوای راپرسیەكە بەچەند رۆژێك، دۆخی هەرێمی كوردستان
نەك پاشەكشەی كرد، بگرە رووبەرووی پەلامارێكی سەربازیی سەرتاسەری بوویەوەو كەركوك
و بەنزیكەی نیوەی خاكی كوردستان لەرووی سەربازییەوە لەدەستداو دۆخی هەرێم لەرووی سیاسی
و ئابوریی و دیبلۆماتیەوە پاشەكشەیەكی زۆر خیراو خراپی كرد و تائێستاش بەردەوامە.
لەهەمووی جگە لەنەمانی تەوافوق و سازانی ناوخۆ، پەرلەمان داخراوەو هەرچی دامەزراوەی
حوكمڕانیی هەیە هیچ ئەرزش و شەرعیەتێكی نەماوەو پێناس و چوارچێوەی هیچ قانون و یاسایەك
ئەم حوكمڕانیەی هەرێم لەخۆناگرێت و هەر لەپاشەكشەیە.
ئەو نمونانەم بۆیە هێنایەوە، دەمەوێ بڵێیم سیاسەتكردن
بریتیی نییە لەعینادیی و موزایەدەی قەومیی و دروشمبازیی حزبیی. سیاسەت بۆ حزب و بۆ
سەركردە، بریتیە لەهەوڵدان بۆ مسۆگەركردن و دابینكردنی بەرژەوەندی میللەت، بریتیە
لەهەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجەكان بەلەبەرچاوگرتنی واقع توانای بەدیهێنان.
سیاسەت بریتی نییە لەموجازەفەو ریسككردن بەچارەنوسی میللەت، لەبری گەیشتن بەئامانج،
خەسارەتی گەورەو هەشبەسەری بەسەر میللەت بهێنرێت، بەڵكو سیاسەت بریتیە لەقوربانیدان
بۆ گەیشتن بەئامانج.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی