دوای ئەوەی دڵسۆزانم چاكی مەردیان لێكرد بە لاداو بەقەد لیژنەكانی باڵای ئاشتی نێوان هەردوو حزبی شەڕی ناوخۆی هەرێم، بە من و ناسكەی خێزانمەوە ماندوو بوون، پەیوەندییەكانمان ئاسایی بوونەوە، من و ناسكە بڕیارماندا گەرمتر لە جاران یەكتریمان خۆش بوێت و بچینە سەربانیژی زستان و دەستوپێی تەزیومان وەگۆبێنینەوە.
دوێنێ ئێوارە لە ماڵەوە خەریكی نووسین بووم، لەپڕ ناسكە خۆی كرد بەژوورەوەدا، سەرەتا وەخت بوو زراوم بڕژێت و وەمزانی دیسان پەلامارم دەدا، ئێ خۆشتان دەزانن خۆ منیش ترسنۆك و دەست و پێ سپی نیم و هەڵبەت دەستم دەكردەوە، بەڵام دەستێكم مۆبایل بوو دەستەكەی تریشم لەترسی لێدانی ناسكە خستبووە سەرسەرم، تۆ پێم بڵێ لەوحاڵەتەدا بەچی شەڕم بكردبایە؟!
ناسكە گوتی پیاوەكە خەریكی چی؟ گوتم خەریكی نووسینێكم لەسەر خۆشەویستی، گوتی واز لە خۆشەویستی بهێنە، لەسەر سیاسییەكان بنووسە، گوتم چیان لەسەر بنووسم، ناسكەخان؟
گوتی بنووسە بەشێك لە سیاسییەكانی وڵاتەكەم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ئەوە دەڵێن كە خەڵك دڵی پێ خۆشە و، لە سەرزەمینی واقیعیش ئەوە دەكەن كە خۆیان پێیان خۆشە.
خواخوام بوو ناسكە ڕازی بێت و تخوونی من نەكەوێت، بۆیە گوتم چیتر؟ گوتی بنووسە دوژمنانی كورد كوردستانیان دابەش كرد، سیاسییەكانیش میللەتیان دابەش كرد، گوتم چیتر؟ گوتی سیاسییەكانی وڵات، حزبیان لە حزب خستووەو كردویانەتە چواچێوەیەك بۆ حزبایەتییەكی وشك و ئیفلیجكردنی ڕەخنە و هەموو جۆرێكی بیركردنەوە. گوتم چیتر؟ گوتی بنووسە سیاسی هەیە لەناو پزدانی گەندەڵی چاوی هەڵهێناوە و بۆتە خاوەنی هەموو شتێك و كەچی لەبەردەم ڕای گشتیدا ئاڵای دژایەتیكردنی گەندەڵی هەڵگرتووە و، سەرچۆپی كێشی دژی گەندەڵیشە، گوتم چیتر؟ گوتی بنووسە سیاسی هەیە وەكو داعشە، گوتم ناسكەخان دەستم دامێنت چۆن شتی وادەبێت؟
كەچی گوتی با دەبی بۆ نابێ؟ ئاخر سیاسییەكان خۆیان گەندەڵی دەكەن و كەچی دەشڵێن لیژنەمان پێكهێناوە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، داعشیش خەلكی سەردەبڕی لەسەر ئەوەی گوایە لایەنگری ئەمەریكان، كەچی هەرداعش خۆی دۆلاری چاوشینی ئەمەریكی دەخستە تەنكەی گیرفانی. گوتم ناسكە بۆ خاتری خوا وازبێنە چۆن ئەوە بنووسم؟ ئاخر دەترسم ماڵم كاول بێت و خاكەساربم و وێڵ و ئاوارەی سەرجادە و كۆڵان بم، بەڵام ناسكە دیسان پێی لە كەوشان گیركردو گوتی قسە مەكە، ئەوەی پێت دەڵێم ئەوە بنووسە ئەگینا لیژنەت لەسەر دروست دەكەم، گوتم خانم دیسان لیژنەی چی لە ڕاهی خوا؟
گوتی ئاخر تۆش تەمەنی زۆرت لەناو دنیای سیاسەت بەسەر بردووە كێ ناڵێت ئەوكاتەی گەنج بووی لە كوچە و كۆڵانی شار، یان لە زانكۆ كچێكت خۆشنەویستووە؟! منیش خەریك بوو لە ترسان زراوم بڕژێ، بۆیەش ئەوەم نووسی كە ئەو ویستی، ئاخر خوێنەری ئازیز بڕوا بكەن لیژنەی ناسكە لە عەزابی قەبر ناخۆشترە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی