زەلمای خەلیلزاد دەگێڕێتەوە، جارێک لە دەوحە لە هەمان ئوتێلدا بوون لە گەڵ عبدالسلامی نوێنەری تالیبان، لە میانەی دانوستانی ئەمریکا و تالیباندا. ڕۆژێک زەلمای دەبینێت کە عبدالسلام وەستاوە و تەماشای حەوزی مەلەی ئوتێلەکە دەکات کە ئافرەتی تیادا بەجلی مەلەی ڕۆژئاوایی یان بکینی مەلە دەکەن.
زەلمای بە عبدلسلام دەڵێت برادەر لە بەهەشت دەچێت. عبدالسلام پێی دڕدۆنگ دەبێت. ئەم سەربوردەیە دەرخەری پێگەی قەتەرە لە ناوچەکە، کە تیایدا ئافرەتی نیمچە ڕووت، نوێنەری تالیبان، لە گەڵ نوێنەری ئەمریکا و زۆری تر لە هەمان شوێندا کۆ دەکاتەوە. جێگایەکی وەها دەگمەنە. بەڵام وەها دیارە بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەو جێگایەی کە ئیسرائیلییەکان هێرشیان کردە سەری لە دەوحە، تەنها ١٣ کیلۆمەتر لە باڵوێزخانەی ئەمریکاوە دوور بوو، هەروەها تەنها ٤٤ کیلۆمەتر لە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکییەوە دوور بوو. لە هەمانکاتدا وەک لە مانگی ئایاردا بینیمان قەتەرییەکان خۆیان وەها دەبینی کە نزیکترین کەسن لە دۆناڵد ترامپەوە، فڕۆکەی تایبەتیان پێ بەخشی و بە تریلیون دۆلار وەبەرهێنان و چەککڕینان بە ئەمریکا بەخشی. بەڵام هیچی نەبوە ڕێگریی لەوەی قەتەر هێرشی بکرێتە سەر. یەکێک لە خوێندنەوەکان بۆ هێرشەکە ئەوەیە کە ئامانجی هێرشەکە گەرچی ڕاستەوخۆ سەرکردەکانی حەماس بوو، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ئامانج قەتەر بوو.
لە ئەنجامی ئەمەدا قەتەر هەست دەکات نە دەتوانێت بڕوا بە ئەمریکا بکات، نە ئیسرائیل، بەڵام لە هەمانکاتدا بنکەی سوپای تورکی لە قەتەر بونی هەیە، بەڵام هیچ سودێکی نەبوو. قەتەرییەکان هەر ئەوەنیە نیگەران و پەشۆکاون، بەڵکو زۆربەی سیستەمەکانی داتا کۆکردنەوە و سیخوڕییان لە لایەن کۆمپانیا ئیسرائیلیەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.
مشتومڕی ئەوەی ئەمریکا ئاگاداربوو یان نا، جۆرێک لە ساویلکەیی بوو. ڕەنگە هۆکاری خۆ بە دوورگرتنی ترەمپ ئەوەبێت کە پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام گومانم هەیە لەم دیدە. ئەمریکا یان لایەکی تر هەواڵی هێرشەکەی بە شاندەکەی حەماس داوە، کەمێک پێش هێرشەکە. دەنگۆی ئەوەی کە شاندەکە مۆبایلەکانیان لەوێ جێهێشتوە، وەک نوکتە دەچێ. چونکە ئەگەر شاندەکە بزانن مۆبایلەکانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێت ئیتر چۆن هەڵیدەگرن.
دەنگۆی ئەوەی کە ئەمریکا درنەگ زانیویەتی دیسانەوە مایەی پێکەنینیە. بەڵام ئەمریکا نەیزانیبێت، یان درەنگ زانیبێتی یان هەر کە سەرەتاوە ئاگادار بوبێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە قەتەر و هەموو کەنداو و ناوچەکە، ڕوبەڕوی دۆخێکی نوێ دەبنەوە.
ئەم دۆخەش خۆی لەوە دەبینێتەوە کە ناتوانن پشپ لە ئەمریکا بکەن، بەڵام هەتا بێت زیاتر و زیاتر هەست بە نادڵنیایی دەکەن. لە ڕاستیدا قەتەرییەکان و کەنداوییەکان لە غرورێکی باڵادا دەژیان کە هێزی ئیقلیمین و دۆستی ئیسرائیلن و ئەمریکایان لە ڕێگای پارەکانیانەوە کڕیوە. هەموو ئەم پرۆسەیە تڕ کەڵەکە دەرچوو.
سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل مانگێکی دەستکردنی تایبەت بە سیخوڕی هەڵدایە ئاسمان. سەتەلایتەکە ناوی ئوفوق ١٩یە. ئوفوق لە زمانی عیبریدا وەک عەرەبی بە مانای ئاسۆ دێت. ئەم سەتەلایتە سیخوڕی بە سەر وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیلەوە دەکات، ئەوەی مایەی سەرنجە لە وڵاتە سیخوڕیی لە سەر کراوەکان عێراقی تیادانییە.
کەنداوییەکان هەڵەی گەورەیان کرد کە ترەمپیان پێباش بوو. چونکە ترەمپ چەندێک لە کەنداوییەکانەوە نزیک بێت، مانای ئەوە نیە، کە دۆستیانە. سیستەمی لیبرالی جاران کەنداوی دەپاراست هەتا ئاستێک. بەڵام ئەوە چیدی لە ئارادانیە. لە ڕاستیدا ترەمپ نەک وەک هەڕەشە بەڵکو وەک دەرفەتی بینی.
باڵایی تەکنەلۆجی، نەمانی بەها و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی، وڵاتانی بچوک ناپارازێت، چونکە زۆر بە سادەیی کارتیان نیە. یان هێزیان نیە. مانگی یانزە محمد بن سەلمان سەفەر دەکات بۆ واشنتۆن. بڕیار وەهایە چەند تریلونێکی تر سەرف بکات. بەڵام بێگومان لە دۆخێکی نادڵنیایی زیاتردا.
سەردەمی داهاتوو سەردەمی ناسەقامگیریی و بێبەهایی و ململانێی زۆر دەبێت کە هێزە تەقلیدییەکان تیایدا ڕۆڵیان لاواز دەبێت. تەکنەلۆجیای باڵا، ژیریی دەستکرد، ڕۆڵی گەورە تیادا دەبێت. بە گشتی ئێمە بەرەو دۆخێک دەڕۆن ئەگەر خاوەن سەرچاوەی زانستی پێشەنگ نەبێت، دەبێت بەلای کەمەوە ژمارەی دانیشتوانت لە ٢٠٠ ملیون کەمتر نەبێت هەتا لە دونیادا پێگەت هەبێت. دونیا دەبێتەوە جەنگەڵ. بەڕێوەبردنی دونیا وەک شوانیی پشیلە دەبێت. پشیلەش شوانیی ناکرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی