شیعە و سونەکان خۆیان ڕێکخست سەرکردایەتی کورد بەنیازی چین؟

53 خولەک پێش ئێستا

ئارام هەڵەدنی

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاڕدنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەموو چاوەکان لەسەر هەر سێ پێکهاتەی سەرەکی (کورد و شیعە و سونە)یە لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە تا خولی سێیەم ساڵی ۲۰۱٤ بێ دوودڵی لایەنی کوردی لە ماوەیەکی کورتدا خۆیان ڕێکدەخست و زۆر بە ئاسانی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی عێراق ڕێک دەکەوتن و لە ماوەیەکی کەمدا کاندیان بۆ هەر سێ  پۆستی سەرۆکایەتیەکە و وەزارەتەکان و لیژنەکانی پەرلەمان بێ گوێ دانە کورسی زیاد و کەم و ئایدۆلۆجیای جیاواز دیاری دەکرد، هەر ئەوەش دەبووە هۆی یەک ڕەنگ و یەک دەنگی کورد ئەوەش دەبووە  پتەوکردنی دامەزراوە حکومیەکان و بەدەستهێنانی مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان و پیشاندانی سەنگی گەورەی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەدا.
بەڵام هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ساڵی ۲۰۱٨ سەرەتای ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەستی پێکرد کاتێک پارتی دیموکوراتی کوردستان بەکاندیدی خۆی بووە ڕکابەری کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاندیدەکەی یەکێتی توانی بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق سەرکەوێت و پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بهێنێت کە ئەو پۆستە بەپێی ڕێکەوتنی ستراتیجی نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی یەکلا بووبووەوە.
ئەوە بووە سەرەتایەکی نوێ لە گواستنەوەی ناکۆکی و ململانێی حیزبە کوردیەکان لە هەرێمەوە بۆ بەغدا هەر ئەوەش بووە هۆکاری سەرەکی لاواز بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧
لە ئێستادا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوە لایەنە شیعەکان کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان پێکدێنن بێ گوێدانە زیاد و کەمی لایەنێک یان هاوپەیمانیەک لە ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) خۆیان کۆکردووەتەوە.
سونەکان کە زیاتر لە ۷۰ کورسی پەرلەمانیان هەیە هەر زوو ناکۆکی نێوانیان وەلانا و ماڵی خۆیان کۆکردەوە و لەناو  (ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی) خۆیان ڕێکخست کە بەدڵنیاییە ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ زیاتر بەدەستهێنانی مافەکانیان لە کاتێکدا بەشێکی زۆری وڵاتانی سونی مەزهەب کە سەر بە هێڵی ئەمریکا و ئەوروپان ناڕاستەوخۆ هاوکار و پاڵپشتی سونەکانن.
ئەوەی جێی سەرنج و هەڵوەستەکردنە تا ئێستا کۆدەنگیەک لە نیوان لیستە سەرکەوتووەکانی کورددا نابینرێت و هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت، پارتی دیموکورات و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیوەندیەکانیان تائاستێک لێک دوورە بەرپرسیارێتی گەورەی ئەو لێک دوورکەوتنەوەیە زیاتر لە ئەستۆی پارتیدایە چونکە پارتی سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی لە لایە و چەند کورسیەکی لەیەکێتی زیاترە
لە ئێستاوە بانگەشەی ڕکابەری کاندیدی یەکێتی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی ۲۰۰٥ و عورفی نێوانیان ئەو پۆستە بۆ یەکێتی یەکلا بووەتەوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابووردوودا چەند سەرکردەیەکی شیعەکان سەردانی هەولێریان کرد سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت و هەرێم کەجێگری سەرۆکی پارتین بێ ئامادەبوونی یەکێتی و لایەنەکانیتر دانیشتنیان لەگەڵ کردون بۆ پێکهێانی حکومەتی داهاتوی عێراق کە بەدڵنیاییەوە بەبێ یەکێتی و لایەنەکانیتر هیچ ڕێکەوتنێک سەرکەوتونابێت.
ماوەی ساڵێک زیاترە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە تائێستا ڕێکەوتن لەسەر پۆستەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانیتر نەکراوە، پارتی ئامادە نییە دەست بەرداری هەندێک پۆستی سیادی ببێت کە ماوەی چەندین ساڵە لای خۆیەتی وەکو پۆستی وەزارەتی ناوحۆ و چەند پۆستێکیتر کەئەوەش بووەتە هۆکاری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جێی خۆیەتی خەڵکی کوردستان ڕوو بکاتە لایەنە سیاسیەکان و بپرسێت تکایە چیتر ماڵی کورد شەق مەکەن بەزووترین کات هەمووان لە سەر مێزی کوردی کۆببنەوە و ببنە یەک ڕەنگ و دەنگ ناکۆکیەکان وەلابنێن باچیتر خەڵکی کوردستان بەتایبەت موچەخۆران ناڕەحەتی نەچێژن.

هەرچۆن لە دوای ڕوخانی بەعسەوە یەكەمجار تەبایی لەناو كوردستان دروستبوو، هەست و سۆزی نەتەوەیی، یەك هەڵوێستی و یەكپارچەیی و یەك دەنگی كورد و كێشەكەی لەو سەردەمەدا لە ئاستی دبیلۆماسی گەیشتە قۆناغێكی وەها کە کوردستان بووبووە شوێنی کۆکردنەوەی ماڵی شیعە و سونە و لە سلێمانی و هەولێرەوە حکومەتی عێراق پێکدەهێنرا
هەنووكەیش پێویستی زۆرمان بە یەكڕیزی و پاراستنی گیانی تەبایی و پێكەوە هەڵكردن هەیە، دەكرێ زیاتر پەرە بە فەرهەنگی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی كوردستان بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین، بەم شێوەیە كورد وكوردستان دەبنە نموونەی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان لە سەرتاسەری جیهاندا و بەدەستهێنانی مافە بەدەستنەهاتووەکان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی