عێراق دەوڵەتە بەڵام
بە بێ نەتەوە، عێراقت هەیە، بەڵام عێراقیت نیە. پێچەوانەی ئەمە كورد نەتەوەیە بەڵام
بە بێ دەوڵەت. عێراق زۆری هەوڵدا ببێتە دەوڵەت نەتەوە( دەوڵەت نەتەوەی عەرەب). نەكرا.
زۆریش خوێنی بۆ رژا. سەدان ملیار دۆلاریشی لە كیس چوو. سەد ساڵ لە پێشكەوتن و ئاوەدانی دواكەوت. شوكری خوای دەوێت نەوتی زۆری
هەیە، ئەگینا ئێستا سۆماڵ و سودان لە چاو عێراق پاشا بوون.
كوردیش نەتەوەی
ناو دەوڵەتی عێراقە، نە توانی پاشەكشە بە عەرەب بكات و خۆی ببێتە شوناسی نەتەوەیی
عێراق! نە توانیشی دەوڵەت نەتەوەی خۆی دروست بكات( دەوڵەتی كوردستان، نەتەوە). ئەم
ململانێیە زۆر سەخت بووە لەناو هەناوی عێراق. ئێستاش بە شێوەی شەڕی سارد ئەم شەڕە
توندە. گرفتە بنەڕەتیەكەی ئەم شەڕە ئەوەیە هیچ لایەكیان لەم سیاسەتە یان ستراتیژیەتە
تەنازول ناكەن. عەرەب دەیەوێت عێراق دەوڵەتێكی مەركەزی بێت و گەلی عێراق هەبێت.
كورد دەیەوێت یان جیابێتەوە، یان شێوەیەك لە كیانی هەبێت كە دەوڵەتە لەناو دەوڵەت
و شوناسەكەی لەبری گەلی عێراق، گەلی كوردستان بێت. گەندەڵی و نەوت بە جۆرێك لە جۆرەكان
ئەم ئینتمایەی لای هەر دوو گەل كاڵ كردۆتەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لەبری ئەم
شوناسانە، شوناسەكانی تر زۆر لاوازن. بۆ نمونە كوردو عەرەب لەناو عێراق ناتوانن لەسەر
(دەوڵەتی مەدەنی) رێكبكەون. یان لەسەر دیموكراتیزەكردنی راستەقینەی عێراق هەنگاوی
جددی بنێن. یان فیدڕاڵیەتێكی وا دروست بكەن كە عێراق گرفتی شوناسەكەی ئەوەندە نەبێتە
گوتاری زاڵ.
ئێستا عێراق بە
دوای مەزهەبیەتی دەوڵەت دەگەڕێت، بەڵام ئەمەش هەر بە زمانی عەرەبییە!. كوردیش بەدوای
مافە دەستوریەكانی دەگەڕێت، بەڵام هەر بە شوناسی گەلی كوردستان. ئەنجومەنی ئاسایش
و نەتەوەیەكگرتوەكانیش دەستەپاچەو دوو ڕوون لەسەر چارەسەری قوڵایی ئەم گرفتە. دەوڵەتانی
هەرێمیش هەرگیز بیر لە عێراقێكی دیموكراسی و مەدەنی و سەقامگیر ناكەنەوەو ئەمە بە
دژ دەزانن لەسەر بەرژەوەندی خۆیان. لەناوەوەش متمانەی كوردو عەرەب لە دۆخێكی زۆر
نزم دایە، نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارەكەی هەر دوولا نیەتیان روون نیە بەرامبەر یەكتر.
بەجۆرێك ئەم بابەتە زەقە كە دژایەتی كورد لەناو عێراق دەنگ بۆ لیستە عەرەبیەكان زیاد
دەكات. دژایەتی عێراقیش لە كوردستان یەكێكە لە بانگەشە زەقەكانی حزبەكان. بۆیە ئەم
مانۆڕە عێراق و كوردی تەواو شەكەت و هیلاك كردووە. دەبێت دواجار بە لایەكدا بكەوێت
و ئەم مانۆڕە سەد ساڵیە كۆتایی بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی