سودانی‌و نەوت‌و دەوری دوەم!

3 کاتژمێر پێش ئێستا

none

گرێیەک هەیە زۆربەی سەرۆک وەزیرانی عێراق تووشی دەبن، ئەویش گرێی بوونەوەیە بە سەرۆک وەزیران بۆ جاری دووەم. ئەم گرێیە هەتا بێت سەختتر دەبێت، چونکە بنیاتی نوخبەی سیاسی عێراق هەتا بێت زیاتر دەچەسپێت. بەو مانایە لە دەرەوە یان لە سەرەوەی ململانێ و کێبڕکێی دیموکراسی، کۆمەڵێک هێز هەتا بێت زیاتر دەچەسپێن لەناو کایەی سیاسی عێراقدا.

ئەم هێزانە، ئەگەرچی ڕکەبەری یەکترن، بەڵام لە هەمانکاتدا خاوەن بەرژەوەندی هاوبەشن، لەوەی هەوڵبدەن بمێننەوە، هەروەها ڕێگرن بن لەوەی کە یاریکەری سیاسی نوێ بە ئاسانی نەیەتە گۆڕەپانەکەوە. لە پشت ئەم پنتە چەسپیوانەی هێز لە ناو عێراقدا، ناوەندی هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بوونیان هەیە کە کاریگەرن لەسەر ئاراستەی سیاسەتی عێراق.

ئێران و ئەمریکا دوو وڵاتی کاریگەربوون لە ڕابوردوودا، بەڵام لە ئێستادا توانا و بایەخەکەی ڕابوردوویان نەماوە. سیاسەتی ئێرانی لە سەر ئەو دیدە ستراتیژییە کار دەکات کە دەبێت ئێران، شەڕی عێراق لە ناو عێراق خۆیدا بکات. هەروەها شەڕی ئەوانی تر لە عێراقەوە لە ناو عێراقدا بکات، بۆ نمونە شەڕی ئەمریکا.

لەم ساڵانەی دواییدا چین و تورکیا و کەنداو و ئیسرائیلیش هاتنە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەوە. هەر کەسێک بیەوێت ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەبێت لەگەڵ ئەم ناوەندی هێزانەی ناوەوە و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا مامەڵە بکات.

سودانی بەبێ ئەوەی بیشارێتەوە دەیەوێت ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران. لەم پێناوەدا کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە، لە وانە خزمەتگوزاریی لە ناوخۆدا، بە هیوای ئەوەی ئەوەندە کورسی بە دەستبهێنێت هەتا بتوانێت لایەنەکانی تر ناچار بکات بە دانانەوەی. 

بەڵام کێشەی ئەم هەوڵە لەوەدایە کە سیستەمی سیاسی عێراق سەرۆک وەزیرانی بەهێزی ناوێت، چونکە ئەگەری هەیە مەترسی بخاتە سەر بەرژەوەندی ناوەندەکانی هێز و بەرژەوەندییەکانیان. بۆیە مەگەر هێندە کورسی بهێنێت کە بتوانێت، بەتەنها یان لەگەڵ یەک لایەندا حکومەت دروست بکات، ئەمەش مەحاڵە، ئەگەرنا کورسی زۆر ڕەنگە لەبەرژەوەندی نەبێت، چونکە سەرۆک وەزیرانێک کە لەپەرلەماندا قورسایی هەبێت، لەلایەن نوخبەی سیاسی عێراقەوە بە مەترسی تەماشا دەکرێت. چونکە هیچ نەبێت ئەگەری بەهێزبوونی هەیە، لە ناو کایەی دوو دەسەڵاتی سەرەکیدا، کە دەسەڵاتی تەشریعی و دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.

سودانی لە میانەی هەوڵەکانیدا بۆ بونەوەی بە سەرۆک وەزیران کۆمەڵێک هەوڵیداوە کە جێگای سەرنجن.

یەکەم: هەوڵی بۆ خۆ پاراستن لە لێدانی ئیسرائیل.

دووەم: ڕازیکردنی ئیدارەی ترەمپ. 

سێیەم: نزیکبونەوە لە تورکیا و ئەردۆغان لە میانەی ڕێگای گەشە.

لێرەدا تەنها بە کورتی سەرنج دەخەمە سەر هەوڵی بۆ نزیکبونەوە لەئەمریکا و ئالانگەرییەکانی.

ئیدارەی سودانی وەها لە ئیدارەی ترەمپ تێگەیشتوە کە لەمیانەی پەیوەندی شەخسیی و بەرژەوەندی بازرگانییەوە دەتوانیت بگەیت بە ترەمپ یان ئیدارەکە. لەم میانەدا سودانی دوو جۆر هەوڵی داوە:

یەکەم: پێدانی گرێبەست و دەرفەتی نەوتی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بە تایبەتی کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئێکسۆن و شیڤرۆن و ئەوانیتر. بەڵام هەر بە ئەوەندەوە نەوەستاوە، بەڵکوو هەوڵی داوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بچووکەکانیشدا بکات، لە نێویاندا کۆمپانیای HKN.

ئەم کۆمپانیایەیە کە بە فەرمی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 و لە کوردستان دامەزراوە، تەنها دوو کێڵگەی هەیە کە لە سەرسەرنگ و ئەتروشە.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە مێژوی ڕاستەقینەی کۆمپانیاکە نیە. مێژوی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەکان کە پیتی H ئاماژە بوو بۆ Harken، ئەم هارکنە بوو بە کڕیاری کۆمپانیای سپێکترم 7 کە کۆمپانیایەیەکی نەوتی بچوک بوو، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بوش خاوەنی بوو، بەڵام پاشان تووشی فەزیحەیەک بوون، ئەم گرووپە لە ساڵی 2007 ئەم کۆمپانیایەیان لە کوردستاندا دامەزراند.

سوودانی دوو ئامانجی هەیە لە گرێبەست لەگەڵ ئەم کۆمپانیایەدا:

یەکەم: کاتێک ئەم کۆمپانیایە لە کوردستان بوو، عێراق خستبویە لیستی ڕەشەوە، چونکە بە بچوک و بێکاریگەری دەزانی، بۆیە بەلایەوە ئاسایی بوو سزای بدات. کەواتە ئامانجی یەکەم لابردنیەتی لە لیستی ڕەش، بۆ ئەوەی نەیارانی لە ئەمریکا نەڵێن کۆمپانیای ئەمریکی خستوەتە لیستی ڕەشەوە.

دووەم: کەسێک کە لە بۆردی خاوەندارێتی ئەم کۆمپانیایە، مێردی وەزیری کشتوکاڵە لە ئیدارەی ترەمپدا. سودانی دەیەوێت لەم ڕێگایەوە بگاتە ئیدارەکە.

کردنەوەی دەرگا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو ساردییەوە هەیە کە عێراق لە گەڵ چیندا دەینوێنێت. عێراق ئێستا ڕۆژانە ملیونێک بەرمیل نەوت دەفرۆشێت بە چین، بەڵام بە هۆی ترسی ترەمپ و تێگەیشتنی بەغدا لە ترەمپ و خواستی بە سەرۆک وەزیران بونەوەی سودانی، عێراق پەیوەندییەکەی لە گەڵ چیندا سارد کردووەتەوە، بە بیانووی ئەوەی بەرپرسی گەورەی چینی سەردانی عێراق ناکەن.

چین بەئاگایە لە یارییەکە، بۆیە ڕەنگە سەرەتای ساڵی داهاتوو وەزیری دەرەوەی چین سەردانی عێراق بکات، بەڵام ساڵی داهاتوو دۆخێکی ترە لە عێراق.

بە بڕوای من هەوڵەکانی سودانی و عێراق بۆ نزیکبونەوە لە ترەمپ و ئەمریکا سەرکەتوو نابێت یان ئەگەری سەرکەوتنی کەمی هەیە، لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم: تێگەیشتنی عێراق بەوەی ترەمپ تەنها بریتییە لە بەرژەوەندیی و پارە، تێگەیشتنێکی سنووردارە. ئەم تێگەیشتنە ئەنجامی بە هەڵە تێگەیشتنە لە پەیوەندی ئەمریکا و کەنداو. پەیوەندی ئەمریکا و کەنداو زۆر زیاترە لە تەنها پارە و گرێبەست و بەرژەوەندیی. کەنداو بەشێکە لە سیستەمی هەژەمۆنیەتی ئەمریکی لە ناوچەکە، کە تەواوکەری ئیسرائیلە.

دووەم: کە دێتە سەر بەرژەوەندیی، ترەمپ بایەخی هەرە سەرەکی بەبەرژەوەندیی شەخسی خۆی و خێزانەکەی دەدات، عێراق ناتوانێت ئەوانە دابین بکات. بۆیە بەرژەوەندیی کەسانی تر سنوردارە، بە تایبەتی کاتێک لە لایەن لۆبی گەورەی ئیسرائیل و کەنداوەوە دژایەتی دەکرێت.

سێیەم: عێراق ناتوانێت دۆست و دوژمن بێت لە هەمانکاتدا. ئێران لە عێراقدا ئیدارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا دەدات، لە ههەمانکاتدا کاریگەری لە سەر ئیسرائیل و کەنداو دادەنێت. ئەمریکا دەیەوێت ئەم سیستەمە کۆتایی بێت، نە سودانی نە عێراق ناتوانن بە ئاسانی ئەم سیستەمە کۆتایی پێبهێنن.

چوارهەم: عێراق هەرچەندە خۆی بتۆرێنێت لە چین بەوەی چین مەیلی ناداتێ، بە ناچاری وەک تۆرانێکی خێزانی دەبێت، چونکە عێراق ناتوانێت دەستبەرداری چین ببێت، چونکە هیچ وڵاتێکی تر بە ئاسانی نابێتە بەدیلی چین بۆ شمەکی هەرزان لە بازاڕی عێراقدا.

بۆیە بە هیوای بەختێکی باش بۆ کاک سودانی!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی