شەڕی چەندی سەعاتێکی حەلەب وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌و په‌یامێكى گرنگ

9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل قادر

شەڕی چەندی سەعاتێکی حەلەب وەرچەرخانێکی ئێجگار گەورەیە لەڕوی سیاسیی‌و سەربازییەوە لەبەرژەوه‌ندیی گەلی کورد لەڕۆژئاواى كوردستان.

سەرەڕای خۆ ئامادەکردن‌و کۆکردنەوەى هێزێکی گەورەو هاوکاریی زۆرو زەوەندی دەوڵەتی تورکیاو بەشداری هێزە بەکرێگیراوەکانی‌و ئابڵوقەیەکی توندوتۆڵ، ئەوەی ئەحمەد شەرع‌و ئەردۆغان چاوەروانیان نەدەکرد ڕویدا.

ئیرادەی پۆڵایینی شەڕڤانان‌و بەرگرییان بەجۆرێک بوو، هەر لەسەرەتای شەڕەکەوە، هێزەکانی ئەحمه‌د شەرع‌و ئەردۆغان توشی شکستی گەورەو کەمەرشکێن بون.

ئەم نەبەردیی‌و بەرگرییە بێوێنەیەی شەڕڤانانی تەنها دوو گەڕەک، بەبەرچاوی هەموو دنیاوە بەرامبەر هێزی گەورەی دوو دەوڵەتى سوریاو تورکیا، هەموو دونیای سەرسام کردوە، ته‌نانه‌ت بەدوژمن‌و داگیرکەرانیشەوە.

ئەمڕۆ ئیتر دەبێت شەرع تێبگات کە هاوکاریی تورکیا دادی نادات بەشەڕ خۆی بەسەر گەلانی سوریادا بسەپێنێت‌و ئەردۆغانیش دەبێت نائومێدبێت لەوەی، بتوانێت لەڕێگه‌ى هێزە شەق‌و شڕو تیرۆرستەکەی ئەحمەد شەرعەوە، گەلی کورد لەڕۆژئاوا لەناوببات.

گەلی کورد لەڕۆژئاوا، لەدوای ئەم بەرخۆدانە بیوێنەیەوە، هەزار هێندەی دیكه‌ پێگەی سیاسیی‌و سەربازیی بەرزو باڵاکرد.

درودو سڵاو بۆشەڕڤانانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەو بست بەبستی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی