لەپاڵەوانەوە بۆ ئامانج.. خەباتی کوردەکان ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت

22 کاتژمێر پێش ئێستا

شەم شەمه‌یی ساڵح

کوردەکان داعشیان تێکشکاند! ئەوە خوێنیان بوو، جەستەیان بوو، ژیانیان بوو کە ڕێگریان لەتاریکی کرد، ئەوە ژنانی کورد بون - خوشک‌و کچ‌و دایک - کە دژی دڕندەترین تێرۆریستی جیهان هەڵسانەوە، ئەوان چەکیانهەڵگرت، سەرکردایەتییان کرد، بەهەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، هێمای ئازایەتی‌و ئازادی بون، چییان پێگه‌یشت؟ بۆمبەکان لەتورکیای ئەردۆغانەوە، بێدەنگی لەسویدەوە، سەبارەت بەپێشەواکان!

ڕۆژئاوا شتێکی ناوازەی دروستکرد، لەناو وێرانی جەنگدا، ئەوان مۆدێلێکی دیموکراسی‌و یەکسانی‌و جیاوازییان دروستکرد، ژنانی سەرکردایەتی دەکرد، کۆمەڵانی خەڵک پێکەوە دەژیان، پڕۆژەیەکی هیوابوو لەناوچەیەکی پڕ لەدیکتاتۆریەت، بەڵام هەر لەبەرئەوەبوو کە بوو بەهەڕەشەیەک بۆ ئەردۆغان، چونکە دیکتاتۆر لەهیچ شتێک زیاتر ناترسێت جگە لەژنانی ئازادو دیموکراسی زیندوو، بۆیە بەتیرۆریست ناویان دەبات.
 
ئەو بۆمبەکانی ئاراستەی نەخۆشخانەکان دەکات، بۆری ئاوەکان، قوتابخانەکان، دەیەوێت ئەو گەلەی کە هەموو شتێکیان به‌خشیوه‌ بۆ مرۆڤایەتی، تێکبشکێنێت، ئەمە تاوانێکی جەنگییە، ئەمە پاکتاوی ڕەگەزییە، ئەمە دیکتاتۆرێکە کە هەموو ئەو بنەمایانە دەشکێنێت کە ئێمە لەسوید پێمانوایە بەرگرییان لێدەکەین.

ئەی سوید؟ ئێمە لەسەر چۆکین! ئێمە ڕێگەمانداوە کە ئۆڵف کریستەرسۆن تۆبیاس بیلستروم‌و تەواوی حکومەت یاساو بنەماو شەرەفمان بەبیانوی ئەندامێتی لەناتۆ بفرۆشن، ئێمە ڕێگەمانداوە ئەردۆغان یاساکانی سوید دەربخات، ئێمە لەزلهێزیی ئەخلاقییەوە بۆ زلهێزیی دەنگیی ئەردۆغان ڕۆیشتوین، ئەمە شەرمە کە لەدڵی هەر سویدییەکدا دەسوتێت کە هێشتا بوێرە ڕاستی ببینێت.

بێدەنگی بێلایەن نییە، بێدەنگیی هاوکارە، کاتێک سوید بێدەنگ دەبێت دەربارەی بۆمبە چێنراوەکان لەڕۆژئاوا، ئێمە لایەنگری دەکەین، ئێمە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتەکەین، ئێمە هەڵدەبژێرین کە بێئومێدبین لەو ژنانەی کە داعشیان تێکشکاند.

بەڕاشکاوی دەڵێم، ئەمە سوکایەتییەکی نیشتمانییە! ئەمە خیانەتە لەمێژوو، لەئازادیی‌و مرۆڤایەتی.

سوید دەبێت هەڵسوکەوت بکات! سوید دەبێ بۆ ڕۆژئاوا، بۆ کوردەکان، بۆ ئەو ژنانەی کە لەکاتی ڕوخانی جیهاندا هەڵمانگرتوە، بوەستێت، دەبێت بەناوی ڕاستەقینەی کارەکانی ئەردۆغان بانگی بکەین: دیکتاتۆریەت، تاوانی جەنگ، پاکتاوی نەژادی، دەبێت ژنانی کورد وەک پاڵەوانی جیهان پیرۆزباییان لێبکەین، چونکە ئەوان پاڵەوانی جیهانن.

داهاتوو پرسیار دەکات: ئێوە لەکوێبون کاتێک کوردەکان تێکشکێنران؟ من ڕەتیدەکەم وەڵامەکە ئەم بێت: ئێمە بێدەنگبوین، ئێمە لادانمان کرد، ئێمە خیانەتمان کرد.

پێویستە سوید لەخەو هەستێت، چونکە ئەگەرنا، ئێمە تەنها شایەتحاڵ نین، بەڵکو هاوبەشیشین.

ڕۆژنامەنوسی کوردی ـ سویدی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە