لەناو گەلی توركا كەسانی ئاشتیخواز، مرۆڤدۆست ، ئازادیخواز هەن ، بەڵام لە چاو ئەو ئاوەزە فاشیستیەی تورككە لە فاشیزمی هیچ شوێنێكی دیكەی ئەم سەرزەمینە ناچێت ، بەردەوام دەستەبژێری مرۆ دۆست و ئازادیخواز ون و كەمتر دیارن، هەندێك گفت و گۆو لێدوانی پەرلەمانتاری فاشی دەبیسین و گوێمان لێدەبێت، بە سەر سوڕمانەوە دەڵێین ئەمانە نوێنەری توركیانن تەنانەت تا ئەمچركەیەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نەیتوانیوە گیانی فاشیزم لە خۆیدا بێدەنگ بكات ئەوەتا لە گەڵ ئەوەشدا كە باسی برایەتی كوردو تورك دەكات و بانگەشەی ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات و دەڵێ بۆ من سلێمانی و ئەستەنبوڵ یەكن و ناوی خانی و یونس ئەمرە بە یەكەوە دێنێت، كەچی داوا لە پارلەمان دەكات مانەوەی سوپای توركیا لە ناو خاكی بێسەروەری ئێراق و سوریا سێ ساڵی تر درێژ بكەنەوە " گوایە لە سنورەكان مەترسی تیرۆر هەیە " دەوڵەت باخچەلی بە حساب ئەو بۆ ئەم قۆناغەی ئاشتی یەكەم كەس بوو لێدوانی دا كەچی كەم ڕۆژ هەیە پەلاماری ئازایخوازانی كوردی ڕۆژئاوا نەدات و بە تیرۆریست لە قەڵەمیان نەدات ، لە كاتێكا بە شاهیدی یارو نەیار ئەوەی لوتی داعشی شكاند هەسەد و قەسەدو ڕۆژئاوا بوون .
لە بارو دۆخی لەم جۆرەدا بەردەوام ئاشتی لە مەترسی گەورەدایەو لە بەردەم هەڕەشەی شەڕدایە، سەرەڕای پێداگری ئۆچئالان بۆ درێژە دان بە ئاشتی، وێڕای پەیامەكانی دەمپارتی و پەروین بۆڵدان و ئەحمەد تورك و تا دوای هێشتا ئاوەزی فاشیانەی تورك لە ناو پارلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی توركیا وەكو دڕندە پەلاماری كورد دەدەن و بە تیرۆریست لە قەڵەمیان دەدەن و تێیاندایە دەڵێت ئاشتی لە گەڵ تیرۆریست مەحاڵە، مەبەستیان كوردە، ئاوەزی توركی ئاوەزی ئاشتی نیەو تا ئێستا جگە لە لێدوانی بەرزو نزم یەك هەنگاوی ئەرێنی نەنراوە بۆ ئاشتی، ئەوان هێشتا لە توركیا بچوكترین وەڵامی ئاپۆو پارتی كرێكارانی كوردستانیان نەداوەتەوە كەچی شەوو ڕۆژ دەڵێن دەبێت یەپەگەو هەسەدە نەمێنن، لەو لاشەوە بەردەوام بە چەك و چۆڵ یارمەتی ئەحمەد شەرع و میلیشیا توند ڕەوەكان دەكەن و دەیانەوێ دۆخی سەقامگیری بارۆس تێكبدەن ، وێڕای ئەوەش بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان پێكهاتەكانی ڕۆژئاوا بكەن بە گژ یەكترا .
تورك تا ئێستا ئاشتی وەك تەلزگەو داو تەماشا دەكەن و لەو ڕێگەیەوە بەردەوام لە خەیاڵی ئەوەدان دۆخی كورد نەك هەر لە باكور بگرە لە ڕۆژئاواو باشوریش بەرەو پاش بەرنەوە، بۆ ئەمەش پەنایان بۆ هەموو ڕێگەیەك بردوە، لە بەجاشكردنەوە تا هەڕەشەو تێكدانی ئارامی و داگیركاری لە دەرەوەی كوردستانی باكور لە باشورو ڕۆژئاوای كوردستان، تا ئەمڕۆ نەمیدیای توركی ، نە پیاوانی ئاینی تورك ، نە دەستەبژێری سیاسی تورك و نەسوپا وەك پێویست بایەخ بە ئاشتی نادەن و سەرە ڕای فشاری بەردەوامی یەكێتی ئەوروپاش ئامادە نین لانی كەم سەلاحەدین دەمیر تاش لە زیندان ئازاد بكەن، نەك عەبدوڵا ئۆچئالان كە لە ناو پارلەماندا كەسانێك هەن بە خوێنی سەری تینون و ئامادە نین جگە لە تیرۆریست بە ناوی خۆی بانگی بكەن ، لە كاتێكا برازایەكی ئەندامی پارلەمانی توركیایە.
لای توركیاو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئاشتی ئامرازەو ئامانج نیە ، ئەمە بە پێچەوانەی یەكەمین بانگەوازی عەبدوڵا ئۆچئالانەوە كە داوای خۆ هەڵوەشانەوەی پەكەكەو هەنگاوی ئەرێنی لە قەندیل كردو ئەوانیش وەڵامیان دایەو و تەنانەت لە جاسەنەژمارەیەك چەكیان سوتاند وەك ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ بە پیرەوە چونی ئاشتی و ئەو پرۆسەیەش لە ژێر سەركردایەتی تێكۆشەرێكی وەك بەسێ هۆزاتا بە ڕێوەچوو، هەڵبەت توركیا جگە لە ملدان بۆ ئاشتی و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلانی ڕۆژئاوای كوردستان، هیچ جێگرەوەیەكی تری نیە، بۆیە ئەگەر لەم قۆناغەشدا ئاشتی سەرنەگرێت وئاوەزی فاشیانە پاشەكشە بە ئاشتی بكات، لە جارێكی تردا ئاشتی سەر دەگرێت ، بۆ ئەوەش كورد سەد ساڵی بۆ گێڕانەوەی شوناس بە خوێن نەخشاند باكی ئەوەی نیە بۆ سەپاندنی ئەو شوناس و ناسنامەیە درێژە بە كاروانەكە بدات، لێ كێ زەرەر مەندی یەكەمە لەوەدا هەڵبەت كورد قوربانی دەدا ، بەڵام توركیا بە دانپیانانی خۆیان چل ساڵ شەڕ جگە لە كوشت و بڕو ماڵوێرانی ملیاران دۆلاری تێچووە، كەواتە چارەسەر تەنها گۆڕینی ئەو ئاوەزە فاشیزمیەو باوەڕهێنانە بە ئاشتی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی