بەرلە چونە سەر سندوقی دەنگدان، هەلبژاردنەکانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دزراون

05/10/2025

هێڕرش عەبدولڕەحمان

نوسینی: هێڕش عەبدولڕەحمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: The Hill

بەوپێیەی کە 11ی تشرینی دوەم وەک وادەی هەڵبژاردن دەستنیشانکراوە، عێراق بەرەو دەنگدانێکی دیکە هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمجارەیان ئەنجامەکانی دەنگدان پێشتر لە تاران نوسراونەتەوە. ئێران دەستی خستوەتە ناو کۆمسیۆنی باڵی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەر لەوەی تاقە کەسێک دەنگ بدات، بە تەواوەتی پرۆسەی دەنگدانی قۆرخ کردوە.

دەنگەکان نەژمێردراون، بەڵکو دیزاین کراون و داڕێژراون. لەڕێی پڕۆسەی دابەشکارییەوە، کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بەر لە هەر شتێک بەش کراون لەنێوان گروپە جیاوازەکان لەنێویاندا میلیشیا چەکدارەکان و هاوپەیمانییە سیاسییەکانی نزیک لەئێران کە بەبەرەی مقاوەمە ناسراون و گروپی میلیشیای چەکدارن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو بەرەیەش تەنها لایەنی شیعە ناگرێتەوە، بەڵکو کورد و گگروپی دیکەی عێراقی رۆچونەتە نێو بازنەی ئێرانەوە.

خەڵکی عێراق لەئێستاوە دەنگەکانیان دزراوە.
ئەمە ئەو عێراقە نیە کە ئەمەریکا بەڵێنی بنیاتنانی دا لە سەروبەندی روخانی رژێملەکەی سەدام. بەپێچەوانەوە، پڕۆژە تەواونەکراوەکەی ئەمەریکا کەلێنێکی بەجێ هێشت کە ئێران بەوپەڕی حەماس و پەرۆشییەوە پڕی کردۆتەوە.
هەڵبراردنەکانی عێراق چیتر پێشبڕکێی نێوان و دیدو بپچونەکان نین یاخود کێبڕکێ نین بۆ ننەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر. ئەمڕۆکە، حکومەتی عێراق بەزۆری وەڵامی داواکاریی ئایەتوڵاکان دەداتەوە نەک وەڵامی هاوڵاتیانی خۆی. 

وەهمی دیموکراسی لە عێراق لەبنەڕەتدا نەمانی سەروەری وڵاتەکەی شاردوەتەوە. هەژمونی ئێران بەسەر هەمو کونجێکی عێراقدا زاڵە و پێویستە واشنتۆنیش بەر لە 11ی تشرینی دوەم بڕیار بدات کە ئاخۆ بەرگری بکات یاخود تەسلیمی دۆخەکە بێت.
ئەم خیانەتە تەنها دژ بەو عێراقییانە نیە کە سەردەمانێک بڕوایان بە گۆڕانکاری هەبو، بەڵکو دژ بە زۆرێک لەو پرەنسیپانەیە کە ئەمەریکا لە 2003 پشتیوانی لێ دەکردن. ئەمەریکا بەڵێنی ئازادیی دا بەڵام لەبری ئەوە رێگەی دا بە دەسەڵاتی ئاینی زۆر نزیک بێتەوە لە کۆنترۆڵکردنی بەغداد.

ئەمەریکا چیتر ناتوانێ درێژە بە سیاسەتی نادیاری خۆی بدات. لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، واشنتۆن روبەڕوی دو بژاردەی سەخت دەبێتەوە. یەکەمیان دەکرێ ئەمەریکا چاوپۆشی لە دۆخەکە بکات و دەستەبەرداری عێراق بێت بۆ ئایەتوڵاکان و قبوڵی ئەوە بکات کە بەغداد ببێتە دەوڵەتێکی سەربە ئێران. دوەمیان ئەوەیە کە ئەمەریکا بەرگری بکات و روبەڕوی دەستێوەردانەکانی ئێران بێتەوە و توانا و پەرە بە دامەزراوە دیموکراسییەکانی عێراق بدات و سەروەری بۆ خەڵکی عێراق بگەڕێنێتەوە.

نەکردنی هەر کارێک هاوشێوەی ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا تەسلێم ببیت
ئەگەر ئەمەریکا لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکشێتەوە، ئەوا دەرەنجامەکان درێژەدەکێشن بە ئاراستەی زۆر دورتر لە عێراق، هەر بەکرێگیراوێکی ئێران زیاتر هەن دەدرێت و تارانیش توندتر جڵەوی ناوچەکە دەگرێتە دەست. هاوکات ئیسرائیلیش هەڕەشەی مەترسیدارتر دەبێتەوە و هاوپەیمانانی ئەمەریکاش لە کەنداو تەسلیمبونی ئەمەریکا وەک بانگهێشتێک دەبینن بۆ ڕووکردنە ئێران. 

ئەمە کێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیە بەتەنها، بەڵکو پێشهاتێکی راستەوخۆیە لەسەر متمانە و راستگۆیی و هەروەها سەنگ و قورسایی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان. پاش چەندین ساڵ لە قوربانیدان و خەرجکردنی تریلیۆنەها دۆلار و لەدەستدانی گیانی چەندەها کەس، ئەمە چ پەیامێک ئەگەیەنێ ئەگەر بێتو ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق بێت و ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت بۆ سەرسەختترین نەیاری خۆی لە ناوچەکە. 

خەڵکی عێراق بە درێژایی مێژو خۆڕاگر بون و بەرگەی سیستمی دیکتاتۆری و داگیرکاری و تیرۆر و گەندەڵییان گرتوە، لەئێستاشدا ناکرێ وەک داشی شەتڕەنج لە گەمەیەکی جیۆپۆڵەتیکیدا لەلایەن ئێرانەوە بەکاربهینرێن. عێراق ئەگەری ئەوەی دەبێ کە ببێتەوە بە وڵاتێکی خاوەن سەروەری لەڕێی دەنگەکانی خۆیەوە، بەڵام تەنها لەحاڵەتێکدا ئەگەر بێتو واشنتۆن بڕیار بدات کە بەرلە 11ی تشرینی دوەم هەنگاوی کرداری بنێت.

ئەمەریکا زۆر گگەورەتر لە شکاندنی بەڵێنەکانی قەرزاری عێراقە. ئەمەریکا قەرزاری عێراقە لەو ڕوەوە کە نەیتوانی ژیانێکەی ئازادیان پێ ببەخشێ دور لە هەژمونی ئێران. ئەگەر واشنتۆن شکست بهێنێت، مێژوی عێراق لەلایەن خەڵکەکەیەوە نانوسرێتەوە، بەڵکو لەلایەن ئێرانەوە دەنوسرێتەوە.
ئەم بەشەی مێژو هێشتاکە تەواو نەبوە، بەڵام تا ئەمەریکا هەنگاو نەنێت و نەیەتە سەر خەت، ئەوا ئێران کۆتایی ئەم قۆناغە مێژوییە دەنوسێتەوە. هەرکەسێک سەرکردایەتی ئەمەریکا بکات پێویستە هەنگاو بنێت بەرلەوەی ئەم کارەساتە ببێتە شتێکی حەتمی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی