هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی، لەکۆتایدا دژی ئازادییە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێژه‌ن جه‌مال

جۆرج ئۆروێڵ: هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی، لەکۆتایدا دژی ئازادییە

لە کتێبی "ئازادی چاپەمەنی" کە جۆرج ئۆروێڵ نزیکەی 53 ساڵ پێش ئێستا نوسیویەتی، زۆر ورد باسی کپکردنی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە  سەردەمی نوێ و بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیموکراسیەکان دەکات، ئۆروێڵ بۆچوونی وایە زۆرینەی سانسۆر و کپکردنەکانی ئازادی بڵاوکردنەوە و ، ڕادەربڕین لەلایەن دەوڵەتەوە نیە، بەڵکو لەلایەن ڕایگشتی و بڵاوکراوەکان، یان سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانەوەیە، ئەوان  بە هێمنی ئەو شتانە لە قاڵب دەدەن کە دەتوانرێت چاپ بکرێت، ئەوانەش کە ناتوانرێت چاپ بکرێت.

ئەوەی لای ئۆروێڵ مەترسیدارە، هەر بە تەنها ئەو چاودێریی و سانسۆرکردنە نییە کە دەسەڵات دەیخاتە سەر نوسەر و ڕۆژنامەنووسەکان، بەڵکو ئەو باس لە جۆرێکی ترسناکتری چاودێریی دەکات کە بە (چاودێریکردنی نوسەر-ڕۆژنامەنووس لەسەر خۆی) ناویدەبات، لەپێناو لەدەستنەدانی بەرژەوەندییە داراییەکەی، نوسەر-ڕۆژنامەنووس سانسۆر دەخاتە سەر نوسینەکانی خۆی. پێش ئەوەی دەسەڵات چاودێریی بکات، ئەم چاودێریی خۆی دەکات و ئەوەی دەبێ نەینوسێت، ناینوسێ.

لە ئۆروێڵەوە فێردەبین کە هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی لە کۆتاییدا، دژی ئازادییە، چونکە دەسەڵات بە شێوەیەکی سروشتی بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی بیرکردنەوە و قسەکردن و کرداردا دەگەڕێت. بەڵام ڕۆژنامەگەری ئازاد شتێکی بنەڕەتییە و ڕێگە بە خەڵک دەدات ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن و ڕاپۆرتی ڕاستییەکان بکەن و بەرەنگاری پڕوپاگەندە ببنەوە.

ئازادی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەریی بە مافی وتنی ئەوەی کە جەماوەر دەیەوێت ناپێورێت، بەڵکو بە توانای ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و گێڕانەوەی ڕاستییە نەخوازراوەکان دەپێورێت. وەك ئۆروێل دەڵێت ئازادی ڕۆژنامەگەری یەک مانای هەیە؛ ئازادی ڕەخنەگرتن و دژایەتیکردن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی