بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن تانە یان لێنادرێت

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

پرسی تانە و سکاڵا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، پرسێکی هەستیارە بۆیە لە دوو ماددەی دەستوور بە گرنگییەوە ئاماژەیان پێدراوە، ئەوە سەرەڕای پێدانی مافی سکاڵا بە حیزب و کاندید و دەنگدەران لە تەواوی قۆناخەکانی ئامادەکاری هەڵبژاردنەوە، بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەرکی ڕوانین و بڕیاردان لە سکاڵاکان لە تایبەتمەندی کۆمیسیۆن (ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە)، لە هەمان کاتدا مافی تانە دانیش دەستە بەرکراوە بۆ لایەنە زەرەرمەندەکان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆن لەبەر ئەوەی کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکان ڕێک دەخات و ئەنجامیشی دەدات.

لە ئێستادا وەک لە ڕاگەیاندنە ڕۆژنامەوانییەکانی کۆمیسیۆن دەردەکەوێت لانی کەمی (٨٨٠) تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دراون، لە لایەن لایەنە زەرەرمەندەکانەوە،ئەمەش پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بە راورد بە بەژمارەی سكاڵاکان کە نزیکەی (١١٠) سكاڵا بوون، ئەو ژمارە زۆرەی تانە لەسەر ئەنجام هەڵبژاردنەکان و درووستی ئەندامیەتی کاندیدە دەرچوەکان دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی ڕووبەرووی ئەرکیکی گران کردۆتەوە بە تایبەتی سکاڵاکانی پێکهاتەی کۆتاکان و یاسای ریشەکێشکردنی بەعس و زانیاری هەڵەو تەزویر لە زنیارەکانی کاندیدان و بەشێک لە تەرجەمەکردنی یاسای هەڵبژاردن لە بواری کرداریدا،بۆیە هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو بابەتە گرنگ و هەستیارە.

لە بڕگەی یەکەم و دووەم و حەوتەمی ماددەی (٩٣) دەستووردا هاتووە دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتە بەم بوارانەوە: چاودێریکردنی ڕادەی دەستووری بوونی یاسا و پەیڕەو کارپێکراوەکان و لێک دانەوەی دەقەکانی دەستوور. لە بڕگەی حەوتەمیدا پێدانی دەسەڵاتی پەسەندکردنی دەرەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنی نوێنەران. لێرەدا نیەت و پێشبینی دانەرانی دەستوور لە شوێن خۆیدایە چونکە لە وڵاتێکی وەک عێراق پێشبینی ناکۆکی و ڕەت کردنەوەی ئەنجامەکان باوەڕ نەبوون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە. هەروەها لە ماددەی (٩٤)ی دەستووردا قسە و بڕیاری کۆتایی دراوتە دادگای باڵای فیدراڵی کە تێدا هاتووە (بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوە پابەندن).

لە لایەکی تر لە ماددەی (٥٢) دەستوور ئاماژەی داوە بە چۆنیەتی تانە دان لە ڕاستی و دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانکە لە کاتی هەبوونی ناڕەزایی بە دەق هاتووە:

یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیار لە دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی دەدات، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی لە ماوەی سی (٣٠) ڕۆژ لە بەرواری تۆمارکردنی ناڕەزایییەوە.

دووەم: دەکرێت تانە (تەعن)لە بڕیاری ئەنجوومەن بدرێت لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵییدا لە ماوەی سی (٣٠) ڕۆژ لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکەوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەقە دەستوور یانەی لەسەرە و ئاماژەمان پێدان، دادگای باڵای فیدراڵی لە پەیروەی ناوخۆی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٥ دا هەستاوە بە ڕێکخستنی ئەو پرسە، ئەگەر سەرنجی ماددەی (١٠) پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیش بدەین:

دادگا ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بۆی نێردراوە، پەسەند دەکات بە پێی ڕێکارەکانی خوارەوە:

یەکەم: ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بە کتێبێکی واژۆکراو لە لایەن سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانەوە بۆ دادگا دەنێردرێت و تەواوی سەرەتا و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان هاوپێچ دەکرێن.

دووەم: دادگا کاتێک بۆ پشکنینی ئەنجامەکان لە ماوەی (٣) ڕۆژ لە ڕۆژی لە (ڕێکەوتی) وەرگرتنی کتێبی کۆمیسیۆن و تۆمارکردنی لە دانیشتنێکی نا ئاشکرا دیاری دەکات و بڕیارەکەی لە هەمان دانیشتن یان لە کاتێکی تر کە بە گونجاوی دەزانێت دەردەکات.

سێیەم: دادگا سێ دەسەڵاتەکە بە بڕیاری دەرچوو بۆ پەسەند کردنی ئەنجامە کۆتایییەکانی هەڵبژاردنەکان ئاگادار دەکاتەوە و ئەوە لە ماڵپەڕی دادگا بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها لە ماددەی (١٢)ی پەیڕەوەکەیدا هاتووە: دادگا بڕیار دەدات لە تانەدان لە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی لەسەر دروستی ئەندامیەتی ئەندامامەکانی دەرچووە بە پێی مەرج و ڕێکارەکانی خوارەوە:

یەکەم: تانەکە لە لایەن ناڕازی یان ئەوەی تانەی لە دروستی ئەندامیەتیەکەی دراوە پێشکەش بە دادگا دەکرێت لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڕیاردان لە سەر ناڕەزایەتییەکە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران.

دووەم: تانەکە تۆمار دەکرێت و سەرۆکی دادگا و دادوەرەکانی وێنەیەکی لێیان پێ دەدرێت لەگەڵ تەواوی سەرەتاکانی و کاتێک بۆ لیکۆڵێنەوە دیاری دەکرێت و لایەنەکان بە شێوەیەکی فەرمی پێی ئاگادار دەکرێن.

کۆبەندو دەرەنجام:
یەکەم؛ بەپێی ماددەی (١٩) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیار لە پێکهێنانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەدات بە ڕاسپاردنی (٣) دادوەر بۆ ڕوانین لەو تانانەی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەدرێن، هەروەها دەستەی دادوەری هەڵبژاردن تاکە لایەنی تایبەتمەندە بۆ ڕوانین لەو تانانەی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەدرێن. خاڵی گرنگ و باڵکێش بە پێی بڕگەی سێیەمی هەمان ماددە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بنبڕن و قابیلی تانە لێدان نین، واتا دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، بڕیارەکانی خۆی هەر بڕیارەن.

دووەم؛ بەپێی دەستوور بڕگەی ٧ی ماددەی ٩٣ دەسەڵاتی پەسەند کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەند کردنی دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی لە دەسەڵات و تایبەتمەندی دادگای باڵای فیدراڵی دایە.

سێیەم؛ بە گەڕانەوە بۆ ماددەی (٥٢) ی دەستوور ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیار لە دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی دەدات، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی لە ماوەی سی (٣٠) ڕۆژ لە بەرواری تۆمارکردنی ناڕەزایییەوە

چوارەم؛ بەپێی دەقی ماددەی (٥٢) مافی تانە (تەعن)لە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران دەستەبەر کراوە لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵییدا لە ماوەی سی (٣٠) ڕۆژ لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکەوە.

ئەمەش بە واتایی پێدانی دەرفەت دێت بە کەس و لایەنە زەرەرمەندەکان کە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن بە لێسەندنەوەی متمانە لە ئەندامێک یان زیاتر لە ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەگەر دەرکەوت سەرپێچی حوکمانی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەموارکراوی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨ی کردووە بەتایبەتی ماددەی (٦) لە هەمان کاتدا مافی تانە دان لە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی دەستە بەر کراوە.

بەو واتایە قۆناخی یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەوە دەبێت بەپێی ماددەی (١٩)ی یاسای کۆمیسیۆن و پەسەند کردنی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتا قۆناخ نییە وەک لە ماددەی (٥٢)ی دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، کە مافی دەربڕینی ناڕەزایی بە مەرج وەرگیراوە لە دروستی و نادروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەن دەسەڵاتی پێدراوە بە دەنگی دوو لە سێ ئەندامانی بڕیار لەم بارەیەوە بدات و بڕیارەکەشی جێگەی تانە لێدانە لەبەردەمی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیش کۆتایی و بنبڕە، وەک لە دەقی ماددەی (٩٤)ی دەستووردا هاتووە؛ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوە پابەندین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە