كەشناسییەكەی خۆشناوەتی لەكار كەوت!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

none


هاوین دیسان سەفەری ساڵی هاتە پێش، بۆیە خەریكی پێچانەوەی بارگەوبنەی خۆی بوو، نیشانە و هێماكانی پایز لەسەر تەوێڵی چیا و پێدەشت و گرد و یاڵ و بنارەكان بەدیار كەوتبوون، كانیاوەكانی ئاوایی لەكورتیان دابوو، زۆری نەمابوو وای لێ بێت تینوێتی ڕێبواری ڕێی دوور نەشكێنیت، ڕووبار لەشەپۆل كەوتبوو، پشیلۆكەی قژ سپی كە دایكم دەیگوت هێمای پایزن لە كوچە و كۆڵانان بەدیاركەوتبوون، دارتووەكەی حەوشەكەمان لە ترسان ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، چونكە پایز بە وێنەی منداڵێكی هاروهاج پێی هەڵگەڕا بوو، یەكە یەكە گەڵاكانی دەڕنیەوە.

 چوارساڵ پێش ئێستا ئێوارەیەك مام سۆفیم بینی بە وێنەی باب مردە لەبن سیلەی مزگەوت هەڵكورمابوو، سۆفی پیاوێكی نورانی و بەتەمەنی گوندەكەمانە، سەری لەزۆر شت دەردەچێت، بەتایبەتی لە بارەی باران و سەرما و گەرما كەشناسێكە بۆخۆی، لێی چوومە پێش و پێم گووت مام سۆفی چ باسە؟ ئەمساڵ چۆن دەبێت؟ باران دەبارێت نابارێت؟ ئاخر نەك من هەموو خەڵكی ناوچەكە لەم ڕووەوە متمانەیان پێی هەیە و بە ڕاستگۆتریشی دەزانن لە كەشناسییەكانی هەرێم كە ژمارەیان هەزارانە.

مام سۆفی گووتی ئەمساڵ باران زۆر دەبارێت، گوتم بەچی دیارە؟ سۆفی گوتی بەینی خۆمان بی مێروو مشەوەشن، هەر بەڕاستیش وادەرچوو ئەوساڵە بارانێكی باش باری، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا مام سۆفیم لە هەمان شوێن بینیەوە بەڵام پیری كەلەلای كردبوو، تەمەن بڕستی لێ بڕیبوو، لێم پرسی سۆفی گیان ئەمساڵ كەش و هەوا چۆن دەبێت؟ گوتی زیرەك قەسەم بەخوا میدیای كوردی وەها مەشغۆڵیان كردووم، مێشكم ئیش ناكات و هەرچەند دەكەم خەیاڵان لەفكران ڕۆدەچم، سەیری عارد ئاسمان دەكەم، سەردەهێنم و سەردەبەم لە عەربەی دنكەكی تێناگەم، هەڵبەت مام سۆفی هەر سەری لە كەش وهەوا دەرنەدەچوو، بەڵكو عەرەبی زانێكی باشیش بوو،

 بەردەوامیش بۆ زانینی هەواڵی نوێ میللی ڕادیۆی بادەدا، بۆیە پێی گۆتم كوڕی خۆم میدیای كوردی هەموو شتیان شێواند، ئەم  میدیایانە خیانەتكاری و وڵات فرۆشی و بڕینی نان و قووتی خەڵك بە ئازایەتی دەزانن و شانازیشی پێوەدەكەن،
 كوشتن و تووند و تیژیان كردە مەسەلەیەكی ئاسایی، سۆفی درێژەی بە قسەكاندا و گوتی جاران تەنانەت منداڵیش ئەگەر درۆی بكردبا حەیای دەچوو ڕووی نەدەهات بێتە مەجلیسان، كەچی ئێستا میدیای كوردی كەشێكی دروست كردووە ئینسان بە درۆ دەوڵەمەند دەبێت، پلە و پۆست وەردەگرێت دەبێتە پیاو ماقووڵ و لای ژۆری و سەری مەجلیس و كۆڕ و كۆبوونەوەمان لێدەگرێت، 

میدیای هەرێم مێش دەكەنە گامێش، بۆق دەكەن بە كەروێشك و كەروێشكیش دەكەن بە تانجی، هەواڵ دەكەن بە ڕووداو، ڕووداو دەكەن بە هەواڵ. مام سۆفی بەو پێیەی گوێگری بەردەوامی هەواڵەكانە گوتی ئەو ڕۆژە گوێم لەڕادیۆی لەندەن بوو گوتی وڵات هەیە بەشێك لەداهاتی ساڵانەی خۆی تەرخان دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی میدیا، كەچی ساڵانە لەم مەملەكەتەی ئێمە بە دەیان ملیۆن دۆلار دەڕژێتە قوڕگی میدیا بۆ ناشیرینكردنی جوانی و جوان كردنی درۆ،

 گوتم مام سۆفی كە ئەوە حاڵی میدیا بێت ئەی ئەو بەشە لەو حزب و سیاسیانە ڕای گشتی دەگەوجێنن؟ لەبارەی ئەوان چیدەڵێیت؟ سۆفی بەدەنگێكی بڵند پێكەنی و گوتی جاوەرە تێكە و فڕكە؟ ئاخر هەی هێڕوهوڕ ئەدی سەعاتەكە باسی چیت بۆدەكەم؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی