هەڵوێستەکانی تورکیا لەنێوان ئیسرائیل‌و ڕۆژئاوای کوردستاندا

09/10/2025

د.سەلام عەبدولکەریم

- تورکیا بە چ یاسایەکی نێودەوڵەتی دەستوەردان لەکاروباری ناوحۆیی سوریا دەکات؟؟

-  بەرزاییەکانی جۆلان‌و قونەیترەو دەرعاو جەبەل شێخ لەسوریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوەو پشتێنەی ئەمنی تیا دروستکردوەو ڕاشیگەیاندووە ناکشێتەوە لێیان، بۆچی تورکیا هەڵوێستی نییەو قسە ناکات؟؟

- کورد لەرۆژئاوای کوردستان‌و سوریا داوای سەربەخۆیی و دابەشکردنی سوریای نەکردووە، بەڵکو داوای ئۆتۆنۆمی و سیستەمی ناناوەندی دەکات خێرە تورکیا زوو زوو هەڕەشەی پەلاماری سەربازی بۆسەر ناوچە کوردییەکان دەکات؟؟

- غەززە بەبەرچاوی تورکیاو جیهانی ئیسلامییەوە جینۆسایدو قڕکران خێرە تورکیا نەک جورئەتی نەبوو هەڵوێستی کرداری هەبێت تەنانەت ئامادەش نییە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بپچڕێنێت؟؟

- بۆ زانیاری و بەرچاو ڕوونی تورکیا گوشارێکی زۆری لەحەماس کرد تا بە ئاگربەستەکەی ترەمپ رازی بێت یەکێک لەهۆکارەکانی ئەو گوشارگردنەو ئامانجەکانی  تەنها بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ترەمپ رەزامەندی لەسەر پەلاماری رۆژئاوای کوردستان و کورد بدات، کە ئەو خەونەش نایەتەدی، چونکە ئەجێنداو ستراتیژو بەرژەوەندی و لۆبی ئیسرائیل و جولەکە کاریگەرترە لەسەر ئەمەریکاو بەتایبەتیش لەپرسی سوریادا لەم قۆناغەدا.

- ئیسرائیل چەندین جار بنکە سەربازی و سیخوڕی و ئەمنییەکانی تورکیای لەحەلەب و حەما و نزیک دیمشق بۆردومان کردو هەمووی لەناوبرد خێرە تورکیا ناوێرێ وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، بەڵام بەردەوام چاو لەکورد سور ئەکاتەوە؟؟

- داوای ئۆتۆنۆمی و سیستەمی ناناوەندی مانای دابەشکردنی سوریا نییەو دیمەشق و تورکیا ئەو پرسە بە ئەنقەست بۆ گوشارکردن لەسەر کورد بەکارئەهێنن.

- پارێزگای سوەیداو دروزەکان تا ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی دیمەشق وحکومەتی سوریادا نین و بەئاشکراش داوای جیابوونەوەو سەربەخۆیی دەکەن، خێرە تورکیا هەقی بەسەر ئەوانەوە نیەو یەک وشەی لەسەر نەوتوون بەڵام بەردەوام دەنوکی لەسەر کوردە؟؟

- تائێستا باشووری سوریا بەتایبەت ناوچەکانی بنکەی تەنەف لەژێر دەستی حکومەتی سوریاو دیمەشقدانیەو تاڕادەیەک هەرێم و ناوچەیەکی سەربەخۆیە لەدەسەڵاتی دیمەشق و لەژێر دەسەڵاتی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریکادایە، خێرە تورکیا هیچ قسە و هەڵوێستێکی نییە؟؟

- بەرپابوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی یاخود فیدراڵی لەرۆژئاوای کوردستان و سوریا وەک باشووری کوردستان حەتمیەو لەسەر کات وەستاوەو رۆژئاوا بەژان و ئازاری دوایین قۆناغی لەدایکبوونی ئەو هەرێمەدا تێدەپەڕێ، ترسی تورکیاش هەر ئەوەیەو دەزانێ دوای سوریاو ئێران نۆرەی خۆشی دێت، بۆیە ئەم هەموو هەڕەشەو گوڕەشە بۆ ئەوەیە.

- کاتی خۆی تورکیا دژایەتی گەورەی هەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمان و فیدراڵییەکەی کرد، بەڵام دواجار ماف و ئیرادەی ڕەوای کورد لەهەرێمی کوردستان سەرکەوت، بۆیە ئێستا ئەو هەموو دژایەتییەی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت.

- بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی هەمووان بەهۆی گوشارەکانی تورکیاوە لەسەر ئەحمەد شەرع و حکومەتی سوریاو دیمەشق کورد لەهەموو ڕێ و شوێن و کارەکانی دامەزاندنەوەی سیستەمی سیاسی سوریای نوێ بێبەشکراوەو تەنانەت لەراگەیەنراوی دەستوریی و هەڵبژاردنیشدا تورکیا ڕێگەی بەشەرع و دیمەشق نەداوە تەنانەت نەک مافە نەتەوەییەکان بەڵکو مافە کولتورییەکانی کورد بدرێت،  پرسار ئەوەیە ئایا بەوشێوەی تورکیا دەیەوێت سوریای نوێ دادەمەزرێت؟؟؟

- لەخەیاڵدان و جیهانبینی و گوفتارو کرداری دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیادا ئیسرائیل مەترسی نییە بۆ جیهانی ئیسلامی و ئوممەتی ئیسلامی بەگشتی و یەکپارچەیی خاکی سوریاو تورکی، بەڵام کورد مەترسییە، ئایا کورد بۆ جیهانی ئیسلامی و تورکیاو سوریا مەترسی وهەڕەشەیە یان ئیسرائیل، لەکاتێکدا کورد بەشێکە لەنەتەوەو جیهانی ئیسلامی و ڕۆڵی گەورەی لەشارستانیەتی ئیسلامیدا هەبووە؟؟؟

- باشترین بژاردە بۆ کوردو رۆژئاوای کوردستان لەداهاتووی سوریا ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانەو باشترە لەسەر بنەمای دەستەبەربوونی مافە نەتەوەییەکان لەچوارچێوەی سیستەمێکی ناناوەندی ئیدی ئۆتۆنۆمی بێت یا فیدراڵی لەسوریا بەردەوام بێ و نەکەوێتە ژێر کاریگەری گوشارو هاندانی ئیسرائیل و ئەمەریکاو بەشێک لە ئەوروپاوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی