ئێران وتوركیا موچەو بودجە

56 خولەک پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب

چاوەڕێ دەكرا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، زەبرێكی توند لە هەژمون و كاریگەری ئێران بدات لە عێراق. بەڵام وەڵامی ئێران زۆر راشكاوانە بوو, دوور لە هەموو پێوەرێكی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاشكرا گوتی: ئەوەندە كورسیەمان لە هەڵبژاردنی عێراق بردەوە. لێرەدا روونە كە شیعەكان هێزی یەكەمن و كابینەی حكومەت دروست دەكەن، ئێرانیش نەك پەراوێز ناخرێت، بەڵكو دەستی لەناو كابینەدا ئەستورە.
ئێمە ماوەی یازدە ساڵە لە دۆخێكی سەختی بێ موچەیی و بێ بودجەیی دەژین، موچەو سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندن و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی پیشەسازی و دەیان جۆری تر پارە لە كوردستان بڕاوە. پشتمان لەبەغداو تاران كردو ئابوری سەربەخۆمان راگەیاند، رومان كردە توركیاو بۆڕی نەوتمان بردە توركیا. بەڵام ماوەی یازدە ساڵە توركیا هیچی نەكرد, ئێران و عێراقیش قوتی تۆیان بڕی، دواجار توركیا شكستی هێناو بەغداو تاران نەوتەكەیان لێ وەرگرتینەوە. ئێستا نەوتی كوردستان، عێراق لە رێگای توركیا دەیفرۆشێ. توركیا هەمیشە داواكاری لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام هیچی پێشكەش ناكات، داوای هاوكاری دژی پەكەكەو رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەكات، نەوتی ئێمە دەڕۆیشتە ئەوێ و دەفرۆشراو كەچی قەرزاربووین، ئینجا كوردستان وەك بازاڕی كاڵای خۆی سەیر دەكات و دەبێت هێلكەشی لێ بكڕین. راست و دروست قسە بكەین لە پێكهێنانی كابینەی ئەمجارەی حكومەتی عێراق پێویستە رەچاوی بەرژەوەندیەكانی ئێران بكەن، ئەوەتا هەڵبژاردنیش تەواو بوو كەچی بەغدا موچە نانێرێت؟ بۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە لێك تێگەیشتنێكی كۆنكرێتی هەیە لەگەڵ ئێران. ئەگەر ئێران فەرمان بكات شیعەكانی حوكمڕانی عێراق ناتوانن یەك رۆژ موچە دوابخەن. بۆچونم وایە توركیا هیچی پێ نیە بۆ هەرێمی كوردستان و ناكرێت باجی ئەم دۆخە هەرێمایەتیە بدەین، مانای ئەوە نیە بڵێم ئێران شتی پێیە بۆ كوردو لە توركیا باشترە، بەڵكو بابەتەكە هاوسەنگی هێزە، ئێران هێزی عێراق و بەغدایەو شیعەكان دەتوانن گوێ لە توركیا نەگرن، بەڵام ناتوانن قسەی ئێران پشت گوێبخەن. توركیاو ئێران دوو دراوسێی هەمیشەیی ئێمەن و ناتوانین فەرامۆشیان بكەین و راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ كاریگەری گەورەیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لە دۆخی موچەو نەوت و بودجەو قوتی خەڵك ئەمڕۆ بەغدا خاوەن بڕیارە، بەغداش گوێ رایەڵی ئێرانە. هەرێمی كوردستان دەبێت ئەم دۆخەی خۆی زۆر بە وردی بۆ ئەمریكیەكانیش شی بكاتەوە، چونكە ئەمریكا پارێزبەندیەكی گەورەی قەوارەی هەرێمە، بۆیە لەبەرچاو نەگرتنی ئەمریكا زۆر مەترسیەو ناكرێت، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان لە نێوان دووبەرەكی ئەمریكاو ئێران بێتە دەرەوە. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پان نەكرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی