چەند ڕۆژێکە هێزەکانی ئەحمەد شەرع کەوتوونەتە گرژیی و ئاڵۆزی
لەگەڵ ئەو گوروپە جیهادییە بیانیانەی کە لە نێو هێزەکانی تەحریری شامدا و لەسەردەمی
جۆلانییەوە لەپشتیەوە وەستا بوون و هاوسەنگەر و پشتیوانی بوون، بەدیاریکراوی گروپی
ئەو فەڕەنسییانەی کە بە(مهاجرينی فەڕەنسەوی) ناسراون .
بەپێی زانیاری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی
چوارشەممە١٠/٢٢ هێزە ئەمنیەکانی سوریا هێرشیان کردووەتە سەر کەمپێک لە دەوروبەری
شاری حارم لە باکوری ڕۆژ ئاوای سوریا، کە دەیان چەکداری جیهادی فەڕەنسی تێدایە و لەلایەن
کەسێکەوە بەناوی "عومەر دیابی" سەرکردایەتی دەکرێن؛ هەر بەپێی ئاماژەی ڕوانگەی
ناوبراو ئامانجی ئۆپەڕاسیۆنەکە ڕادەستکردنی داواکراوانی فەڕەنسییە کە پێشتر شەرع بەڵێنی
بە فەڕەنسا داوە کۆتایی بە بونی جیهادییە فەڕەنسییەکان لە سوریا بهێنێت و بە قۆناغ
ڕادەستیان بکات؛ ئەوەش وایکردووە گروپە چەکدارە بیانیەکانی تریش بەگشتیی کەوتوونەتە
ئامادەباشیی و پشتگیریی کردن لەو گروپە جیهادییە فەڕەنسییە، دوور نیە ئەوەش سەرەتای
لێدانی ئەو گروپانە بێت لە لایەن حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەو وڵاتانەی ئێستا لەو وڵاتەدا ئامادەییان هەیە .
هەڵبەت، دەرکەوتنی کێشە و ناکۆکیی و سەرکێشان بۆ بەریەککەوتن
و پێکدادان لە نێوان ئەو هێز و گروپانەدا چاوەڕوان نەکراو نەبوو، چونکە لەدوای کۆتایی
هاتنی مانگی هەنگوینیی تورکیا لە سوريا، وردە وردە شەرع مەیلی گۆڕی و بەلای ئەمریکا
و ئیسڕائیلدا دای شکاند، لەو ڕێڕەوە لایدا کە لەسەرەتاوە ئەو هێز و گروپانەی لەچوارچێوەی
هەیئەتی تەحریری شام و لەژێر سەرکردایەتی "ئەبو محەمەد جۆلانیی"دا کۆکردبووەوە؛
ئەوەش لە لایەک مەترسی ڕادەستکردنەوەی لەسەر کەسایەتییە جیهادییەکانی نێو ئەو گروپە
بیانیانەی بە وڵاتەکانیان دروست کردوە، لە لایێکی تریش ئەو هەنگاوەی شەرع بەلای ئەو
گروپانە وە قبوڵکراو نیە .
دیارە ئەو پێشهاتە نوێیە لە سیاسەتی حکومەتی سوریادا بەمانای
پشتکردنە تورکیاش دێت، کە ئەوەش ڕەنگە لە بێهیوابوونی دیمەشق لە ئەنقەرە سەرچاوەی
گرتبێت، وەک ئەوەی لە ڕابردوو بینرا نەیتوانی لە هەژموون و کەڵەگاییەکانی ئیسڕائیل
بیپارێزێ و سەرکێشییەکانی تەلئەبیب لەو وڵاتەدا ڕابگرێت؛ ئەمە جگە لەوەی لە ژێر
کاریگەری گۆڕانکارییە خێراکانیشدا لەو ناوچەیە، ڕەنگە ستراتیژەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل
لە ناوچەکەدا زیاتر لە بەرژەوەندی خۆی ببینێت؛ بۆیە چاوەڕواندەکرێت ئەو پێشهاتە نوێیە
کاردانەوەی تورکیاش بەدوای خۆیدا بێنێت، بەڵام ڕەنگە هێشتا زوو بێت و ئەنقەرە تەواو
لە دیمەشق بێهیوا نەبوبێت .
بێگومان، نزیک بوونەوەی سوریا لە بەرەی ئەمریکا و ئیسڕائیل
کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی "دیمەشق-قامیشلۆ" دەبێت؛ بە تایبەت
لە ئاست لێدانی ئەو گروپانەدا کە ساڵانێکە هێزەکانی هەسەدە وەک هێزێکی بزواو کاریگەر
لەچوارچێوەی شەڕی تیرۆردا لەگەڵیاندا لەشەڕدایە و ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە لێدانی
داعش و ئەو گروپانەدا، نزیکبوونەوەی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق بە شێوەیێکی دیار کە
لەو دواییەدا هەستی پێدەکرێت، لەپاڵ فشارەکانی ئەمریکا بۆ ئەو نزیکبوونەوە، لێدانی
ئەو گروپانەش وەک خاڵی هاوبەشی نێوانیان و بۆ لەمەودوا دوور نیە ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشیش
هەبێت، کەم تا زۆر ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن لەو بوارەدا .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی