هاکان فیدان، ئامانجی هێرشی لایەنگر و نەیار لە تورکیا

4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


پێشەکی
لە دیمەنى سیاسی تورکیادا کەم کەس وەک هاکان فیدان خاوەن پێگەیەکى گرنگى سیاسییە. فیدان لە سەردەمی گرتنە دەستى ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) تا بوون بە وەزیری دەرەوە، بووەتە یەکێک لە پایە دیارەکانی دەوڵەتی تورکیا، تا ئەو ڕادەیەی کە لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوە وەک کەسێکى بەهێز و یەکلاکەرەوە تەماشا دەکرێت. ئەو لە ناوەندی هەستیارترین بابەتەکاندایە: ململانێی ناوخۆی کورد، قەیرانی سوریا، پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕوسیا. ئەم پێگەیەى فیدان بووەتە ئامانجی ڕەخنە و هێرش لە لایەنە جیاوازەکانەوە: لە کوردەوە کە وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیری سیاسەتەکانی دەکات، تا دەگاتە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی کە پارتی کۆماری گەلی گەل (جەهەپە) نوێنەرایەتی دەکات، کە هەوڵ دەدات وەک هێمای نهێنی و پاوانخوازی پیشانی بدات، تا دەگاتە هەندێک گرژی لەناو خودی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)دا.
بۆچی هاکان فیدان بووەتە ئامانجێکی هاوبەش هەم بۆ لایەنگران و هەم بۆ نەیاران لە تورکیا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، شیکاری بۆ پیشەی ئەمنی و سیاسی و هەڵوێستەکانی لەسەر پرسی سوریا و کورد دەکەین و کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی و دواجار هەڵوێستی لە چوارچێوەی هاوکێشەی دەسەڵات لەناو پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لە سەردەمی دوای ئەردۆغاندا شی دەکەینەوە.
بەشی یەکەم: پاشخانی سیاسی و ئەمنی فیدان
هاکان فیدان لە ساڵی ١٩٦٨ لە ئەنقەرە لە دایکبووە و دەستی بە کاری سەربازی کردووە پێش ئەوەی دواتر بچێتە بواری خوێندنی ئەمنی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بوونى بە بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی (MIT) لە ساڵی ٢٠١٠دا خاڵی وەرچەرخانێکی سەرەکی بوو، چونکە دەزگاکەی دروستکردەوە و ڕۆڵی خۆی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوە، بەتایبەتی لە دۆسێکانى سوریا و عێراق و لیبیا.
زۆرێک لە چاودێران فیدان وەک کەسایەتییەکی زۆر نزیک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار دەبینن. ڕۆڵی ئەو تەنیا لە کۆکردنەوەی زانیاری ئەمنیدا سنووردار نەبووە، ئەو یەکێک بووە لە تەلارسازەکانی سیاسەتی دەرەوە بە پێکهاتەیەکی هەواڵگری، کە کاری دیپلۆماسی و ئەمنی تێکەڵ بەیەککرد.
گواستنەوەی لە بەرپرسی هەواڵگرییەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ تەنیا گۆڕینی پۆستەکان نەبوو؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی مەیلی ئەردۆغان بوو بۆ ئەوەی سیمایەکی ئەمنی-ستراتیژی بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ببەخشێت. بەم مانایە، لە ژێر سەرکردایەتی فیدان، وەزارەتی دەرەوە بوو بە درێژکراوەیەکی سروشتیی دەزگای هەواڵگری و وێنەی ئەو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات زیاتر مشتومڕی لێکەوتەوە.
بەشی دووەم: فیدان و سیاسەتی سوریا
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریاوە لە ساڵی ٢٠١١، فیدان ڕۆڵی سەرەکی بینی لە داڕشتنی ستراتیژی ئەنقەرە بەرامبەر دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و کورد لە ڕۆژئاوا. بەڵام لەگەڵ پێشهاتەکانی ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنەکەی ئازاری 2025 له نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه سه ده) سه بارەت بەیەکخستنی هێزه کوردییەکان له ناو سوپای سووریادا، کاریگەرییەکەی زیاتردەرکەت.
فیدان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات و هۆشداریشیدا لە جێبەجێنەکردنى یان هەوڵدانى کورد بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆی لە ناو سوریا. ئەم لێدوانانە نەک هەر لە دیمەشق و قامیشلۆ، بەڵکو لە خودی ئەنقەرەش وەک پەیامێکی ڕوون خوێندرایەوە کە تورکیا ڕێگە بە هیچ جۆرە سەربەخۆییەکى کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نادات.
جگە لەوەش واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرگری لە نێوان تورکیا و سوریا کە بریتییە لە دابینکردنی چەک و هاوکاری تەکنیکی و لۆجستی، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە سیاسەتی تورکیادا، کە ساڵانێک لەمەوبەر پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری دژ بە ئەسەد دەکرد. ئەم گۆڕانکارییە لە ژێر گوشاری فیدان، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێستا ئەنقەرە وەک ئەولەوییەتێک لە پرسی کورد دەڕوانێت کە لە هەموو ڕەچاوکردنەکانی دیکە، لەوانەش ململانێ لەگەڵ ڕژێمی سوریا تێدەپەڕێت.
بەڵام ئەم ڕێبازە دوژمنایەتییەکی قووڵی لەگەڵ کوردەکانی سوریا دروستکردووە، کە فیدان وەک ڕابەرایەتی سیاسەتێک سەیر دەکەن کە ئامانج لێی سڕینەوەی دەستکەوتە سەربازی و سیاسییەکانیانە. لەناو تورکیادا ئەم سیاسەتە بۆ پێشخستنی گوتارێکی ناسیۆنالیستی/ئەمنی کە ڕەنگدانەوەی لە بنکەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیی ئاکەپەدا هەیە، بەکاردەهێنرێت.
بەشی سێیەم: کاردانەوەکانی کورد
پارتی یەکسانى و دیموکراتی گەلان (دەم) لە پێشەنگی ڕەخنەگرانی فیدان بووە. لە پەرلەماندا، هاوسەرۆکەکەی، تونجەر باکرهان، فیدان تۆمەتبار دەکات کە "وەک ئەوەی کورد بوونی نەبێت قسە دەکات"، هۆشداریشیدا کە ئەو قسە هەڕەشەکارانەی دەتوانێت ململانێیەکی نوێ لە سوریادا هەڵگیرسێنێت و ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی لە ناو تورکیا بکات.
ئەم ڕەخنانە ڕەنگدانەوەی دوو دڵەڕاوکێی کوردە: لە لایەک فیدان بە گوشار خستنە سەر دیمەشق هەوڵی کۆتایی هێنان بە هەر هەوڵێک بۆ خۆبەڕێوەبەری لە باکووری سوریا دەزانن؛ لە لایەکی دیکەوە ترسیان هەیە کە پرسی سوریا بکرێتە بیانوو بۆ ڕاگرتنی گفتوگۆی ناوخۆیی لەگەڵ پەکەکە. بەم شێوەیە فیدان لە چاوی کورددا بووەتە داڕێژەرى سیاسەتى پەراوێزخستن چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەدا.
بەشی چوارەم: فیدان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی (جەهەپە وەک نمونە)
ئەگەر کورد فیدان وەک هەڕەشەیەکی وجودی تەماشا بکات، پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) وەک هێمای پاوانخوازی و نهێنی تەماشای دەکات. لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوە لە ساڵی ٢٠٢٣، ئۆپۆزسیۆن سەرەتا بە هەندێک وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرد، وەک کەسێکی تەکنۆکرات سەیریان دەکرد کە دەتوانێت بەشداری بکات لە هاوسەنگکردنی سیاسەتی تورکیادا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ گرتنەبەری هەڵوێستی توندڕەوتر لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی پارتەکە لە وتارە گشتیەکانیدا دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر فیدان بە توندی.
ئۆزال، فیدان وەک کەسایەتییەکی نهێنی و هەڵنەبژێردراو وێنا دەکات کە لە پشت پەردەوە کاردەکات و بیرکردنەوەی تاکڕەوانەی پارتی داد و گەشەپێدان بەرجەستە دەکات. ئۆزال هەوڵ دەدات ئەم وێنەیه بقۆزێتەوه بۆ ئەوەی لە شکۆمەندی پارتی دەسەڵاتدار بدات لەڕێی به ئامانجگرتنی دیارترین کەسایەتیە ئەمنییەکەی ئەڕدۆغان. ئامانجی کۆتایی ئۆپۆزسیۆن لێدانە لە فیدان تا دواى ئەردۆغان، چانسی گرتنەدەستى پۆستى سەرۆکایەتى پارتەکە یان تورکیاى نەبێت. 
بەشی پێنجەم: ململانێکانی ناو پارتی دەسەڵاتدار (AKP)
بەپێی هەندێک زانیارى ناکۆکی لە نێوان فیدان و ئیبراهیم کالین (سەرۆکی ئێستای دەزگای هەواڵگری)دا هەیە. لە کاتێکدا دەوترێت فیدان لە دەرەوە هەڵوێستی توند دەگرێتەبەر، کالین کەناڵەکانی پەیوەندی ناوخۆیی فراوانتر دەپارێزێت. هەندێک ئەمە وەک دابەشکردنی ڕۆڵ دەبینن، هەندێکی تر پێیان وایە ڕکابەرییەکی شاراوە هەیە کە دەکرێت لە شەڕی جێنشینی لەناو حیزبدا ڕەنگ بداتەوە.
هەرچەندە سیاسەتەکانی ئەنقەرە بە پلەی یەکەم وابەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەردۆغانە، بەڵام دەرکەوتنی ئەم دەنگۆیانە ڕەنگدانەوەی لەرزۆکى دیمەنی سیاسی دوای ئەردۆغانە، کە فیدان دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی سەرەکی یان قوربانی شەڕی ناوخۆیی باڵەکانى ناو پارتەکە.
بەشی شەشەم: ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سیاسەتی فیدان
سیاسەتی فیدان نوێنەرایەتی تێکەڵەیەکی ناوازەی ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات. قسە ڕەقەکانی دژ بە کورد لە سوریا هیچی تر نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی خواستی پارتی دەسەڵاتدار بۆ بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی تورکیا لە ناوخۆ و پاساودانی سیاسەتە ئەمنییەکانی. بەڵام هەر هەڵکشانێک لەسەر زەوی لە سوریا دەتوانێت پرۆسەی ئاشتەوایی ناوخۆیی لەگەڵ کورد تێکبدات.
بەم شێوەیە فیدان ڕووبەڕووی دووڕیانێکی دوولایەنە دەبێتەوە: ئەگەر جەخت لەسەر سوریا بکاتەوە، ئەوا لە ناوخۆدا دۆڕاوە؛ و ئەگەر لە ناوخۆدا خۆی بەڕووی کورددا بکاتەوە، کارتەکانی لە سوریا لەدەست دەدات. ئەم دژایەتییە بەشێکی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی بووەتە ئامانجی هێرشی هەمووان.
ئەنجام
هاکان فیدان ئەمڕۆ تەنها وەزیری دەرەوە نییە؛ ئەو هێمای هاوکێشەیەکی نوێیە لە تورکیادا: سیاسەتێکی دەرەوە کە لەلایەن هەواڵگرییەوە چوارچێوەی بۆ دانراوە و سیاسەتێکی ناوخۆیی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ناسیۆنالیستییە. پێگەی ئەو وایکردووە ببێتە ئامانجی ڕەخنەی کورد و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت بەشێکی ناو پارتی دەسەڵاتدار. هۆکاری سەرەکی بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئەوەیە کە نوێنەرایەتی دڵی ستراتیژی تورکیا دەکات لە قۆناغێکی گرنگدا و وەک میراتگرێکی ئەردۆغان سەیر دەکرێت.
ئایندەی سیاسی فیدان بە توانای لە ڕاگرتنى هاوسەنگی لە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکرێت، ئەگەر نەتوانێت ئیدارەى پرسی سوریا و پرسی کورد بکات، لەخاڵە بەهێز و یەکلاکەرەوەکەى دەسەڵاتەوە دەگۆڕێت بۆ خاڵە لاوازەکەی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی