ئەو ئیجماعو کۆنەستو ئیرادەو دڵسۆزیەی دروستبوو بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجە، لەحکومەتو پەرلەمانو میدیاکارانو چینو توێژەکانو کەسایەتیەکانو تیمە خۆبەخشەکان، تا دەگاتە وەزیفەو کاری مەیدانیو بەرپرسیارانەی بەڕێزان پارێزگارو قائیمقامی هەڵەبجە کە بەشێوەیەکی نەسرەوتو دڵسۆزو خەمخۆر، لەناوجەرگەی ڕوداوەکاندابون لەگەڵ تیمی خۆبەخشو پۆلیسی فریاکەوتنو ئەهلو عەشرەت، تاکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە شەووڕۆژ لەوێبون، گرنگە وانەو پەندی ئەخلاقیو سیاسیی لێوەرگرینو بۆ هەڵەبجەش سەرمایەگوزاریی مرۆییو مەعنەویی پێوەبکەین.
لێرەوە پێشنیازدەکەم (جەنابی پارێزگار نوخشە ناسیح) هەر بەو مۆتیڤو ئیحساسە بەرزەوە لەگەڵ تیمەکەی، نەوەستێو بچێتە بەغداو ڕاسپاردەو زیانو دەرخستەکانی ئەم کارەساتەو کۆی خەمو ژانو ئازارو داواکاریەکانی تری پارێزگاکەی بگەیەنێتە دەسەڵاتدارانو لایەنی جێبەجێکارو یاسادانەرانی عێراق تا جارێکی تر ئەم ڕوداوانە دروستنەبنەوە.
ناوچەی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای هەڵەبجە لەسازانەوە بۆ نەیجەڵەو تلێوەرێو چنارو مۆردینو لمەو پێگەو ئاوەمارو قوڵی متکان تابەری سیروانو مەڕەخێڵ ناوچەگەلێکی فراوانی گرتەوە کە گەشتیارییو سروشتییو کشتوکاڵین، بەشی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراقەو ئەوان دیدەوانیی دەکەنو حوکمی دەکەن.
ناوچەیەکی سەختو شاخاوییو گەرمەسێرە، پڕلەوزەو سەوزاییو سەرچاوەی بەرهەمو بژێویی جوتیارانو ئاژەڵدارانەو بەسامانێکی میللی سروشتی دادەنرێت، ئێستا ئەو هەموە زیانەی بەرکەوتوە، دەبێ بۆ سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی داوای قەرەبوو لەحکومەتی عێراقی بکرێتو پابەندبکرێ بەخێرایی بەدەم قوربانیەکانەوە بێنو بەیاساو بودجەی عێراق قەرەبوی زیانەکانی پارێزگای نۆزدەهەم بکەنەوە، کە بەدەرەجەی یەکەم ئەرکی حکومەتی مەرکەزییە ئینجا حکومەتی هەرێم کە نازانرێ بۆچی هێشتا تەندەرین بۆ دەستپێکردنی جادەی سازان هەڵەبجە ناکەنو بڕیاری کۆتایی نادەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە کە دەمێکە فەرمانە وەزاریەکەی دەرچوە.
پاشان پەرلەمانتارو مەندوبەکانی کورد لەبری وێنەگرتنو بروسکەی هاوخەمی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پێویستە هەرچی زوترە پڕۆژەیەک بۆئەو مەبەستە ئامادەبکەنو پاڵپشتی ڕاسپاردەو داواکاریەکانی پارێزگا تازەکەبن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو داوای قەرەبوی زیانە ماڵیو ڕۆحیەکان بکەنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەگشتیی.
دەسەڵاتی مەرکەزیی عێراق لەبری پڕۆژەی سەوزکردنو خزمەتی ژینگەییو ئاوەدانکردنەوەی دارستانو پاوانو ڕەزو باخو دەوەنو مەرعاو لەوەڕگاکانی کوردستان چەندساڵێکە بێ هیچ پلانێک دەستیکردوە بەپرۆسەی بەسەربازیکردنو تەجنیدی نهێنییو ئاشکرا لەسنورە شاخاویەکانی کوردستان، شاخو چیاکانی پشتەوە لەباڵامبۆ تا شنروێو بەفری میریو هەورامانو شاخی شەرامو ڕەنگینو ئاسۆس بەشێکە لەو ستراتیژو پلانەو تەلبەندکراوەو دیدی عەسکەریزم برەو پێئەدات وەک سەردەمی حەرەس قەومیەکانو زەعیم سدیق تادەگات بەهەژمونگەریی بەعسیەکان.
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق، سوپاو فەرماندەییەکی وەک پاسەوانی سنور دروستکردوە لەو ناوچانە، دەبێ لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکانیش بێ کاتێک ڕوداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوە ڕودەداتو دەبێ لەبری کڵاشینکۆفو تەلی دڕکاویی بێکەڵک کەرەستەی ئاگرکوژانەوەو تیمی فریاگوزارییو تەنانەت هەلیکۆپتەری ئاگرکوژانەوەو ئۆتۆمبیلو ئەمبوڵانسی تایبەتو شاخاوی بخاتە بەردەستیان وەک هێزی فریاگوزاریی ئامادە تا ناوچەکان ئارامو سەلامەت بنو ژینگەی کوردستان بەپارێزراویی بمێنێتەوەو سەدان باخو بێستانو ڕەزو دارودەوەنو مێرگو سەوزاییو مۆڵەگایەلو ئاژەڵداریی بەوجۆرە زیانیان پێنەگات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی