کڕینی کورسی و کڕیارەکانی !

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسۆ عەبدوللەتیف


بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق، کڕینی کورسی و مەزادەکەی زیاتر بازاڕی گەرمە، تاکەمپەین و هەڵمەتی ئاسایی بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و کورسیەکان، بەپێی هەندێک ڕاپرسی و سەرچاوەی تایبەت و ناوەندەکانی توێژینەوەی هەڵبژاردنی عێراقی و عەرەبی و بیانی، زیاتر لەسەد کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەڕلەمانی عێراق، کڕین و فرۆشتنی ئاشکرای پێوە دەکرێ و یەکلایی بۆتەوە لەنێوان هێزو لایەنە دەستڕۆشتوەکاندا، لایەنەکان دابەش بوون بەسەر شیعەو سوننەو کورددا، بێگومان کوردەکانیش دەمێکە دابەش بوون بەسەر بلۆکی شیعەو سوننەدا.

سوننەکان، بەهەموو دیدگا قەومی و ئاینیەکانیانەوە، عەزم و تەقەددوم بەتایبەتی، بەپشتیوانی مەتبەخی سعودی و قەتەری و تورکی لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کڕیارێکی باشی ئەم مەزادخانەیەن و کاری باشی بۆدەکەن و چاوەڕوانی سوپرایزی گەورەن، پارەی نەوت و کاشی دۆلار، پارەی دەوڵەتانی سوننی کەنداو، پارەی پاشماوەکانی میراتی بەعسی و قەومیەکانیان لەبەردەمدایە بۆ کڕینی زۆرترین کورسی لە پەڕلەمانی عێراق بۆ خۆیان.

کڕینی کورسی بۆ سوننەکان لەهەمووکات زیاتر گرنگەو مشتومڕهەڵگرەو قوڵایی ئەمریکی هەیە بۆ تێکدانی موزائیکی حوکمڕانیی شیعەو بەرەی موقاوەمەی ئێرانی و ڕاگرتنی هاوسەنگی و باڵانس، ئەمجارە بەتۆپزی ئەمریکیەکان و بەریتانیەکان و فەڕەنسیەکان پشتیوانی دەکەن بۆ دوورخستنەوەو لاوازکردنی بەرەی حەشدو دەوڵەتی وەلائی، تاوەکو لەپەڕلەمانی عێراق لۆبی و ململانێی توندی پێ بکەن و لەپڕۆژە یاساکاندا کاریگەربن و بتوانن سێیەکی پەکخەر و کشانەوەو هەیەجان دروستبکەن لەکاتی ئاڵۆزیەکان و قەیران و پێکهێنانی حکومەتی ئایندە، ئەمە بەدەرەجەی یەک پڕۆژەی سوننی ئەمریکیە، میری قەتەرو سەرۆک کۆماری تورکیاو مەلیکی سعودیی و سونەی ڕادیکاڵی بەغدادو ناوەڕاستی عێراقی تێدایەو شەپۆل و فریکوێنسیەکەی درێژدەبێتەوە تا هەولێر، بۆیەکەمجارە کورد لەبەردەم چارەنوسێکی یەکلاکەرەوەدایە بە سندوق و کورسی نەک شۆڕش و قوربانیدان.

بەدیوەکەی تردا مەتبەخی گەرمی، ئێران، ڕوسیا، چین، کە نوێنەرایەتیەکەیان داوەتە دەست چوارچێوەی هەماهەنگی و حەشدی شەعبی، کاریگەرو دەستواڵان، نەوت و نەختینەی کاش و سەرمایەی گەورەیان خستۆتە خزمەتی دەنگکڕین و کورسی کڕین، وەک بەرەی دژە ئەمریکی سوننی خۆیان نوماکردوە، چەندین هەڵبژاردنە ڕەنگڕێژو نەخشەدانەری سەرەکی دیزاینکردنی تەواوی هەڵبژاردنەکانن، پاشای دیزاین و یاریزانی سەرەکین، دەستنیشانی کوتلە بەهێزەکانی پەڕلەمان تائێستا ئەوان کردویانە، بەهێزترین کڕیاری مەیدانەکە بوون، بەڵام ئەمجارە شیعەی وەلائی وەک کاراکتەری بەهێزی مەیدانی و پڕاکتیکی ترس و قەلەقی ناشارنەوە بۆ لاوازکردنیان.

ئەو نەهج و سیاسەتەی وەلائی بوە کە ستۆپ و بایکۆتی بەموقتەدا سەدر کردوە کە نزیکی هەڵبژاردن نەکەوێتەوە لەدوای بردنەوەیان لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ و پاشەکشە پێکردنی ٧٣ کورسی کوتلەی سەدری لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەم بەرەیە بەنیازن ئەمجارە ئەو کورسیانەی سەدریەکان بکڕن بەهەر جۆرێک بوە، کڕین، دیزاین، ساختەکردن، ڕازینەبوون بەدەرەنجامەکان، تاوەکو ئەو کورسیە بایکۆتکراوانە نەڕوات بۆ کوتلەی دیکە، ئەم بەرەیە لە تەواوی نەژادو ڕەنگ و ئاین و مەزهەب و پێکهاتەکان بەسوننەو ئاسوری و کەلدان و کوردیشەوە کڕیاری باشن، ئەسپەکە بەبارو زین و سوارەوە دەکڕن، هەندێک قائیمەی ڕاگەیەنراوی مەسیحی و کوردیش کەنزیکن لە عامیری و خەزعەلی و ڕەیان کەلدانی و ڕەنگە تاک کورسی بەدەست بهێنن هەر لەو بەرەیە هەژمار دەکرێن بەڵام لاوازن.

گەمەی دورخستنەوەی موقتەدا سەدرو کەلەبچەی دەستەکانی لەبەغدادو نەجەفەوە نەبوو وەک هەندێک ناوەند باسی دەکەن، کەلەپچەکە لەبنەڕەتدا کرایە دەستی مەرجەعە دڵخوازەکەی سەدرو بنەماڵەی سەدریەکان کەئیمام حائیری بوو لەقوم «إمام كاظم الحسيني الحائري» کە یەکێکە لەمەرجەعە هاوچەرخەکانی شیعەی عێراقی لە قوم، کاتی خۆی سەماحەتی محەمەد سەدری باوکی موقتەدا داوای کردوە ئیقتیدای پێوەبکەن و پشتی بگرن، وەک مەرجەعی خۆیان، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٢  بەهۆی بیانووی پیریی و نەخۆشیەوە لەئێران جۆرێک لە کۆتوبەند سەپێنرا بەسەریداو کۆنترۆڵکراو نەیانهێشت کاریگەری دانێ لەسەر موقتەدا سەدر، هەندێک دەڵێن بەزۆر فەتوایان پێ دەرکرد کە موقتەدا لەپرۆسەی سیاسی پاشەکشەبکات و بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، زۆر ترسیان هەیە بەشێک لەو کورسیانە فرۆشرابێ بەسوننەکان لەڕێگەی دۆستایەتی موقتەداو شازادەی جێنشینی سعودیەوە، ئەوە ئەگەر ڕووبدات کۆدێتای سپییە بەسەر حوکمڕانی شیعەی وەلائیدا.

سەماحەتی موقتەدا سەدر، پێنج ساڵ بەرلەئێستا بە پشتیوانی ئایەتوڵا حائیری لە قوم ویستی شتێک بگۆڕێ لەدوای هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ بەڵام بەفەتوای حائیری  و سێیەکی پەکخەر نەیانهێشت و دوریان خستەوە. ئێستا لەبایکۆتی سەدریەکاندا دوولایەن بە تۆپزیی سودمەندی یەکەمن بۆ ئەو حەفتا کورسیە، لایەنێک سوننەکان و قەتەریەکانن و لاکەی تری شیعەی مەشرەب عێراقی نەجەفین نەک حەوزەی قوم، دوورنییە محەمەد شیاع سودانی بەم دواییانە کە میانەی باش بوو لەگەڵ ئەمریکاو میری قەتەر ئەرکدار نەکرابێ بۆ ئەو مەبەستە لەپێناو مانەوەی خۆی.

  ئاڵووێری پەڕلەمانتار بەئاشکرا ئەکرێ، نائب و مەندوب و وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی هەموو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ، بۆ ئەم خولەی پەڕلەمان ئەگەر بەملیۆنێک دۆلار مەندوبێک بکڕن دەبێ ئەو مەندوبە سبەی دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک بدات خاوەنەکەی دەملیۆن دۆلار قازانج بکات و دژی سیاسەتی شیعەی زاڵ بوەستێتەوە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆرترین دەستێوەردانی تێدا دەکرێ، نەک دیزاین بەڵکو بەئاشکرا نەوت و دۆلارو ئیستیخبارات و ئەمن و کۆمۆنیکەیشن و تەنانەت کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و ئیمتیازاتی فراوان خراوەتە خزمەتی کڕینی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

عێراقی ئایندە عێراقی یاسادان و دەستورو دیموکراسی و دامەزراوە نییە بەڵکو دەبێتە ناوەندی ململانێی توندی حیزبی و ئایدۆلۆژی و مەزهەبی و سەرزەمینێک بۆ یەکلایی کردنەوەو راستکردنەوەی هەندێک تەوەجوهات و دیدگای شیعی بۆ چەمکی وەکالەتسازیی و حوکمڕانی. هەر خواست و ویستێکی ئەمریکی، وەک پڕۆژە بەجەنگ و توندوتیژی بۆی نەچەرخابێ، دواجار لەڕێگەی وەهمی دیموکراسی و دەنگدانی ساختەو کڕین و دەستکاری و هاکی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە دەستەبەری کردوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی