ئەتەکێتی خەڵات بەخشین و وەرگرتن

3 کاتژمێر پێش ئێستا

فازیل شـەوڕۆ


سرووشتی مرۆڤ، نەگوڕە وهەر وابووە، حەز بە ستایش و پێداگوتن و باڵاکردن دەکات. لەسەردەمە دێرینەکان و سەردەمی کشتوکاڵیدا بەخشین و خەڵات هەر خۆراک و ئاژەڵ بەخشین بووە.

کە ئاغا و کوێخوایەتی لە ناو کۆمەڵ چەکەری کرد، شێوازی خەڵاتەکان پتر بۆ ئەو کویلە و پیاوکوژ و خەرمان سووتێنەرانەبوون کە فرمانی گەورەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد.
سەردەمی گەشەکردنی پیشەسازی، تا خاوەن کارخانە و فابریقەکان، دەستکەوت و قازانجیان پتر بێ، کریکارە دەستڕەنگینەکانیان خەڵات دەکرد، بەتایبەتی کە مرۆڤ دراوی داهێنا.
دەکرێ بڵێین لە دوای سەدەی حەڤدەمەوە، لە ڕۆژاوادا، زانا وداهێنەرکان ، بۆ هاندانی پتر، خەڵات دەکران، ئەمیش یەکەم گۆڕانکاری بوو لە شێوازی خەڵاتکردن.

ئیمڕۆ، دەبینین، دەیان جۆرە خەڵات هەیە، ماددی و مەعنەوی، جار هەیە، تاقمێک، دێیەک، یان شارێک، نازناو و خەڵاتی پێشکەش دەکرێ، بۆنەکان و تەدارەکی خەڵاتبەخشین فرەجۆرن.

دەکرێ بڵێین ٣ جۆرە خەڵات هەیە:
• خەڵاتی ماددی، وک پارە و پوول و شتی بەنرخ.
• خەڵاتی نووسرا و و ئاڕم و قەڵغان و مەدالیا.
• خەڵاتی نەمریی بۆ نەوانەی نەماون یان قارەمانییەکیان نواندوە.

خانەوادە هەیە، نەوە دوای نەوە، خەڵات دەیارێزیت و شانازی پێوە دەکات. هەشە بە برە پارایەکی خەیاڵی دەیفرۆشێتەوە لە مەزاتخانە گەورەکاندا، لە تەماحی پارە.
خەڵات جیاوازە لەگەڵ دیاری.

ئێمڕۆ، دەکرێ بڵێین رۆژانە لە بۆنەکاندا - فەرمی و نافەرمی، دەبینین، کەس و لایەن هەنە، خەڵات و ڕیزلێنان دەبەخشن و خەڵاتکراویش بە بەرچاوی ئامادەبووان، وەریدەگرێ.
بەداخەوە، زۆربەی ڕێوڕەسمی ، ئەم خەڵات بەخشین و وەرگرتنەی کوردەواری ئیمڕۆ، جێ پێکەنینە، بە پێخواستی و بازاڕیی، ئەدا دەکرێ، جار هەیە لە باخچەی ساوایانەوە تا نووسینگەی سەرۆککۆمار و وەزیر و سەرۆک زانکۆ، لە لانەن پیاوە گەورەکانەوە، بە نەزانی، ئەم بۆنەیە بەڕێوەدەچێت و ئەوەی ئەتەکێتە بزانێت، دڵی پێ دەگیرێت.
ئەتەکێتی فەرمی بەخشین و وەرگرتنی خەڵات ، زۆربەیجار، بەم شێوە بەڕێوەدەچێت:

یەک: باشترە خەلاتبەخش و خەلاتوەرگر، پێشوەخت ئاگادار بکرێنەوە، گەر بۆنەکە هی ئەوە نەبێ موفاجەئەی تێدا بێت.
دوو: باشترە، ڕێوڕەسمەکە لە کۆتایی، یان هێندیجار، لە ناوەندی بۆنەکە بەڕێوە بچێت. نابی لە سەرەتا و دەستپێک بێت.
سێ: پێشکەشکار، بە ڕووێکی خۆش ناوی خەڵاتبەخش و خەڵاتوەرگر، بەبێ هەڵەی زمانەوانی، دەخوێنێتەوە ، لەگەڵ ئاماژەکردن بە خەڵاتەکە و بۆنەکە، هی کێیە و لە پای چییە.
چوار: لە پێشدا خەڵاتبەخش ناوی دەخوێندرێتەوە، گەر بکرێت باشتر کەسێک ببێتە یاوەری تا نزیک سەکۆکە، تا بزانێ لەکام لاوە بچێتە سەر سەکۆکە.
پێنج: خەڵاتبەخش بە ڕووێکی خۆش و ڕاوەستانێکی قیتو قنج، لە ناوەندی سەکۆکە ڕوو لە ئامادەبووان ڕادەوەستێ.
شەش: خەڵاتوەرگر دەچێتە سەر سەکۆ، دەبێ خەڵاتبەخش لای ڕاستی ئامادەبووان ڕاوەستێ، واتا شانی ، دەکەوێتە لای چەپی بینەران. خەڵاتوەرگر دەبێ لە لای چەپی بینەران ڕاوەستی، واتا شانی ڕاستی، دەکەوێتە لای بینەران.
حەوت: نابێ خەڵاتوەرگر، لە پشتی خەڵاتبەخشەوە بچێتە سەر سەکۆ، دەبێ ڕووی لەو بێت.
هەشت: خەڵایبەخش، بە ڕوو خۆشیەوە دەست درێژدەکات و تەوقە لەگەڵ خەڵاتوەرگر دەکات.
نۆ: خەڵاتبەخش، بەدەستی چەپی خەڵاتەکە وەردەگرێ و دەیداتە دەستی چەپی خەڵاتوەرگر.
دە: لەکاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە، دەبێ هەردووکیان دەستیان هەر لەناو دەستی یەکتر بێت. واتە دوو دەست بۆ تەقە، دوو دەست بۆ خەڵاتەکە، لەیەک کاتدا.
یانزدە: گەر وینەگرتن هەبوو، هەردووکیان بە چوار دەست خەڵاتەکە، دەگرن و بە ڕووخۆشیەوە، ڕوو لە کامیرەمان ڕادەوستن.
دوانزدە: گەر خەڵاتوەرگر، ویستی قسە بکات، کە دەچیتە لای مایکەکە، دەبێ خەڵاتەکەی بە هەردوو دەستی بکرێت و نیشانی ئامدەبووانی بدات و لە کاتی وتارەکەی نابێ خەڵاتەکە دابنێت.
سێنزدە: جوانتر لە کۆتا هەنگاودا، خەڵاتبەخش، ڕێ نیشانی خەڵاتوەرگر بدا و داوی لێبکات، سەر سەکۆیەکە بەجێ بهێڵێت. نابێ خەلاتبەخش، خەڵاتوەرگر بە تەنیا بەجێبهێڵێت.

پیرۆزبێ، ئەو خەڵاتانەی کە شایستەن، بۆ کەسانی شایستە، لە لایەن کەس و دەزگای شایستە.
شاسوار هەرشەمیی قەڵەم جوانیش دەنووسێت:
"چونکە ئێوە بە وردی و جوان شێواز و ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتتان ڕوونکردەوە، منیش پێمخۆشە تیلکی تێبخەم و ڕیشەی وشەی (خەڵات) ڕوونبکەمە:
وشەی خەڵات لە زمانی کوردییدا لە جیاتی پاداش کردن و پاداش وەرگرتن، یان پێدان بەکار دێت، لە بری کارێکی ناوازە یان ڕۆڵێکی گرنگ، یاخود سەرکەوتن و بردنەوە لە خول و کێبەڕکێ و ڕکەبەریدا.
وشەکە لە بنەڕەتدا لە عارەبیی وەگیراوە و پەیوەندیشی بە نەریتێکی سەدەکانی ناوەڕاستەوە ھەیە. لە سەردەمی دەستەڵاتی عەباسییەکاندا، دواتریش شاکانی ئێران و میرە کوردەکان، خەڵات کردنی سەردار و سەرلەشکر و سەرۆک خێڵ و دەستەڵاتدارانی ناوچەیی باو بوو، وەکو پاداشی ئەو کار و خزمەتانەی، کە بۆ میر و دەستەڵاتدار کردوویانە.

خەڵات بریتی بوو لە بەخشینی دراو و زێر و ئەسپ. ھەروەھا دەرکردنی فه‌رمانی دەستەڵات پێدان و بەڕێوەبردنی ناوچەیەک.

لە تەک ئەمانەدا، ھەندێ کەس، وەکو ڕێز لێنانێکی پتر، خەڵاتێکی سیمبولی تایبەتیان لە خودی پاشاوە پێدەدرا، کە بەمجۆرە بوو:-
پاشا کەواکەی بەری (کە ئەو ڕۆژە بە تایبەت بۆ بەخشین دەیپۆشێت) دادەکەنێ و لە ڕێورەسمێکی تایبەتیدا، دەیخاتە سەر شانی خەڵات وەرگرەکە. بەم کارە دەگوترا (خەلعەت)، کە وەک دیارە وشەکە عارەبییە و واتای (داکەندن)ی جلک و بەرگ، یان ڕووتبوونەوە دەگەیەنێت. لەبەر نەبوون و دەرنەبڕینی پیتی (ع)، بە زمانی کوردیی، بەمکارە دەگوترا (خەڵات).
بەمجۆرە وشەی خەڵات بەرە بەرە لە بەخشینی کەوای فه‌رمانڕەواوە، لەجیاتی پاداشت بەکارھات.
وشەکە لە شیعری کلاسیکدا، بە ھەردوو شێوەی (خەلعەت) و خەڵات بەکار هاتووە، بە ھەمان واتاوە.
نالی دەڵێت:
 قوربانی بیلالم، کە ھیلالانە ھەڵاتووم
ھەر عەفوە خەڵاتم.

 دیسان دەڵێت:
خەلعەتێ تەشریفی هەرکەس بێ چییە غەیری کفن.
 هەر ئەوە هەم فاخیرە و بۆ ئاخیرە و یەکجارییە.

ھەر بە ھەمان واتاوە سالم دەڵێت:
شەرەف و خەلعەتی خاست، بە قەدەر کوللی جیھان
 بۆ قامەتی ھەر کەس، چ تەویل و چ قەسیر."














ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی