پارتی و منەتی کابینەی بێ منەتیی کابینەی نوێ!!!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام حاجی




هەژمونگەرایی پارتی بەسەر حوکمڕانیدا 
گەشتۆتە بێ منەتی.

ئەم بێ منەتییە لە سۆنگەی دەستپێوەگرتنی ئەو پشک پشکێنەوە دێت 
کە تیایدا خۆی بە براگەورەو ئەوانی دیکەی بە برا بچووک ناساندووە!!

ئەم لۆژیکە
 لە ڕاستیدا خاڵییە لەبەرپرسیارێتی حوکمڕانی.

ڕەنگە بپرسن ئەی خۆ بۆ ئەوانی دیکەش هەروایە؟!

لەڕاستیدا حساباتی ئینتیخابی هەروابووە
 براوەی یەکەم دەبێتە بڕیاردەر
 بۆیە دەکرێت قسەکە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی براوەی یەکەم بێت.

گرفتەکە لەوەدایە براوەی یەکەم تەنها بە لۆژیکی پشکپشکێنە دەیەوێت باس لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکات 
بۆیە قسەمان ڕووی لەوە.

لە کاتێکدا دەبوو لەدەرەوەی ئەم لۆژیکە 
هەوڵی خستنەڕووی پڕۆژەیەکی بدایە 
کە جێیی قبوڵ و ڕەتکردنەوەبووایە!

لە کاتێکدا کە ئەمە ناکات
 واقعییەتی سیاسی و ستراتیژی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانیشی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا لەبەرچاو نەگرتووە 

ئەمە لە کاتێکدا کە دەبوو 
جەنگی دوانزە ڕۆژەی ئێران ـ ئیسرائیل بایسی سەرلەنوێ پێداچوونەوەی حساباتی سیاسی و ستراتیژی هەرێمبووایە .

ئەم بەرتەسکییە 
بە تایبەت 
لە غیابی دەستورێک 
کە ئیقراری دەستوری بدات بە دامەزراوەکان 

لە غیابی یاسایەکی بودجە 
کە بایسی کۆتایهێنان بە 
بێنەوبەردەی نێوان هەرێم و ناوەندبێت لەسەر مووچەو پرسە ئابورییەکان

لە غیابی ستراتیژێک 
کە مایەی پشتیوانی بێت 
لە دەرچواندنی یاسایەکی فیدرالی 
تایبەت بە پرسی نەوت و گاز

لە غیابی یاسایەکی نوێی تایبەت 
بە هەڵبژاردنی پەرلەمان  

لە غیابی هەمواری یاسای پارتەسیاسییەکان و دیاریکردنی ڕێژەیەکی دروست بۆ نوێنەرایەتی

لە غیابی ئەو ئەحکامانەی 
کە ئێستا حیزبییانە حوکمی پێکهاتەکان دەکات!!

بەو لۆژیکەوە 
هیچ لەوە ناگۆڕێت 
کە کابینەکانی نۆیەم و هەشتەم و حەوتەم و پێشتر گرفتاری بوون و 

خودی سەرەک وەزیرانی کابینەی نۆیەمیش 
نکولی لەم ڕاستییە نەکردووە 
لە کاتێکدا کەووتی 
من بەرپرسیاری کارەکانی پێشتری خۆم نیم!!!!

لە ئێستاشدا بێ یەکێتی و بە یەکێتیشەوە 
گەر خاڵی بێت لە پڕۆژەیەکی حوکمڕانی تەندروست 

کە توانای دروستکردنی کۆدەنگییەکی هەبێت بۆ نیسابێک 
کە ڕەوایەتی بداتە کابینەی دەیەم 
هەر ئەوەی لێدەردەچێت 
کە کابینەی نۆیەم و پێشتری لێدەرچووە!!!

بۆیە بەڕەچاوکردنی واقعیانەی دۆخەکەو 
بە دواکەوتنی کات 

تاکە بژاردەی دروست 
نە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە 
نە پێکهێنانی حکومەتە بێ یەکێتیە

بەڵکو کۆک بوونە لەسەر کابینەیەکی ئینتیقالی 
کە لەو مایەی بەدەستەوە ماوە 
کاربۆ چارەسەری و بوونیادنانی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بکات 
کە کابینەی یانزەی لێ بەرهەم بێت

بە پێچەوانەوە 
پارتی گەر پێیوایە دەتوانێت بە ربنەمای تەریککردنی یەکێتی 
بە لۆژیکی پشکپشکێنەی بێ ئەرزش 
خۆی بە دروستکردنی کابینەی دەیەمەوە ساقاڵکات 

ئەوا جگە لەوەی 
کە ناخودئاگایانە هاوسەنگییەکان تێکدەدات 

دەرگای هەزارویەک گرفتیش 
بەسەر خۆیدادەکاتەوە 
کە چاوەڕوانکراوە تیایدا
 پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئاخر بژاردەبێت

بۆیە دەبێت ئەو مۆدێل و سیاسەتی کارکردنەی پێشوو تێپەڕێنرێت 
چ بۆ ژیانی مەدەنی خەڵک 
چ بۆ ژیانی سیاسی حوکمڕانی و 
لەو بێ منەتی بێمنەتبوونە 
بێتە دەرەوە 
کە قۆڵبادانەکانی لێ قورستر دەکات!!!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی