کۆیلەو کاریگەریەکانی لەسەر هەڵبژاردن

1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەلا فه‌رمان محه‌مه‌د

لەمێژودا باسدەکرێ یۆنانیەکان داهێنەری سیستەمی ژیانی دیموکراسین‌و وڵاتەکەیان بەلانکەی دیموکراسی دادەنرێت، لەم لانکەوە سەریهەڵداوەو گەورەبوە، لەگەڵ ئەم داهێنانەشدا یونانیەکان دەیانوت "کۆیلەکان لەبەرئەوەی ئازادنین‌و تەنها دەنگ بەئاغاکانیان دەدەن، بۆیە نابێت بەشداریی هەڵبژاردن بکەن".

پاڵنەری نوسینی ئەم وتارە:
* لایەنگری حزبێکم بینی دەیوت، "لەبەرئەوەی مەلائیکەکان دەنگی دەدەنێ‌و پشتیوانیدەکەن، حزبەکەم یەکەم دەبێ، یان یەکێکی تر ئامادەیە ببێ بەسەگی بەردەرگا".

* لەکەرکوک گەنج دەکڕدرێت بە 50 هەزار دینار..... زیاتر.

* گواستنەوەی سەنگەر لەکاتی هەڵبژاردنەکان.

ڕاستە هەڵبژاردن‌و دەنگدان لەکەشێکی دیموکراسیدا دەستەبەری حوکمێکی ڕەشیدو دادپەروەر دەکات، کاتێک هەر تاکێکی کۆمەڵگە ئازادبێت لەدەنگدان، بەڵام کە دەنگدەر ناچاردەکرێ بەڕێگەی جیاجیا: هەڕه‌شەو ترس، پارەو بەرتیل، نانبڕین یان لەسەر بنەمای خێڵ‌و وابەستەیی‌و خزمخزمێنە، ئەوا بەرهەمەکەی هێنانەدی حکومەتی ناڕەشید، نادادپەروەرو گەندەڵ دەبێ.

ئەو بارودۆخە چەقبەستوەی ئێستای گەلی عێراق‌و هەرێم تێیدا دەژین بەکردەوە دەریدەخات تەواوی هەڵبژاردنەکان لە2003 بۆ ئێستا، یان 1991 بۆ ئێستا، نە لەکەشێکی دیموکراسیدا ئەنجامدراوە نە تاکی ئازادیش هێندە بوە تا بتوانێ ئاراستەی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێ.

ئەم چەقبەستوە سیاسیەی لەم وڵاتە هەیە، بەرهەمی ئەو هەڵبژاردنانەن، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێم‌و عێراق لەژێر پرسیاردایەو ئومێد ناکرێ لەمەودای نزیکدا بەم پرۆسەیە ڕێڕەوی حوکمڕانیی‌و گوزەرانی خەڵک بگۆڕدرێ.

لەم وڵاتە (هەرێمی کوردستان‌و عێراق) ئەگەرچی جۆری کۆیلەو کۆیلایەتی‌و خاوەنەکانیان گۆڕاوە، بەڵام کاریگەریەکانیان وەک خۆی ماوە، ناشتوانین وەک یۆنانی کۆن بکەین، بۆیە تا هەموو تاکەکان ئازاد نەبن، کۆتایی بەکۆیلە نەیەت لەڕێگەی پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەو یەکگرتنی دەنگە ناڕازییەکان بۆ لادانی ئەم سیستەمە ناقۆلایە، پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ دەرئەنجامێکی ئەووتۆی ئەرێنی لێ چاوەڕوان ناکرێت.

ئەی بۆ دەنگ بدەین؟
دوا قسە، بەشداریی خەڵک لەدەنگدان‌و دەنگدان بەلایەنەکانی دەرەوەی حزبەکانی دەسەڵات، پەیامێکە بۆ:
1ـ ڕای گشتیی
2ـ دونیای دەرەوە
3ـ بۆ کادری خودی حزبەکانیش ئاگادارکردنەوەیەکی باشە

کە هاوڵاتیان ناڕازین لەم دەسەڵاتانەی، ئێوە پشتیوانیان دەکەن.. جگەلەوەی ئەم بەشداریکردنە لەمەودای دوردا بەرهەمی باشی دەبێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە