هەر لە دوای هەماقەتی ڕووداوی « 7 »ی ئۆکتۆبەری 2023 بومەلەرزەیەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دا و ، تێیدا گۆڕانکاری لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین ڕوویاندا و هەموو ئەو چەکدار و هێزانەی سەر بەئێران بوون کۆتاییان هات و لاوازبوون ، عێراق-یش کە سییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا کەوتە ناو بازنەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەبێت بگۆڕدرێت و هەوڵدەدرا بە هێزی نەرم و دبلۆماسیەت گۆڕانەکە بکرێت و نەگاتە هێزی ڕەق ، وا ئەوڕۆ نۆبەی هات ، ئەوڕۆ وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەن سەرۆکێکە کە شیوازی بیرکردنەوەی زۆر بە کەسایەتی « شایلۆک » لە شاکارە بەناوبانگەکەی « بازرگانەکەی بوندەقیە »ی شەکسپیر دەچێت کە بەعەقلیەتی بزنسمان و کەرتی تایبەت بیردەکاتەوە و دەیەوێت تەجاوزی دبلۆماسیەت و بیرۆکراتیەت و کتابنا و کتابکم بکات ، هەربۆیەش ئەو سەرۆکە« ترەمپ » نێردەی تایبەتی خۆی بۆ سوریا و لوبنان ، غەززە و ئۆکراینا و ، ئێستاش بۆ عێراق داناوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبێت ، کە لەڕاستیدا من پێم وایە ئەمانە وەک مندوبی سامی جارانن ، ئەمجارە ئەمریکا لە هەموو کات جدیترە و دەیەوێت ئەو مەهزەلەیەی کە ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت نەیهێڵێت و ، سەرەتا بە سزا خستنەسەر کۆمپانیا نەوتیەکان و خستنە نێو لیستی تیرۆری چوار فسیڵی عێراقی و کۆمپانیای مهندس و سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی و برایەکەی و « کەشتی سێبەر » ، واتە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ئێران نزیکن دەستیپێکرد و ، ئێستاش ترەمپ « مارک ساڤایا »ی نزیک لە « لویس ساکۆ »ی بەتریرکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق کردۆتە نێردەی خۆی لە عێراق بۆ پاداشتکردنەوەی لەبری کۆکرنەوەی دەنگ لە دیترۆیت بۆ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ، هێناویەتی بۆ عێراق بۆ ئەوەی بەروەڕووبونەوەی نفوزی ئێران بەتایبەتی چەکداماڵینی ئەوانەی هاواریان دەکرد « کلا کلا لامریکا » و دروشمی دەبێت داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق نەمینێت و چەک تەسلیم ناکەین چونکە لە « ئیمام مەهدی » وەرمانگرتووە !!
هەروەها ئەرکێکی تری ساڤایا بریتیە لە پەیوەندیکردن بە هەولێر و ڕازیکردنی نێوان هەولێر و بەغدا و نەهێشتنی کێشەی نێوان هەردوولا و ، کاروباری وەبەرهێنان و نەوت و ووزە لە عێراق ئەرکی سەرەکیەتی بۆ بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا ، هەروەک ترەمپ لە لووتکەی شەرەم شێخ ڕایگەیاند کە عێراق نەوتێکی زۆری هەیە بەڵام نازانێت بەکاریبهێنێت ، ئەوە دەزانرێت کە ساڤایا ئەزموونی کاری حکومی و دبلۆماسی و سیاسی و چالاکی گشتی نیە و ، لەڕووی قانونیەوە لە ویلایەتی مەشیگان ڕێگەپێدراوە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەری « ماریگوانا » کە بۆ مەبەستی پزیشکی و خۆشیی بەکاردێت ، لەوانەیە بپرسن ئەدی « مەکگۆرک »یش نێردرەی ئەمەریکا نەبوو لە عێراق ؟! مەکگۆرک کەسێک بوو خاو و خۆپەرست و گوایە پابەندە بە ئایدۆلۆژیای لێبڕالیەت و بەها بەرزەکان ئەماریکا ، لەگەڵیشدا ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی خۆی کاریدەکرد بۆ وڵاتەکەی نەیدەکرد ، ئەمە جگە لەوەی کە وەلای بۆ بایدن و کۆشکی سپی نەبوو ، هەربۆیەش جارێکیان لە ترەمپ-یان پرسی کە مەکگۆرک کێیە ؟ گووتی : من نایناسم…..
ئەولەویەت لەناو سەری ترەمپ-دا ئایدۆلۆژیایەکە کە پێکهاتووە لە سەفقە و بازرگانی و ستایشکردنی و وەلا بۆی کە کۆڕالەکەی دەوروبەری لەیەک کاتدا بۆی دەڵێنەوە ، ئەوانەی لە دەوروبەری « ترەمپ » دان یەک شت ئەوانی کۆکردۆتەوە ئەویش وەلای ڕەهایە بۆی و ئەمجارە بوار بۆ دروستکردنی کۆسپی سیاسی یان ئامرازەکانی بیرۆکراتیەت ئەوەی کە پێی دەڵێن ( دەوڵەتی قوول ) نادات و هەر نێردەیەک ڕاستەوخۆ سەر بەخۆیەتی و پەیوەندی بەکەس ناکات تەنها ئەو نەبیت ، جا میکانیزمی ترەمپ بۆ بڕیار و کارەکان زۆر جیاوازە و ، دیارە تائێستا سیاسەتمەدارانی عێراق ئەوانەی لەدەسەڵاتن لە سایکۆلۆژیەتی ئەو سەرۆکە تێنەگەیشتووە وادەزانن هەروەکو ئۆبامایە کە عێراقی تەسلیمی ئێران کرد ، لەکن ترەمپ کۆتی ئەخلاقی و بوونی ڕێسای سیاسی و ڕەوشتی و ئەوجۆرە شتانە گرنگ نین و کەسێکە زۆر باوەڕی بەخۆی و بوێری لە بڕیاردان و کارکردن لەسەر خێرا هەیە و سیاسەتی « تەقکردنی خێرا » پەیڕەدەکات ، بۆیە ئەرکی قوڕسی ساڤایا لەناو وڵاتێکی ئاڵۆز و پڕکێشمەکێشی سیاسی و جیاوازی نەتەوە و و تائیفی و وەک عێراق ئاسان دەکات و ، سەرەتا ساڤایا کارەکەی بە زمانی حیوار و دانوستاندن وەک هێزی نەرم بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و ترەمپ بەکاردەهێنێت ئەگەر نا بەهێزی ڕەق و پێوەدانی ئاگرین بەکاردەهێنرێت ، هەروەک گۆڤاری « ئەتڵەنتیک »ی ئەمەریکی ویلایەتی ئەمجارەی ترەمپ-ی بە (پێوەدانی سووتێنەر) وەسفکردووە، بەکورتی ساڤایا کەسێکە ڕەنگدانەوەی ئەو سەختەچیانەن کە عێراق بەڕێوەدەبەن ، ساڤایا دەڵێت : دیترۆیت منی لە قوڕ دروستکرد ، ئەوەتا ترەمپ ساڤایای لە قوڕی سیاسی دروستدەکات و لەکاتێکدا هاتووە کە پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا شکستی خواردوە و ئایا ئەو ئاشتیە ئارامدارەی کە ترەمپ بانگشەی بۆ دەکات لە عێراق دێتەدی یان بەهێز ئاشتی لە عێراق دێنێتەدی !؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی