هیچ رێككەوتنێك لەبارەی هەسەدە نەكراوە، لێدوانەكان تەنها بۆ سەرنجی ناوخۆو توركیایە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

تائێستا هیچ رێككەوتنێكی بنگەهی و چارەسەری كردارەكی لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق نەبووە. ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو كراوە، تەنها راگرتنی شەڕو هەندێك رێككەوتنی زارەكیی بووە بۆ جۆرێك لەسەقامگیریی ئەمنی، ئەوەی دەگوترێت لەبارەی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هەندێك پرسی دیكە تەنها لێكدانەوەی میدیاییە یاخود جۆرێك لەبانگەشەو لێدوانی رۆژنامەوانیەو هیچیتر. 

پرسی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە زۆر ئاڵۆزەو گرێدراوی دەستورو گواستنەوەیەكی دیموكراتیانەی دەسەڵات و دابینكردنی ماف و بەركەوتەی كوردو رۆژهەڵاتی فوراتە. بەپێی ئەنجامی ئەو كۆبونەوەو دیدارانەی تائێستا كراون تائێستا دیمەشق بۆ هیچ چارەسەرییەكی ریشەیی و دیموكراتیانەی بەشداری سیاسی لەسوریا رازی نین، بگرە بڕوایان پێ‌ نییە. هەرچی هەنگاویشیان ناوە لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لەباتی ببێتەهۆكاری سەقامگیریی، بۆتەهۆی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و حوكمڕانیی.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند دیدارو كۆبونەوەیەك لەنێوان سەركردایەتی رێڤەبەری خۆسەر یان باكوری رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامەكانی تەنها چارەسەری هەندێك پرسی رۆژ بووە نەك رێككەوتن لەسەر نەخشەڕێیەك بۆ پرسی گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵات لەسوریا.

كۆبونەوەكان بەنێوانگیری ئەمریكابووە، ئەوەی بەزارەكی لەسەری رێككەوتوون چەند پرسێك بووە. یەكەم؛ هەماهەنگیكردن لەبارەی رووبەرووبونەوەی تیرۆر واتە لەناوبردنی رێكخستن و جموجۆڵی داعش و گروپە تیرۆرستەكانە، لەسەرتاسەری سوریا. لێرەدا زیاتر مەبەست هەماهەنگی گۆڕینەوەی زانیاریی و هاوكات جێبەجێكردنی چالاكییە لەدژی گروپە تیرۆرستەكان، بەڵام ئەم پرسە كەمێك ئاڵۆزو زەحمەتە چونكە دەسەڵاتدارێتی دیمەشق بریتیە لەژمارەیەكی زۆر گروپی توندڕەو كەپێشتر زۆربەیان یان داعش بوون و ئێستاش گروپی ئیسلامیی توندڕەون! بەڵام پێدەچێت ئەم خواستە ئەمریكا بەسەر دیمەشقی سەپاندبێت بۆ ئەوەی بكەوێتە ژێر تاقیكردنەوەو دژایەتی داعش و گروپە تیرۆرستەكان بكاتە مەرجی سوككردنی سزاكانی سەر سوریا لەچوارچێوەی یاسای قەیسەر.

ئەوەی زانراوە هیچ رێككەوتنێك نییە، بەرپرسانی رۆژئاوا باسی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە دەكەن، بەڵام زیاتر لێدوانی میدیاییەو بۆ دڵنیاكردنەوەی ناوخۆو وڵاتانی دەوروبەرە، بەتایبەت توركیا، چونكە فشاری زۆر دەكات. 

دووەم؛ دەسەڵاتدارێتی باكوری رۆژهەڵاتی فورات رازیبوون بەشێك لەنەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژهەڵاتی فورات بەتایبەت ئەوەی لەدێرەزۆر بەرهەمدەهێنرێت بدرێت بەدیمەشق بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بەنرخێكی دیاریكراو. ئەم پرۆسەیە بەئاگاداری ئەمریكاییەكان دەبێت. واتە ئەمریكا لەنزیكەوە چاودێری ئەم پرۆسەیە دەكات، دیاریش نییە بڕەكەی چەند دەبێت، چونكە رێژەی نەوت لەسوریا زۆر نییە، ئەوەی هەیە زۆربەی دەكەوێـتە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنان زۆر كەمبۆتەوە بەتایبەت لەدوای بۆردومانەكانی توركیا لە 2024. 

كێلگەی عومەر گەورەترین كێلگەی نەوتییە لەسوریا دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لەپارێزگای دێرەزۆر. لەو ناوچەیە 41 بیرە نەوت لەژێر ركێفی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەرۆژهەڵاتی فورات، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەوبیرانە زۆر كەمترە لەجاران. بەپێی زانیارییەكان لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار بەرمیلە لەرۆژێكدا ئەمە لەكاتێكدا جاران دەگەیشتە نزیكەی 75 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.

ئەوەی جێی سەرنج بوو لەماوەی هەفتەی رابردوو لەهەمان رۆژی كۆبونەوەی مەزلوم عەبدێ‌ و ئەحمەد شەرع بەنێوانگری گەورە بەرپرسانی ئەمریكا لەدیمەشق لە 7ی ئۆكتۆبەر، بارە چەكێكی ئەمریكا گەیشتە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبنكەی قەسرەك لەحەسەكە كە چەكی دژە درۆن و تانك و چەكی دیكەی زۆر پێشكەوتووی لەخۆ گرتبوو، ئەمەش نامەیەكی روونی ئەمریكا بوو بۆ دیمەشق و ئەنقەرە كە ئەمریكا تەنها رۆڵی نێوانگر نابینێت، بەڵكو پشتیوانێكی گەورەی هێزەكانی سوریای دیموكراتن و دەیانپارێزن.

هاتنی ئەمجارەی بەرپرسانی واشنتۆن تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان دوو پەیامی لەخۆگرتبوو. یەكەمیان؛ سەرەتا وەفدەكە هاتە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ مەزلوم عەبدێ كۆبونەوەو دواتر وەك نێوانگر چوونە دیمەشق. ئەمە لەكاتێكدا جارەكانی دیكە وەفدی ئەمریكا دەهاتنە دیمەشق ئینجا وەفدی رۆژئاوا دەچوونە دیمەشق، بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەوە بوو. دوومیشیان؛ نامەیەكی دیكەی ئەمریكا بوو بۆ دیمەشق و ئەنقەرە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات رۆڵێكی میحوەریی لەسوریا دەبینن و واشنتۆن وەك هێزێكی هاوكوف و یەكسانی دیمەشق مامەڵەی لەگەڵ دەكات.

ئێستا ئەمریكا تەنها وەك هێزێكی سەربازیی مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ناكات، بەڵكو دەیەوێت رۆڵی سیاسی گەورەتری پێبدات، كاتێكیش بارە چەكی پێشكەوتوو لەهەمان رۆژی گفتوگۆ دەگەینێتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت رۆڵی هەسەدە لەگفتوگۆكان بەهێز بێت، بۆیە لەم دانیشتنەی چەند رۆژی رابردوو هەڵوێست و داخوازییەكانی هەسەدە روونتر خرانەڕوو.

بۆ ئەم قۆناغە، رەنگە ئەمریكا مەبەستی نەبێت هەسەدە لەگەڵ دیمەشق بگاتە رێككەوتن، هەروەك چۆن لەسەردەمی رژێمی ئەسەدیش نەیدەویست كورد لەگەڵ دیمەشق رێككەویت، چونكە ئەمریكا متمانەی بەئەحمەد شەرع نییەو هێشتا ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت لەدیمەشق و ناوچەكە جێبەجێنەبووە.
بۆ ئەم قۆناغە ئەمریكا مەبەستیەتی جۆرێك لەسەقامگیریی ئەمنی لەسوریا هەبێت و پەیوەندی نێوان هەسەدەو دیمەشق لەسەربنەمای (نەشەڕ نەئاشتی) درێژە بكێشێت و لەپالیشدا لەژێر ناوی لەناوبردنی تیرۆر (داعش) بمێنێتەوە.

هەرچەندە ئەمریكا جێگەی متمانە نییە لەسوریا بەتایبەت لەلای كورد، بەهۆی ئەو كشانەوەو ناسەقامگیرییەی لەسیاسەتی ئەو وڵاتە لەماوە 2019 -2020 رویداو كە ئەمریكا لەچەند ناوچەیەك كشایەوەو رێگەی بەداگیركردنی چەند ناوچەیەكی خاكی رۆژئاوای كوردستاندا، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا لەماوەی داهاتوو رۆڵی زیاتر بداتە هێزەكانی سوریای دیمەكرات و پاڵپشتی زیاتری بكات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی