دیاردەی نیقاب و لێکەوتە دەروونی و ئەمنی و تەندروستیەکانی !

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو


چەندین جار هاوارمانکرد و نوسیمان و سوێندمان خوارد کە نیقاب عادەیە و عیبادە نیە و فەرز نیە و سونەتیش نیە ، جووەکان ئەمەیان بە میرات لە باب و باپیرانیانەوە وەرگرتووە کەچی هەندێک بانگخوازی ئیسلامی دواکەوتووی کوردستان داکۆکی لێدەکەن  ، نیقاب و ئەو جۆرە شتانە سەرچاوەی فۆلکلۆری ئینسانین و ، نەوەکان بە پیاوانی ئایینیشەوە بە کوێرانە گواستراوەتەوە ، لە هەمووی ورووژێنەتر ئەوەیە ، کە جنۆکە  بەڕۆژی ڕووناک لە ئاسمان دێنە خوارەوە بۆ جووتبون لەگەڵ ئەو ژنانەی کە سەرکۆتن و ڕوخساریان دیارە و ، کاتێکیش تێر بوون دەچنەوە ئاسمان و ، ئەگەریش هەوەسی سێکسی-یان هەڵسا دیسان دادەبەزنە سەر زەوی…تاد جا بۆئەوەی ژنان خۆیان لەو پڕدانە سێکسیە دەباز بکەن سەر و قژ و ڕوخساری خۆیان دەشاردەوە بۆ سەرلێشێواندنی جنۆکە و بەمە خۆیان ڕزگار دەکرد .
لەڕاستیدا نیقاب و جوبە و حیجاب و دەستەواژەی وەک «جزاك الله خيرا » کە لەجیاتی سوپاس و «السلام عليكم » لەجیاتی بەیانیت باش بەکاردێت و ئەو جۆرە شتانە نامۆن لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی ، ئەمانە دوای نەوەدەکان لەڕێگەی چالاکیە ژێربەژێر و ئاشکرای ئیخوانی موسلیمینی کوردستان زۆر بەچڕی هێنایانە کوردستان کە لە سعودیە هاوردەیان کرد کە کاریگەری ڕەوتی وەهابی سعودیەی لەسەر بوو ، لە ساڵانی چلەکان بەدواوە تا دەگاتە دوای هەشتاکان لەناو کچان و ژنانی کوردستان نیقاب و جوبە و ئەو جلە ترسناکانە نەبوو « کە منداڵی ساوا بیانبینێت لە ترسان دەگریێت » ، ئەوکات ئەوانەی جلی سفوریان لەبەربووبا ، تەنوورەکانیان لەسەر چۆکان بوو و دەست و مەچەکیشیان ڕووت بوون و سەریشیان کۆت بوو و ، ژنانی گووندەکانیش چارۆگەیان لەبەردەکرد کە تائێستاش لەبەریدەکەن و ، دینداری و خواپەرستی ئەوکاتیش لە ئێستا گەرمتر و روحانیتر بوو ، ئەوکات کەس گاڵتەی بە عەقیدەی ئەوەی تر نەدەکرد ، لە ڕەمەزان بەڕۆژ چایخانە و چێشتخانە و یانە و باڕەکان  هەبوون و دانەخرابوون و گێچەڵی سێکسی و تاوانی قێزەوەندی سەیر و سەمەرەی وەک ئێستا نەبوو و ، کوردستان لەناو کەشوهەوایەکی ئازادی کۆمەڵایەتی  دەژیا و کچان و ژنان لەگەڵ ماڵباتەکانیان  دەچونە سینمای هاوینە ، کە شانۆگەریەک نمایش دەکرا هۆڵی شانۆ پڕدەبوو و کتێب و گۆڤارەکان بۆ خوێندنەوە بەبەر نەدەکەوت  کەچی بەداخەوە ئێستا  گەیشتوینەتە ڕۆژگارێک  کەسانێک  پەیدابوونە دژی هەموو جوانیەکانن و  داکۆکی لەو جلوبەرگە تاریکە دەکەن !! …..جل و بەرگ حیکمەتی خۆی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئامرازە و ئامانج نیە ، بۆیە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر و لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر جیاوازە ، فەلسەفەی جلوبەرەگ وەک وەرەقەیەکی ئاشتەواییە لەنێوان مرۆڤ و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژیت ، جلوبەرگ  ئامرازێکی پێکەوەژیان و پەیوەندیە ، نەک وەک نیقاب و جوبە کە ئامرازێکە بۆ گۆشەگیری و دابڕان و تاریکی ، ناچارکردنی کچان و ژنان بۆ پۆشینی نیقاب و جوبە و حیجاب ، دەبێتە مایەی تووشبونیان بە گرفتی دەروونی و تێکچوونی ڕەفتاریان ،  هەروەها پێم وایە کە پۆشینی ئەو جۆرە جلە کێشە بۆ بینین و لاوازی بینایەی چاو دروستدەکات  و ، هەناسەشی بە شێوەکی باش نابێت ، لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئەمنیەوە پۆشینی نیقاب بوار بۆ ئەوانە دەڕەخسێنێت کە نیەتی جێبەجێکردنی تاوانیان هەیە و خۆیان لە پشت پەردە دەشارنەوە بێ ئەوەی ناسنامەیان بناسی کە ئەو کەسە پیاوە یان ژن !! زۆر جێی داخە کە نیقاب و حیجاب و جوبە و لەچەکی تووند لە قووتابخانە و زانکۆکان هەبێت و ، هەروەها بە هەمان شێوەش نابێت لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان  هەبێت و  ئاخر چۆن دەتوانیت پەیوەندی بکەیەت و ئارامی و دڵنەوایی لەنێوان نەخۆش بە بوونی ئەو جلە مەترستدارانە بڵاوبکەیتەوە ، پێویستە دەسەڵات قانونێک  بۆ قەدەخەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە لە فەرمانگە ڕسمی و قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان دەربکات ، کە بەڕاستی ئەمە دەبێتە سەرکەووتن بۆ بەهاکانی چيژ و جوانی و ئینسانی و هێنانەدی بەرژەوەندی ئاسایش و تەرخانکردن بۆ کلتووری پێکەوژیانی هاوبەشی مرۆیی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی