دەنگدان بۆ تیماری غەدر

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

لەدوای راپەرینە مەزنەكەوە هەر لەیەكەم هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان و دروستكردنی حكومەتی هەرێم، غەدرێك لەسەنگ و پێگەی یەكێتی  كرا، مام ئەوكاتە كەرابەرایەتی یەكێتی دەكرد، چاوی لەسەر ئەوەبوو بەرژەوەندی حزبی ، رووداوەكان بەرەو رۆژەكانی كێبەركێی شەرو پشێوی نەبات. بۆیە بەگیانی لەخۆبوردەیەوە بەرژەوەندیەكانی كورد و نیشتمانی خستە پێش هەموو شتێكەوە و تەبایی و پێكەوەبوونی كردە ئامانج .
ئەمرۆ جەماوەری یەكیتی و قیادەی نوێ ی یەكێتی لەبەردەم دوو ئەگەردان، یەكێكیان ئەوەیە ئەمری واقیع قبوڵ بكەن  بۆ ماوەیەكی تریش لەبەرامبەر درێژەدان بەم غەدرە، بێدەنگی هەڵبژێرن  و هەولێری گوتەنی دیزەبەدەرخونەی بكەن،  یان  دەبێت بەشێوەیەكی مەدەنی و سیاسی هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە  وەك ئەوەی چۆن لەكەركوك بەشێك لەمافەكانیان بۆ یەكێتی گێرایەوە، ئا بەم شێوەیەش لە هەرێمی كوردستان هەمان كاربكەن و  كۆتایی بەوغەدرە بهێنن کەساڵەهایە کراوەتە تەوق لە ملی یەكێتی و یەكێتییەكانە، بە تایبەتیش لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
  بەندە بەسروشتی خۆم هەمیشە لەگەڵ ئەوەبووم بەئاشتی چارەسەری كیشەكان بكەین، ئەوكاتانەشی كە لەنزیك مامی خۆشەویستمان  بووم ، بەردەوام رۆڵی ئەوەم دەبینی كە زمانی دیالۆگ زاڵ بێت  بۆ چارەسەری كیشەكان، تەنانەت بۆ كیشە ناوخۆییەكانیش هەمان رۆڵم دەبینی، ئێستاش بۆ ئەم پرسە كە من بۆخۆم بەغەدرێكی گەورەی دەبینم کە لەبەرانبەر یەكیتی بەبەردەوامی دەکرێ، رێگا دروستەكە ئەوەیە کە یەکێتی نیشتمانی لەرێگەی  خەباتی مەدەنی  و مەودای فراوانكردنی ئازادیەكان و دەنگدانەوە بارەلارەكە راست بكەینەوەو غەدرەكەش بەقۆناغبەندی لەسەر یەكێتی هەڵگرین، یەكێتیەكان پێویستە جەماوەری كوردستان رازی بكەن و متمانە دروستبكەنەوە و خەبات بۆ هاوسەنگی هێزیش بکەینە ئامانجی كورتماوە بەتایبەتی لە هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە، ناکرێ لایەنێک بەتەنیا  تەواوی دەسەڵاتەکانی لە دەست بێت ولایەنێکیش هیچ دەسەڵاتێکی لە پایتەخت  نەبێت،  پێویستە یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر لە حوکمداری و بەڕێوەبردنی تەواوی دامودەزگاکان شەریکی ڕاستەقینە بێت وپایتەخت دەبێ پایتەختی هەموان بێت و بەهاوبەش حوکمداری بکرێ.
 دیارە مەبەستم لە دروستکردنەوەی هێزی مەدەنی و نەرمە ،نەك هێزی سەربازی، بە تایبەتیش هاوسەنگی لە كەركوك و موسل  و هەولێرو دهۆک  زۆر گرنگە ، بۆیە پێویستە یەكیتی لەم ناوچانە كاری نەوعی و گرنگ بكات، پێویستە لەوناوچانەی لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، سود لە بریارو پرسە یاساییەكان وەربگرێت، هەرچەندە لەرابردودا لەپرسی پێكهاتەكان یەكێتی خزمەتێكی گەورەی بەوان و بەخۆشی كرد و هاوسەنگیەكەی گۆری، ئەمرۆش كاتی ئەوە هاتوە سەركردایەتی یەكێتی نەك تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكان، بەڵكوبەشێوەیەكی دائیمی ئەرك و رۆڵ دابەش بكات تا بتوانێت بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە چوار ساڵ بەبەردەوامی وەك كاری هەڵمەتی هەڵبژاردن بەردەوام بێت و بگەریتەوە ناو پێگە جەماوەریەكەی خۆیی و پەیوەندیكردن بەو نەوانەی كە تازە پێدەگەن و مافی دەنگدان و بەشداریكردنی گەمەی سیاسیان هەیە.
 ئەركی یەكێتی و یەكێتیەكانە ئەزمون لەرابردوو وەربگرن، میكانیزمێكی كاركردنی نوێ بدۆزنەوە كەبتوانێت، رابردو لەگەڵ ئایندەپێکەوە گرێبداتەوە، ئەركی ئەوان ئەوەیە بتوانن لەدیدگای مامی خۆشەویستەوە یەكیتی بكەنە حزبێك كە بۆ ئەم قۆناغەی گەلەكەمان زامنی دادپەرەوەری و ئاشتی و پرسە نەتەوەییەكان بێت، چونكە جەوهەری دیدی یەكێتی مام جەلال هەر ئەوەبووە، دیارە مام باش دەیزانی ئەو فەراغە تەنها هەر بەیەكێتی پردەبێتەوە، سەرەتای كۆتایی هاتنی ئەم غەدرەش لەسەر یەكێتی لەرێگەی دەنگدانەوە دەكرێت كەچەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆئەم تاقیكردنەوەیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی