بەپێی لێدوانی پێشوەختەی هەڵبژاردن بێت لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە
بێت، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاسان نەبێت، چونكە هێشتا نێوانی هەردوولا لەسەر
دابەشكردنی پۆستەكان و چۆنیەتی كاركردنی حكومەت زیاترە لەوەی لەمیدیاكان باس دەكرێت.
ناكۆكیی و جیاوازی هەردوولا لەسەر دوو پرسی سەرەكییە. یەكەمیان؛
پرسی بڕیاردان و چۆنیەتی بەیەكەوە كاركردنی هەلادوولا روونكردنەوەی دەسەڵاتی كاربەدەستانی
حكومەت لەوەزارەت و جومگە جیاوازەكانی حكومەت، دووەمیشیان؛ پرسی دابەشكردنی پۆست و
وەزارەتەكانی حكومەتە بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆو سامانە سروشتیەكان و چەند وەزارەتێكی
دیكەی وەك پەروەردە، كارەبا، شارەوانیی.. تد.
لەدوای هەڵبژاردنی عیراق پێویستە پارتی و یەكێتیی زۆر خێرا
لەسەر پرسی پێكهێنانی هەردوو حكومەت رێككەون، چونكە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری
عیراق دێتە گۆڕێ. ئەگەر لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكنەكەون كە بەشێوەیەكی تەقلیدی
بەر یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەوێت، ئەوا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش ئاڵۆز
دەبێت.
ئەوەی زانراوە هەردوولا لەپرسی چۆنیەتی كاركردن بەیەكەوە
لەحكومەتی نوێ لەیەكتر نزیكبوونەتەوە بەڵام یەكێتیی دەیەوێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك
و جێگری سەرۆك بەیەكەوە گرێبدات، بۆئەوەی هەریەكێك دەستی لەكاركێشایەوە حكومەت بكەوێت
لەم پرسە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. ئەمە جگە لەوەی لەپرسی دابەشكردنی پۆستەكان و دەسەڵاتەكان
هێشتا لەیەكترییەوە دوورن.
لەدوایین دیداری هەردوولا لەسەر پێكهێنانی حكومەت، یەكێتیی
سوربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ دووپاتكردۆتەوەو وتویانە سازشی لەسەر
ناكەین. پرسی وەرگرتنی ئەو وەزارەتەشیان گرێداوە بەپرسی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی
حكومەت بۆ پارێزگاو قەزاو ناحیەكانی سلێمانیی، بەوپێیەی زۆربەی ئیشوكاری فەرمانگەكانی
پارێزگاكان گرێدراوی وەزارەتی ناوخۆن و ئیشوكارەكانیان سەر بەوەزارەتی ناوخۆن وەك
فەرمانگەكانی پۆلیس و دیوانی پارێزگاكان و دیوانی قەزاو ناحیەكان. بەشێكی گەورەی ئیشەكانیان
كە بەباشی بەڕێوەناچێت پەیوەندی بەو وەزارەتەوە هەیە.
تائێستا پارتی سورە لەسەر ئەوەی ئەو وەزارەتە لای خۆی بمێنێتەوە
كە ماوەی 20 ساڵە لای ئەو حزبەیە، لەبەرامبەردا پارتی پێشنیاری بۆ یەكێتیی كردووە
پۆستێكی نوێ لەئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وەزارەتی ناوخۆو دامودەزگا ئەمنیەكان
وەرگرێت، بەڵام یەكێتیی رەتیكردۆتەوەو رازینەبووە.
سەبارەت بە وەزارەت و دامودەزگاكانی دیكە، یەكێتیی داوای
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كردووە، یان وەزارەتی كارەبا. هاوكات داوایكردووە چەند
وەزارەتێك لەگەڵ پارتی ئالۆگۆڕ بكەن بۆنمونە وەزارەتی پەروەردە بدرێت بەیەكێتیی و
خوێندنی باڵا بۆ پارتیی، وەزارەتی كشتوكاڵ بدرێت بەپارتی و وەزارەتی شارەوانیی بۆ یەكێتیی.
پارتی لەسەر هەندێك پێشنیار رازی بووە.
دەكرێت بڵێین پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەپێی یاسا لەبەردەم
هەورازێكی سەختە. پارتی بەراورد بەحزبەكانی دیكە زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام
بەپێی ئەو دابەشكارییەی هەیە زۆر زەحمەتە بتوانێت بەبێ یەكێتیی حكومەت دروستبكات،
بگرە رەنگە توانای رێكخستنی كۆبونەوەیەكی پەرلەمانی نەبێت چونكە بۆ هەر كۆبونەویەك
پێویستە لانیكەم 51 ئەندام لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، بەڵام بەبێ یەكێتیی ئەو كۆبونەوەیە
زەحمەتە چونكە لایەنەكانی دیكە تائێستا ئامادەنین نەبێنە پەرلەمان و نەدەنگ بۆ هەڵبژاردنی
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم بدەن بۆیە پرسی پێكهێنانی حكومەت گەیشتۆتە
هەورازێكی سەخت و یەكلایی بۆتەوە پارتی بەبێ یەكێتیی ناتوانێت حكومەتی نوێ
دروستبكات.
لەرووی شكلیەوە واتە (بەژمارە) بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستە
لانیكەم 51 ئەندام لەهۆڵی پەرلەمان بن تا رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دروست
ببێت، ئینجا دەنگ رێكارەكانی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات. لەرووی واقعیەوە پرسی
پێكهێنانی حكومەت گرێدراوی رێككەوتنی پارتی و یەكێتییە، هیچ كام لەو دوو حزبە بەبێ
ئەویدیكە ناتوانێت حكومەت دروستبكات چونكە هەردوولا خاوەنی هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان
و نفوزو جوگرافیای خۆیانن، ئەگەر لایەنێكیان بێ ئەویدیكە حكومەت دروستبكات ئەوا بەدڵنیاییەوە
گرفتی گەورە دروست دەبێت، جارێكی دیكە هەرێم دەكەوێتە بەردەم لەتبوون و ئاڵۆزیی زۆر
خراپە چونكە تائێستا ئەنجامی هەڵبژاردن یان زۆرینەو كەمینە لەپەرلەمان نەبۆتە بنەمای
دروستكردنی حكومەت، بەڵكو رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتیی بنەمایە بۆ هەر
حكومەت و كابینەیەكی نوێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی