پڕۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێت لە١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە تەواوی لەنێوان دوو جەمسەری دژبەردا دابەش بووە. لایەنە سەرەکییەکانی وڵاتەکە و کاریگەرییە هەرێمییەکانی سەربە ئێران لە لایەک، و فشارە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ عێراق، تەنها پرۆسەیەکی ناوخۆیی نییە بۆ پەرلەمان و کابینەیەکی نوێی حکومەت، بەڵکو دەکرێ بڵێین ڕاپرسییەکی ناڕاستەوخۆشە بۆ یەکلایکردنەوەی ڕێگەی عێراق، و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتۆندا.
سیناریۆکانی دوای سندووقەکان و کاریگەری لەسەر پێکهێنانی حکومەت:
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە، تەنها بریتی نابێت لە ڕێژەی دەنگ و کورسی لایەنەکان، بەڵکو پەیوەستە بەو ئەنجامەشی کە ئەمەریکا لە عێراق دەیەوێت، یان چاوەڕێی دەکات. ڕوونتربڵێم، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەوەستێتەوە سەر ڕێژەی کورسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی کە کوتلە سەرەکییەکانی نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت.
بەم واتایەی، ئەگەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە دڵی ئەمریکا نەبێت، واتە: لایەنە سیاسییەکانی حەشدی شەعبی وەک "بەرەی "مقاومە" پێگەیان لەپەڕلەمان و حکومەت بەهێزتر بێت، یان تەنانەت ئەگەر بتوانن هەژموون و کورسییەکانی ئێستاشیان بپارێزن. یاخود ئەگەر لە حکومەتی داهاتوودا کەسایەتییە نزیکەکانی ناو ئەو گرووپانە کە ئەمەریکا بە پڕۆکسی ئێرانی دەیانناسێت، پۆستی کاریگەر و سەرەکی وەربگرن، ئەمەریکا کە هەڕەشەکانی ئەمجارەی زۆربەجدیین، لەئەگەری ڕوودانی یەکێک یان دووان لەم سیناریۆیانەدا کاردانەوەیەکی توندی دەبێت بەرامبەر گرووپەکان، و پێدەچێت عێراقیش بخاتە ناو قەیرانێکی قوڵی دیپلۆماسی و ئابووری و تەنانەت سەربازیشەوە.
ئەوەی ڕوونە لێرەدا، ئەگەر ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە جێگای دڵخۆشی نەبێت بۆ ئەمەریکا، بە ئەگەرێکی زۆر ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چەند کاردانەوەیەکی توندی دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێشبینی دەکرێت چەند هەنگاوێکی جیاواز لەدژی عێراق بگرێتەبەر، لەوانە:
١.گۆشەگیرکردنی دیپلۆماسی و ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان: ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یان کۆی پڕۆسەکە بە بیانووی بەڕێوەچوونی نادیموکراسی بوونی پڕۆسەکە، بیانووی دەستوەردانی ئێران، و زۆر شتی تر... بە ئامانجی ئەوەی، حکومەتی داهاتوو لەڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر و ئیفلج بێت.
تەنانەت هەرچەندەش ئەمە وەک ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتێکی تر لێکبدرێتەوە، بەڵام لەڕوانگەی تڕەمپ ەوە دەکرێ هەڵوێستێکی لەوجۆرە ئاسای و یاسایی بێت، کە ڕەنگە دۆناڵد تڕەمپ لێرەدا پاساوی ئەوە بهێنێتەوە: "مادام ئێران، بۆی هەبێت دەستوەردان بکات و هەژموونی خۆی بەسەرعێراقدا بسپێنێت بۆچی ئەمەریکا ئەوە نەکات کە پارەیەکی زۆری لەعێراقدا خەرج کردووە."
لەکاتێکدا، واشنتۆن پێشتردژایەتی خۆی نەشاردووەتەوە لەبەرامبەر ئەگەری زیادبوونی کاریگەری گرووپەکان یان مانەوەی کاریگەریان لەدوای ئەم هەڵبژاردنەشدا. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئاستی دانوستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی نوێ دادەبەزێنێت، ئەگەر حکومەتی داهاتوو ملکەچی بەرژەوەندییەکانی تاران بێت. ئەمەش وادەکات پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بەرەو خراپی ببات و دوور نیە عێراق لەدوای ڕژێمەکەی سەدام-ەوە جارێکی تر دوچاری گۆشەگیری بێتەوە.
٢. تێکشکاندنی کەرتی ئابووری عێراق و جەنگ بە دۆلار
کاریگەرترین چەکی تڕەمپ و کارتی فشاری لەسەرعێراق کۆنترۆڵکردنی سیستەمی بانکی و پارەدارکردنی عێراقە بە دۆلار. ئەگەر ئەنجامەکان بەلای بەرژەوەندی ئێراندا شکایەوە، پێدەچێت واشنتۆن وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی بەغدا چەکی دۆلار لەدژی حکومەتی داهاتووی عێراق بەکاربهێنێت.
لەوچوارچێوەیەشدا، پێشبیی دەکرێت جەنگ بە دۆلار، ئەم هەنگاوانە لەخۆبگرێت: چاودێری و فشارێکی توند لەسەر بانکی ناوەندی عێراق، سزادانی ژمارەیەک لەو بانکە عێراقییانەی کە ڕێگەیان پێ دەدرێت مامەڵە بە دۆلار بکەن، و سەپاندنی سزای نوێ بەسەرکۆمپانیا و کەسایەتییە حکومی و بازرگانەکان بەتایبەت ئەوانەی بە نزیک لە تاران دادەنرێن.
هەرچۆنێک بێت، ڕەنگە تا ئێرە ئەم هەنگاوانە بۆ زۆرێک پێشبینی کراوبێت، بەتایبەت لەمەڕسیاسەتی ئێستای ئیدارەی تڕەمپ؛ بەڵام ئەوەی مەترسیدارە لێرەدا دەرئەنجامەکەیەتی
کە دەکرێ لێکەوتەکانی لەسەرعێراق بەگشتی درێژخایەن و کارەساتباربن. چونکە ئەم هەنگاوانە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دینار لەبازاڕەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان.
ئەمەش دەکرێ بەخێرایی دۆخێکی خراپ بۆ عێراق بخووڵقێنێت و ببێتە هۆی خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی، و گۆڕینی دۆخەکە بۆ قۆناغێکی مەترسیدارترو پێشبینی نەکراو، هەروەها، کردنەوەی دەرگا بۆ توندوتیژی، دەستوەردانی دەرەکی زیاترو ململانێیەکی تائیفی و سیاسی و ئابووری نوێ، کە دوور نیە وڵات بەرەو پارچەبوون و جەنگێکی خوێناوی گەورەیی ناوەخۆیی بەرێت.
٣. ڕێگەی سەربازی وەک بەدیل: گۆڕینی دۆخی
گواستنەوەی هێزەکان: ئەمریکا دەکرێت بە فەرمی تەواوی هێزەکانی خۆی لە بنکەکانی نزیک بەغدا و ناوەڕاستی عێراق بگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە بیانووی جیاواز. ئەمەش بە واتای لاوازکردنی هاوکاری ئاسایشی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و سوپای عێراق دێت.
لەلایەکی تر، هاندانی سوننەکان، کە دوور نیە دۆخێک دروست بکرێت، تیایدا گرووپە سوونییەکان هان بدرێن، بۆ داواکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ، وەک فشارێک لەسەر ناوەند و بەدیلێک بۆ ڕێبازی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق.
هەرێمی کوردستان لە نێوان چەکوشی ئێران و قەڵغانی ئەمریکادا
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کاردانەوەکانی ئەمریکا، کاریگەری ڕاستەوخۆ و زۆر گرنگی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت کە ناکرێت نادیدەی بگرین.
ئەگەری یەکەم: زاڵبوونی پڕۆکسییەکانی ئێران و کاریگەرییەکەی لەسەر هەرێم:
فشاری دارایی زیاتر؛ گەمارۆو سزاکانی ئەمریکا لەسەر بانکی ناوەندی بەغدا، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیش کاریگەری و دەرهاویشتەی خراپی بۆ پشکی هەرێم لە بودجە و دابینکردنی دۆلار دەبێت، بەوپێیەی هەرێم هێشتا لەچوارچێوەی عێراقدایە و مامەڵەی دارایی هەرێم پەیوەستە بە سیستەمی بانکی ناوەندیەوە. هەرچەندە ڕەنگە لەدۆخێکی لەمجۆرەدا بوارێک بڕەخسێنرێت بۆ فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت، یان جۆرێک لە هاوکاریتر بۆهەرێمی کوردستان..
فشاری سیاسی و یاسایی زیاتر: بێگومان، حکومەتێکی نوێی نزیک لە ئێران، فشارە یاسایی و سیاسییەکانی لەمەڕ دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم، لەسەرهەرێمی کوردستان توندتردەکاتەوە، دەکرێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی داهاتەکانی هەرێم.
مەترسی ئەمنی: لێرەشدا بەهێزبوونی میلیشیاکان لە بەغدا وایان لێ دەکات دەستکراوەتربن بۆهێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەناو خاکی هەرێمدا.
ئەگەری دووەم: گواستنەوەی هێزی ئەمریکا بۆ هەرێم دەکرێ هەم ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی هەرێم ، و هەمیش بە ئامانجگرتنی هەرێم. گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێم، پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک قەڵغانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات.
هەروەک مەترسیش هەیە لە بەرامبەر ئەمەدا، کە دەکرێ هەرێمی کوردستان ببێتە ئامانجی سەرەکی و ڕاستەوخۆی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی، ئەگەر ئەمانە ڕوو بدەن، دوور نیە لەداهاتوودا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی نوێی درۆنی توند، یان کۆمەڵێک فاتیح و سادیق لەئاسمانی خۆمان ببینین.
گرنگی بۆ کورد: لەو دۆخەدا، ئەمریکا وهاوپەیمانان زیاتر پشتی کورد دەگرن و پشتی پێدەبەستن وەک تاکە هاوپەیمانی باوەڕپێکراو لە عێراق بۆ جێگیرکردنی هاوسەنگی هێزلە عێراق و ناوچەکەدا. پشتیوانی بۆ کورد زیاتردەبێت لەسەر زۆر ئاستی جیاوازدا، کە ئێستا کاتی باسی کردنیان نیە.
هەڕەشەی ئیسرائیل و "گڵۆپی سەوزی ئەمریکا"
کاریگەری ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق پەیوەست بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل-یش پێدەچێت یەکلاکەرەوە بێت. لەکاتێکدا ئیسرائیل کوتلەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە دوژمن و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆی تەماشا دەکات، بەتایبەت لە ڕووی گواستنەوەی چەکی ستراتیژی، موشەکی بالیستیکی و درۆنی پێشکەوتوو، بۆ ناوخاکی عێراق کە بەردەوام گومانی لێدەکرێت. بۆیە ئەگەر حکومەتی نوێی عێراقیش لەژێرهەژموونی تاراندا بمێنێتەوە، ئەمریکا نەک هەر ڕێگه لە ئیسڕائیل ناگرێت، بەڵکو گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکات بۆ لێدان لەو گرووپانە. دەکرێ ئەم ڕێگەیە وەک بژاردەیەکی بەدیل-یش بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق تەماشا بکرێت، بە هەمان میکانیزم و ئەو شێوازەی کە ئیسرائیل لە لوبنان و سووریا و یەمەن ئەنجامی داوە و سەرکەوتووش بووە. بەمەش ئەمریکا لەلایەک خۆی لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ بەدووردەگرێت، لەلایەک گرووپەکان بە ئیسڕائیل لاوازو شەکەت دەکات.(بەمەرجێک، ئەگەر هێرشی پێشوەختەی لەلایەن گرووپەکانەوە نەکرێتەسەری) هەرچۆنێک بێت لەژێرەوە هەمان ئامانج و ستراتیژە لەگەڵ ئیسڕائیل، بە هاوکاری سەربازی و هەواڵگرییەوە.
کورت و کرمانج: ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق لە خولەکانی پێشوودا تەنها کێبڕکێی کورسی و پارە خەرجکردن بووبێت، خولی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆعێراق تەنیا کۆتایی پڕۆسەیەک نابێت، بەڵکو دەکرێ ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و فشاری توندی دەرەکی. ئەگەر هێزە نزیکەکانی ئێران کورسییەکانی خۆیان بپارێزن یان زیاد بکەن، بە ئەگەری زۆرەوە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی دروستکراو لەلایەن واشنتۆن و هەڕەشە ڕاستەقینەکانی ئیسرائیل دەبێتەوە.
ئەم دوو فشارو هەڕەشەیە، کە لە بەرئەنجامی هەژموونی ئێران و ڕەفتاری میلیشیاکانەوە لەسەر عێراق دروستبوون، بەلایەنی کەمەوە ئەرکی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق زۆر زەحمەت دەکەن و عێراق بەرەو دۆخێکی تاریک و ناسەقامگیر دەبەن، کە تێیدا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆرهەستیار و لەبەردەم مەترسی و دەرفەتێکی هاوکاتدا دەبێت
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی