دوێنێ (٨-١١-٢٠٢٥) سەیری چاوپێکەوتنەکەی کاک فازل میرانیم ئەکرد لە تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤.
کە گوێم لەم سیاسەتمەدارە ٧٧ ساڵەیە ئەگرت، کە نزیکەی ٥٩ ساڵە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم هەموو ئایەتەی قورئانی پیرۆز، حەدیس و شیعرە عەرەبیە ئەخوێنێتەوە، کە دەیوت ئێمە بۆ بەرژەوەندی هەموو کورد لەبەغدا کار ئەکەین. تەنانەت لە ووڵامی پرسیارە هاندەرەنەکانی حاکم فەرهادیش سەبارەت بە قسەکانی بافڵ تالەبانی، سەرەتا وەک سیاسەتمەدارێک و کەسێکی خوێندەوار و بەئەزموون، لەسەر خۆ و بەئارامی، بەرگری لە حیزبەکەی ئەکرد. لەدڵی خۆمدا ووتم سوپاس بۆ خوا، ئەوە کورد فێری ووڵامدانەوەی سڤیل بووە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك وا ده‌رده‌كه‌وت خەمی سەرەکی کاک فازیل و حیزبەکەی یەکڕیزی کوردە لە بەغدا و تێکۆشانە لە پێناوی بەدیهێنانی مافی کورد.
بەداخەوە، هەر دوای چەند چرکەیەک، دوای ئەوەی حاکم فەرهاد (به ویستی خۆی یان له‌سه‌ر رێنمایی حزبه تازه‌كه‌ی) ئاگرەکەی خۆشکرد، کاک فازیلیش هەموو فیلتەرەکانی رێز و مۆراڵی سیاسی بەلاوەنا و هەرچی لە دڵیا بوو، كه زۆربه‌ی زاده‌ی ده‌یان ساڵ قینی كه‌ڵه‌كه‌بووی پێ پاساوه، ووتی.
ئه‌گه‌رچی، ئاساییه له هەڵمەتی هەڵبژادندا هیرش بكرێته سەر یەکتر و کەمووکوڕی یەکتر باسبكه‌ن و لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا ئەمە هەیە، به‌ڵام ئەوەی کە سەرودڵی گرتم و ڕای گۆڕیم لەسەر کاک فازیل، ئەوەبوو کە لە وڵامی پرسیارێکدا لەسەر قسەکانی بافڵ تالەبانی، کە لە دوا چالاکی هەڵمەتی هەلبژاردندا به‌رامبه‌ر پارتی كردبووی، کاک فازیل گەڕایەوە نەک بۆ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نەک بۆ سەرەتای سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانی، کاک فازیل میرانی گەڕایەوە بۆ ١٩٦٣ (واتە ٦٢ ساڵ لەمەوبەر!)، ئەوەی کە خوێنیشی کوڵاندم ئەو ناهەقییە بوو کە کاک فازیل بەرامبەر باوکم کردی.
زۆر بەئاسانی منیش دەتوانم لاپەڕە زەردەکانی مێژوو هەڵبدەمەوە، کە زۆریشم لایە. زۆربەی ئەرشیفی باوکمم لایە بەوردەکارییەکی زۆرەوە. بەڵام ئەگەر وا بکەم، ئەوا لە کاک فازیل خرابترم.
ئێوە ئەمڕۆ جوێن بەیەکتر ئەدەن، به‌داخه‌وه، پیرۆزتان بێت، بەڵام سبەی دەست ئەکەنە ملی یەکتری، وەک ئەوەی نە باتان دیتبێت نە باران. ئێوە کە وەهان، زۆر عەیبە باسی کەسێک ئەکەن کە نه لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە پەیوەندی بە دۆخی ئەمڕۆوە نەبووە و تەنانەت یەک ڕۆژیش ئەندامی یەکێیتی نیشتیمانی کوردستان نەبووە،و ئێستاش كه خۆی له ژیاندا نه‌ماوه تا رێ له په‌لاماری چه‌واشه‌كارانه بگرێت و به‌رگری له خۆی بكات، ناوهێنانی بۆ داپۆشینی كۆمه‌ڵێك پرسیاری بێ وه‌ڵام، له‌لایه‌ن كاك فازیله‌وه، سه‌ركۆنه ده‌كه‌م.
با وەک میللەتانی تر هەڵسوکەوت بکەین. با مێژوو بەجێبهێڵین بۆ به‌ڵگه و مێژوونوسان و ئەم میللەتەی کە بەدرێژایی مێژووی، بە ئێستاشەوە، تەنها بەشی کوشتن و بڕین و برسییەتی و بی دەرامەتی بووە، با زیاتر ناخۆشی نەبینێت.
خەڵک بێزارن لەشەڕەجنێو و هەڕەشە لەیەکتری كردنی ئێوە. خەڵک نانی نییە بیخوات، مووچەی نییە، ئارامی و ئاسایش و ئازادیی سنوورداره، یاسای سەروەر نییە، گه‌نده‌ڵی بڕستی لێ بڕیووه، خزمەتگەزاری به مه‌رج پێده‌درێت و، ژینگەكه‌ی پڕكراوه له ژاوه‌ژاو و پیسی و نه‌خۆشی، و به‌نزین و دەرمانی خراپ و گرانە، په‌روه‌رده و نه‌خۆشخانه‌كان كراون به پاره، له‌م دۆخه‌دا بۆ داپۆشینی هه‌ڵه‌كانی حوكمڕانییه‌كی سی ساڵه و درێژه‌دان به مافخواردنی خه‌ڵك، "به‌رگری له دۆزی كورد" كراوه به كراسی عوسمان ... ئەگەر ڕاست ئەکەن لەسەر ئەم کەموکوڕییانه شەڕەجنێو بکەن. ئەوسا میللەتیش چەپڵەتان بۆ لێ ئەدات!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی