⸻
لە کۆتایی فیلمی (The Dark Valley - دۆڵە تاریکەکە)دوای ئەوەی پاڵەوانەکە خەڵکی گوندەکانی دۆڵەکە لە چنکی ئاغا ستەمکارەکەیان رزگار دەکات کە دەبوو هەموو کچێک لە یەکەم شەوی بوکێنیدا لە گەڵ ئەو جووت بێت، خەلکی گوندەکە دەکەونە دژایەتی و ئەویش بەجێیان دەهێڵێ و دەڵێت: «ئازادی دیارییەکە هەموو کەسێک حەزی لێی نییە».
لە جیهانی هاوچەرخماندا هیچ وشەیەک هێندەی وشەی 'ئازادی' بە خراپی بەکارنەهێنراوە. لە گۆڕەپانەکاندا بەرز دەکرێتەوە، لە دەستوورەکاندا دەنووسرێت و لە تابلۆکاندا هەڵدەواسرێت، بەڵام لە هۆشیاری و هەڵسوکەوتدا ئامادەییەکەی نزیکە لە نەبوون. دژوارییەکی ئازاربەخشە کە ئازادی – ئەو دیارییەی کە پێمان وایە بۆی لەدایک بووین – زۆر کەس نایانەوێت و نزیکیش لە دەرەنجامەکانی ناکەونەوە.
ئازادی هەستێکی جوان یان مەودایەکی کراوە بەبێ سنوور نییە، وەک چۆن وتاری پۆپۆیستی (الشعبوي) وێنای دەکات. بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی قورسە کە شوێنی مرۆڤ لە ملکەچییەوە دەگۆڕێت بۆ خاوەنی بڕیار، و لە وەرگرەوە بۆ دروستکەری چارەنووسی خۆی.
لێرەوە کێشەکە دەست پێدەکات: چونکە زۆر کەس هەن راحەتی و ملکەچی پێ باشترە تاوەکو سەربەخۆیی بڕیاردان، و ئاسایشێکی وەهمیان پێ گونجاوترە لە ئاگایی و زانینی حەقیقەت. ئەم ئاراستە دەروونییە نوێ نییە؛ ئێریک فرۆم ناوی ناوە «هەڵهاتن لە ئازادی»، کاتێک تاک کۆتوبەندی پێ باشترە لە دڵەراوکێی بڕیاردان.
ئەوە تەنها ستەمی سیاسیییەکان نیین دوژمنی ئازادین؛ ستەم لە ئەقڵەکانەوە دەست پێدەکات پێش ئەوەی لە سیستەمەکاندا جێگیر بێت. هەندێک هەن ئازادیی ئەوانی دیکە بە ناوی ئایینەوە ڕەت دەکەنەوە، و ئەوانی دیکە بە ناوی نەریتەوە، و سێیەمیش بە ناوی دەوڵەتەوە. لە ناوەڕۆکدا، هەموو ئەمانە نەک هێندەی لە ئازادی لە واقیعی سیاسیدا دەترسن، هێندە لە ئازادیی ناو ناخی خۆیان دەترسن. چونکە ئازادی پێویستی بە بوێری پرسیارکردنە لەبری دووبارە کردنەوەی میرات، و بەرگەگرتنی دەرەنجامی هەڵوێستە لەبری پەنابردنە بەر کۆمەڵ.
ئەو نەتەوانەی لە ئازادی دەترسن پێویستیان بە ستەمکار نییە؛ بەڵکوو بە دەستی خۆیان دروستی دەکەن و پاشان پاساوی بۆ دەهێننەوە، چونکە نایانەوێت ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی ببنەوە. لە بەرامبەردا، گەلانی زیندوو بەهۆی ئەوەی دروشمی ئازادیان بەرزکردوەتەوە پێش نەکەوتوون، بەڵکوو لەبەر ئەوە پێشکەوتوون چونکە باجیان بۆ ئازادی داوە: پەروەردە، ڕۆشنبیری، ململانێ، و هۆشیارییەکی شارستانیی درێژخایەن.
ئازادی لە لایەن حاکمێکەوە نادرێت، لە وڵاتانەوە ناهێنرێت و لە بازاڕیش ناکڕدرێت. ئازادی بڕیارێکی خودییە پێش ئەوەی مافێکی سیاسی بێت، و پەروەردەیەکی درێژخایەنە، پێش ئەوەی یاسایەکی نووسراو بێت. بەبێ ئەم هۆشیارییە، بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی لە کاتێکدا بە عەقڵییەتی کۆیلەکان دەژین، داوای شتێک دەکەین کە بەرگەی ناگرین، و لەوە ڕادەکەین کە بانگەشەی ئەوە دەکەین کە دەمانەوێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی