لەگەڵ ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپێشاندانەکانی سوریا و دەرکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن، تورکیا زوو پلانی لەناوبردنی هەر هێزێکی کوردی داڕشت، لە ڕۆژئاوای کودستان جێ بگرێت و ببێتە هۆی درووستکرنی ستاستۆیەکی کوردی لە سوریا.
هەر لە سەرەتاوە بژاردەی یەکەمی تورکیا دژ بە ئەزموونی ڕۆژئاوا، بەکارهێنانی هێز بوو. تورکیا ڕاستەوخۆ یان لە رێی بەکرێگراوە ئیسلامییە سوری و ئۆزبەکی و شیشانییەکانەوە، زیاتر لە جارێک و لە زیاتر لە قۆڵێکەوە، هێرشی سەربازی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
دوای شەڕەکانی بەنداوی تشرین لە بەهاری ئەمساڵدا، تورکیا تێگەیشت، بێجگە لە خۆڕاگری شەڕڤانان، ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕێگە بە داگیرکاری زیاتری تورکیا نادەن. تورکیا تێگەیشت ئەگەر لە هێرشکردن بەردەوامبێت، ئەمریکا و هاوپەیمانان، ڕەنگە چەکی نوێتر و پێشکەوتووتر بدەن بە هەسەدە و دۆخەکە بۆ تورکیا ئاڵۆزتر بێت.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو دەڵێت: مانگی نۆی ئەمساڵ تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەمریکییەکان، پێشنیاری هێرشێکی دوازدەڕۆژەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، بەڵام پێشنیارەکەی تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
دوای ڕێکەوتنی دەی مارسی ئەمساڵ لە نێوان جەنەراڵ مەزڵوم و ئەحمەد شەرع، تورکیا بە مەبەستی پەکخستنی رێکەوتنەکە، توانی ڕێگە لە کۆبوونەوەکانی نێوان دیمەشق حەسەکە، لە پاریس و عەمان و دیمەشق بگرێت، تا لە شەشی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، ئەمریکیەکان لە هەنگاوێکی کتوپڕدا بەشێک لە مەرجەکانی هەسەدە و خۆسەریان بەسەر دیمەشقدا سەپاند! بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا نوێنەری کۆشکی سپی تۆماس بەڕاک و فەرماندەی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، براد کوپر، سەردانی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و فەرماندەی گشتی یەپەژە ڕوهەلات عەفرینیان کرد، دواتر هەمووان بە سێ کۆپتەری ئەمریکی گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع و هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی سوری کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا هێزەکانی هەسەدە وەک بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سوری لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە، پێداچوونەوە بە دەستووری کاتی سوریادا بکرێت، ئاوارەکانی عەفرین بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەشێک لەو نەوتەی لە ناوچەکانی خۆسەری بەرهەم دەهێنرێت، بدرێت بە حکومەتی دیمەشق. بە کورتی کۆبوونەوەکە ڕێسەکەی تورکیای کردەوە بە خوری.
تورکیا لەوە تێگەیشتووە کە پلانی A، پلانێکی ناواقیعی و پڕ لەڕیسکە، بۆیە لە ئێستادا هەوڵ دەدات پلانی B جێبەجێ بکات.
پلانی B بریتییە لە دوو بەش، بەشی یەکەم پڕچەککردنی بەشێک لە هێزەکانی حکومەتی سوریا, بەتایبەت عەمشات و حەمزات ئەوانەی ڕاستەخۆ گوێڕایەڵی تورکیان، تا لە داهاتوودا بە چەکی پێشکەوتووی تورکی هیرش بکەنە سەر ناوچەکانی هەسەدە. بەشی دووەمی پلانەکە نوێکردنەوەی رێکەوتنێکی کۆنی نێوان سوریا و تورکیایە، بە پێی رێکەوتنە کۆنەکە، سوپای تورکیا دەیتوانی تا نزیکەی پێنج کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سوریاوە. ئێستا تورکیا هەوڵدەدات لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا ڕێکەوتنەکە بە دەستکارییەوە نوێ بکاتەوە، بە جۆرێک سوپای تورکیا بتوانێت تا سی کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سوریاوە.
ململانێی نێوان ئەردوغان و توندڕەویی ئیسلامی لە لایەک و کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لەلایەکی تر، کۆتایی نەهاتووە.
ئەوەی توانای یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەی هەیە، ئیرادەی بەهێزی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆسەری و پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکایە بۆ کورد و پێکهاتەکانی سوریا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی