هەر باش بوو،
بەناوبژیوانی و، تکای زۆری یەکێتی پیاوان
و کۆمەڵێک داکۆکیکار لە مافی پیاوان، منیان بردەوە ماڵەوە، ناسکەش بە کۆمەڵێک مەرجی
گران، قبوڵی کردمەوە! ئیدی ماڵمان بووە چراخان، بەیانیان تاکو نووستن سەماوەر گیزەی
دەهات، چا دێمی دەکێشا و بۆن و بەرامەی خواردن و دەستاوی ناسکە حەوت کۆڵان دەڕۆیشت.
باڵندەی بەختم لەسەر چڵی درەختی حەوشەی ماڵ کەوتە چڕینی خۆشترین ئاواز، ناسکە ماڵی
کردە جوانترین دوورگەی جوانی، ئیدی ناسکە ئاوایە لە کاتی ئاسایی دارمێوێکە و سەدان
هێشووى گرتوە، کە تێکیدەدا دەڵێی لافاوە و باڵی گرتوە.
ڕۆژێک گوتی: پیاوەکە دەمەوێت بچمە عەمڕە؟ گوتم:
ناسکەخان ئێستا کەی کاتی عەمڕەیە؟ ئاخر دوو مانگ جارێک موچە دێ، بێکاری وڵاتی تەنیوەتەوە.
دواتر ئەو پارەیەی لە عەمڕەی سەرفی دەکەی واباشە بیخەینە ناو پڕۆژەی خێرخوازی بۆ کڕینی
نەوت بۆ قوتابخانە و کڕینی داوودەرمان بۆ نەخۆشخانەکان. ئاخر خۆ خۆشت دەزانی
قوتابخانە و نەخۆشخانە حکومییەکان چەند بێنازن؟
ناسکە پێی لە کەوشان گیر کردو و چووە سەر تۆقەرانی
دارێ وگوتی: پیاوەکە منیش ئەوە دەزانم، ئەتوو ئەمن بە چ تێگەیشتی، خۆ ئەمن حكومەت
نیمە ئەو پرۆژانە بکەم. ئەمن بەس لە ڕقی خەجەی هەوگیانم دەچم، چونکە ئەویش چۆتە عەمڕە
و دوێنی لە دەوری كەعبە، سناپێکی کردبوو لەژێرەوەش نووسیبووی بە کوێرایی چاوێ دوژمنان. منیش دڵنیام لەگەڵ منی بوو. ئیدی ناسکە
گوێی نەگرت و خۆی ئامادە کرد. بەیانییەکی پایزی، تەدارەکی خۆی ڕووەو عەمڕە
رِيَكخست ، سەیرم کرد، بە وێنەی کچێکی چواردەساڵی دەم و چاوی ئارایشت کردووە و خۆی
ڕازاندۆتەوە. منیش پێم گوت: ناسکە دەچیە عەمڕە؟ یان زەماوەند؟ من ئەوەم گوت: تا هێزی
تیابوو چەپۆکێکی کێشا بەسەرمدا، دنیام لەبەر چاو تاریک بوو و نەمزانی نە شەوە نە ڕۆژ.
دیارە منیش ویستم لەو توندتر چەپۆکێکی لێ بدەم، بەڵام بێدەنگ بووم، چونکە ناسکە دەچووە
غەریبی و خۆشتان دەزانن دەردی دووری و غەریبیی چەندە دژوارە. جگە لەوەش خۆتان دەزانن
من چەند عاتیفی و لێبوردەم.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە ناسکە ڤیدیۆیەکی بۆ ناردم کەتیایدا
لەبەردەم كەعبە وەستاوە و دەستەودووعا ڕووەو ئاسمان، ئەو دوعایانەی دەکرد کە من پێم وایە كەعبە شوێنی دوعای خێرە بۆ هەموو لایەك كەچی
بە پێچەوانەوە ئەو بەو شێوەیە دوعای دەكرد: خوایە لۆ خاتری ناوەجوانەکانت تا خەجەی
هەوگیانم لە عەمڕە دەگەڕێتەوە مەحمودی شوبرام ژنی بەسەر هێنابێت. خوایە بۆ خاتری گەورەیی
خۆت، فاتە چڵکنی دراوسێمان هەڵدەیە جەهەنمێ ، چونکە ئەو ڕۆژەی لای دراوسێیەکمان
گوتبووی ناسکە نازانێت بریانی لێ بنێت. خوایەگیان توخاتری محەمەدی نازدار و هەر
چوار یارانی، ئامەی ئامۆزای مێردەکەم تەڵاق
بدرێت، چونکە گوتبووی ناسکە کە تووڕە دەبێت دەڵێی مەیمونە و حامزی خواردووە. خوایە
توو کەزی حەیش وفاتمان قالەی ئامۆزام وا لێ بکەی دارکاری قومری ژنی بکات، چونکە ئەو
ڕۆژەی پۆستێکم لە فەیسبووک کردبوو، لایک و کۆمێنتی بۆ نەنووسیبووم و گوتبووشی عەیبە
ناسکە بەو تەمەنەوە پرچی نیگرۆ دەکات. خوایە ئاخیر دوعام ئەوەیە کە مردم ددانی سەروخوارێی
مێردم هەمووی بکەون، بۆ ئەوەی کە چووە خوازبێنی هەر ژنەک، بە پیر دەرکەوێ کەس ژنێ
نەداتێ. لە ئاخیری ڤیدیۆکە ناسکە دەڵێ، ئامین ئامین یاڕەبولعالەمین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی