پ.ی.د. هەتاو حمەساڵح حسێن
چەمکی ئیمپریالیزمی میدیایی، لە ساڵانی ١٩٧٠ لەناو مشتومڕەکانی بەجیهانیبووندا سەریهەڵدا، بێگومان لە سەردەمی دیجیتاڵیشدا بابەتەکە زیاتر دەرکەوت، بەتایبەتی لە ئێستادا کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان کۆنترۆڵی میدیای جیهانییان کردووە. ئیمپریالیزمی میدیایی یەکێکە لەو چەمکانەی لە بواری توێژینەوەکانی میدیا و کۆمەڵگەدا ئاماژەی پێدەدرێت، ئەم چەمکە باس لەو پرۆسەیە دەکات کە تیایدا وڵاتە بەهێزەکان لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە زاڵ دەبن بەسەر بەکاربەری میدیای وڵاتە گەشەسەندووەکاندا و دواجاریش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی کولتوورە ناوخۆییەکان و دروستکردنی کلتوورێکی نامۆ.
چەمکی ئیمپریالیزمی میدیایی پەیوەندییەکی نزیکی بە بیرۆکەی ئیمپریالیزمی کولتوورییەوە هەیە. زیاتر لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا لەلایەن هێربێرت شیلەرەوە دەرکەوت.(Herbert Schiller, 1976) ئەو پێی وابوو زاڵبوونی ئەمریکا بەسەر سیستەمی پەیوەندییە جیهانییەکاندا ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی سەرەپای کولتوور و بەها و ئایدیۆلۆژیا ئەمریکییەکان بچنە ناو کۆمەڵگاکانی سەرتاسەری جیهانەوە. هێربێرت بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەم پرۆسەیە بێلایەن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی بە پێکهاتە ئابووریی و سیاسییەکانی سەرمایەداریی جیهانییەوە هەیە.
بەشێوەیەکی سادە، ئیمپریالیزمی میدیایی بەو مانایە دێت کە زلهێزە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا نەک تەنها هەواڵەکانیان، بەڵکو کولتوور، بەها، سیاسەت، تەنانەت تێڕوانین و جیهانبینیییشیان هەناردە دەکەن. تەنانەت پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا پەیامی شاراوە هەڵدەگرن و بە تێپەڕبوونی کات، ئەم پەیامانە دەتوانن شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک لە کۆمەڵگاکانی تردا بگۆڕن و ئەمەش بێگومان لەسەر حیسابی نەریت و کولتووریی خۆیان دەبێت.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئیمپریالیزمی میدیایی
هێرشی تاکجەمسەریی میدیا
بەرهەمە میدیاییەکان وەک هەواڵ، فیلم، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی، موزیک..... هتد، هەریەکە لەمانە لە ئەمریکا و ئەوروپای ڕۆژئاواوە بەرەو بەشەکانی تری جیهان دەڕۆن. فیلمە بەناوبانگەکانی هۆلیوود، سیتکۆمە ئەمریکییەکان، زنجیرەکانی نێتفلیکس زاڵن بەسەر شاشەکانی جیهاندا، لە کاتێکدا بەرهەمە ناوخۆییەکان زۆرجار کێشەیان بۆ دروست دەبێت و لە کێبڕکێکردندا و ناتوانن بە هەمان ئاست سەرنجڕاکێش بن. بۆ نمونە، هۆلیوود لە مێژوودا بەهێزترین هێمای ئیمپریالیزمی میدیایی بووە. فیلمەکانی زاڵن بەسەر پاکێج و کێبڕکێ جیهانییەکاندا، بێگومان هەموو چیرۆک و سیناریۆ و گێڕانەوەکان ستایلی ڕۆژئاواییە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی ئەو کولتوورە. لەم دواییانەشدا، پلاتفۆرمەکانی ستریمینگ وەک نێتفلیکس و دیزنی پڵەس ئەم زاڵبوونەیان فراوانتر کردووە.
لە رووی سیاسییەوە، ئاشکرایە میدیا تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیشە. کەناڵە هەواڵییەکانی وەک (CNN) و (BBC) ڕۆڵێکی بەهێزیان هەیە لە تێڕوانینە نێودەوڵەتییەکان بۆ جەنگەکان و قەیرانەکان و ململانێکان، کە زۆرجار لە ڕوانگەی ڕۆژئاواوە یەلکایی دەبێتەوە. لە کاتی جەنگی عێراق و کەنداودا (1991, 2003)، ڕووماڵی ڕاستەوخۆی سی ئێن ئێن نیشانی دا کە چۆن میدیای ڕۆژئاوایی دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەجێندای هەواڵی جیهانیدا. کاریگەریی (CNN) ئاماژەیە بۆ توانای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوایی بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و ڕای گشتیی جیهانی لە ڕێگەی چوارچێوەدانانیان بۆ ململانێ و قەیرانە مرۆییەکان. بەپێچەوانەشەوە وڵاتانی گەشەسەندوو زۆرجار پلاتفۆرمی هاوشێوەیان نییە بۆ پێشکەشکردنی دیدگاکانی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا. زانای ئەمریکی جۆزێف نای زاراوەی "هێزی نەرم"ی داهێنا بۆ وەسفکردنی چۆنیەتی کاریگەریی وڵاتان لەسەر یەکتری بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی. لەبری بۆمب و سوپا، ئەوان کەلتوور، پەروەردە، دیپلۆماسی و بە شێوەیەکی چارەنووسساز میدیا بەکاردەهێنن.
لە دنیای ئەمرۆی سۆشیاڵ میدیادا، شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی، تاکگەرایی، دیسکۆرسی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی زیاتر پەرەی سەندووە. لەم سەردەمەدا، دەبێت چەمکی ئیمپریالیزمی میدیایی لەژێر ڕۆشنایی تەکنەلۆژیا نوێیەکاندا دووبارە لێکبدرێتەوە. کەلێنی دیجیتاڵی (Digital Divide) هێشتا بەردەوامە و کۆمپانیاکانی سیلیکۆن ڤالی(Silicon Valley) کە بە گەورەترین ناوچەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا دادەنرێت. تەکنەلۆژیای مایکرۆ پرۆسێسۆر لەم ناوچەیە پەرەیپێدراوە و ئۆفیسی سەرەکی زۆربەی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان، وەکو کۆمپانیاکانی (Apple, Google ,Facebook) تێدایە. ئەم کۆمپانیایانە کۆنترۆڵێکی تەواویان بەسەر داتا، ئەلگۆریتم و ژێرخانە ئۆنلاینەکاندا هەیە. بۆ نموونە، کاتێک ملیارەها کەس تەنها وەک بەکاربەر خزمەتگوزارییەکانی واتسئەپ، ئینستاگرام و یوتیوب بەکاردەهێنن، ئەوان کاری کۆکردنەوەی داتا، بڕیارە ئەلگۆریتمییەکانیان دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش، گەشەی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە بەرهەمهێنانی میدیادا دەسەڵات زیاتر لە دەستی چەند کۆمپانیایەکی کەمدا کۆدەکاتەوە. ئەمەش پرسیاری نوێ لەسەر سەروەری کولتووریی دروست دەکات.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەهۆی هاتنی میدیای نوێ و سۆشیاڵ میدیاوە هەندێ لە نووسەران پێیان وایە چیدتر لایەنێک ناتوانێت قۆرغی بازاڕی میدیا بکات و لە ئێستادا دەرفەت بۆ هەمووان ڕەخساوە، واتە چەمکی یەکلانە و یەکجەمسەریی گۆڕاوە بۆ فرەجەمەسەری. ئەمڕۆ هەندێک رای پێچەوانەیان هەیە وەک ئەوەی دەڵێن کە بینەران بەو ڕادەیە وەرگری پاسیڤی میدیای ڕۆژئاوایی نین. بەڵکو، ئەوان ناوەڕۆکی بیانی لێکدەدەنەوە، بەرەنگاری دەبنەوە و خۆماڵیی دەکەن. بۆ نموونە، دەرکەوتنی دراما تورکییەکان، فیلمەکانی بۆلیوودی هیندی گەواهی ئەمە دەدەن، هەروەها هەندێ کەناڵی بەهێزیی هەواڵی وەک ئەلجەزیرە، ڕوسیا تودەی (RT) و تۆڕی تەلەڤیزیۆنی جیهانیی چین (CGTN) خۆیان وەک میدیایەکی سەربەخۆ و دوور لە هەژموونی میدیاییەکانی ڕۆژئاوا ناساندووە و کێبڕکێی ئەوان دەکەن. ڕەخنەگران باس لە تیۆری ڕۆیشتنی پێچەوانەی میدیا دەکەن. چونکە بەجیهانیبوونی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا ڕێگە بە پەیوەندیی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەدەن، کە لێرەدا تاکەکان و جووڵانەوە بنەڕەتییەکان دەتوانن میدیای تەقلیدیی ڕۆژئاوایی تێپەڕێنن. جووڵانەوەکانی چالاکیی هاشتاگ وەک #بەهاری_عەرەبی یان #منیش_هەروەها (#MeToo) پیشانی دەدەن کە چۆن خەباتە ناوخۆییەکان دەتوانن سەرنجی جیهانی بەدەستبهێنن بەبێ ئەوەی تەنها پشت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوایی ببەستن. هەندێک ئەم دیاردەیە بە تێکەڵاوبوونی ڕۆشنبیری (Cultural Hybridization) هەروەها بەجیهانیبوون ناویدەبەن، پێیان وایە ئەمەیە دەبێتەهۆی دروستبوونی شێوەی تێکەڵاوی ڕۆشنبیری.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ئیمپریالیزمی میدیایی وەک چوارچێوەیەکی تیۆریی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە نایەکسانییە جیهانییەکان لە بواری میدیادا دەمێنێتەوە. ئەم تیۆرییە هەموو ئەو ڕێگایانە ڕوون دەکاتەوە کە تێیدا نەتەوە و کۆمپانیا بەهێزەکان میدیا وەک ئامرازی زاڵبوونی کولتووریی، سیاسیی و ئابووریی بەکاردەهێنن. بەڵام، دەبێت تیۆرییەکە لەگەڵ واقیعە هاوچەرخدا تێکەڵ ببێت و لەگەڵ ڕۆیشتنی پێچەوانە و کارلێکی دیجیتاڵیدا بگونجێنرێت. لە جیهانی ئەمڕۆی پێکەوەبەستراودا، زاڵبوون و بەرەنگاری پێکەوە بوونیان هەیە. لە کاتێکدا هۆلیوود، نێتفلیکس و پلاتفۆرمەکانی سیلیکۆن ڤالی (Silicon Valley) بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی کاریگەرییە میدیاییەکاندا، لەم لاشەوە گەشەی پیشەسازییە هەرێمییەکان و فەزا دیجیتاڵییە جێگرەوەکان، تێگەیشتنی تەقلیدیی لە زاڵبوونی یەکلایەنە و تاکجەمسەریی میدیایی ئاڵۆزتر دەکات. بوونی کەناڵە نێودەوڵەتییە بەهێزەکانی وەک ئەلجەزیرە، ڕوسیا تودەی (RT) و بڵاوبوونەوەی جیهانیی دراما کۆرییەکان، ئەنیمی، و تێلێنۆڤێلای ئەمریکای لاتین ئەوە نیشان دەدەن کە دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی دەتوانێت لە چەندین جەمسەر و ناوەندی جیاوازی ترەوە جگە لە ڕۆژئاوا سەرهەڵبدەن. لەبەرئەوە توێژینەوە لەسەر ئیمپریالیزمی میدیایی پێویستە لە لێکدانەوەی ئەم ئاڵۆزییانەدایە خۆی ببینێتەوە، نەک لە بیرۆکەی زاڵبووندا وەک بابەتێکی ڕەها و هێزێکی زاڵ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی