ئەوەی لەگوندی لاجان روودەدات، شەڕو ئاڵۆزی هۆزێك یان گوندێك نییە لەگەڵ دەسەڵات و یان كەمینەیەكی حوكمڕان، بەڵكو خەم و گرفتی هەموو خەڵكی كوردستانە لەگەڵ دەسەڵاتداران و ئەو كەمینە حوكمڕانەی كە دەستیانگرتووە بەسەر موقەدەراتی ئەم وڵاتە.
ئەوەی لەم گوندە روودەدات لەنەبوونی شەراكەت لەداهات و سامانی ئەم وڵاتەو لەنەبوونی عەدالەت و هەستكردن بەهاوڵاتیی بوونەوە سەرچاوەی گرتووە. كۆبونەوەو ناڕەزایەتیی گەنجانی (لاجان) هەقیقەتی بارودۆخی ئەم كۆمەڵگایەیە دەخاتەڕوو كە بەباڵەخانەی بەرزو رەنگاو رەنگی كەمینەی دەستڕۆیشتووی حوكمڕان داپۆشراوە، ئەگینا لەراستیدا لەم كۆمەڵگایەدا زۆرینەیەكی رەها لەبرسا دەمرن و كەمینەیەكیش كەدەستیانگرتووە بەسەر خێروبێری ئەم وڵاتەو لەوپەڕی نازو نیعمەتدا دەژین و هەرچی باڵەخانەی بەرزو پرۆژەی زەبەلاح هەیە هی ئەوانە.
كاردانەوەی گەنجانی ئەو گوندە، لەو دیمەنەوە سەرچاوە دەگرێت كەرۆژانە سەدان تانكەری نەوتی سامانی ئەم نیشتیمانە لەبەرچاویان سەرە دەگرن تا پڕیبكەن بیفرۆشن، مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار بچێتە سەر حیسابی خاوەنەكانیان، كەچی ئەوانیش ناتوانن تەنانەت ببنە پاسەوانی پرۆژەكە! بێگومان ئەو هەستی نادادپەروەرییە، توڕەیی و توندو تیژیی بەرهەمدێنێت، لەمێژووی كۆن و نوێش، ستەمكاریی و نادادپەروەریی كۆتاییەكەی تراژیدیی بووە، نەك هێمنی و سەقامگیریی. هەمیشە ستەمكار بەهۆی گەیشتن بەلوتكەی دەسەڵات و سامانی زۆرو دەرباری خراپ، هەستی راستەقینەی خۆی لەدەستدەدات، وەك پاشاكەی فەرەنسا كاتێك خەڵك لەبرسا لەبەردەم كۆشكەكەی كۆدەبنەوەو داوای نان دەكەن، كەچی پاشا دەڵێت دەبا بسكویت بخۆت؟! چونكە لەبرسیبوون تێناگا؟!
ئەم گەنجانە و هەموو گەنجانی كوردستان نەهاتوون دەست بەسەر پرۆژە زەبەلاح و سامانە مفتەكانیاندا بگرن، بەڵكو هاتوون وەك كرێكارو بەردەست و پاسەوان لەپرۆژەكانیان لەجێی كرێكارە بیانیەكان دابمەزرێن! نەهاتوون ببنە شەریك لەو ملیارەها دۆلارەی كە لەسامانی ئەم وڵاتە دەست ئەو كەمینە دەكەوێت، بەڵكو هاتوون بای نان چایەك و دوو قوتووی شیریان بۆ ماڵ و منداڵەكانیان دەستكەوێت، كەچی هێشتا پێیان رەوا نابینن، لەبری وڵامێكی مەنتقی و پێشوازییەكی هاونیشتیمانیانە، بەهەمەرو باجەرو زریپۆش دەوری گوندەكەیان دەگرن!
هەڵسوكەوت و سیاسەتی چارەسەری ئەم رووداوە، تەواو پێچەوانەی ئەو دروشم و شیعارانەیە كە بەرلەچەند هەفتەیەك و بەر لەهەڵبژاردن بەهاوار هاوار بانگەشەیان بۆ دەكرد. هێشتا هاوار هاواری بانگەشەی هەڵبژاردن لەگوێچكەی ئەم خەڵكە نەڕەویتەوەو دەزرینگێتەوە، كەچی بۆ داواكردنی ماف و بەركەوتەی خۆیان چ وەك هاوڵاتی یان دانیشتوانی گوندێكی هەژارنشین، بە هێنانی چەكی گران و زریپۆش وڵامیان داونەتەوە، وەك ئەوەی هاتبن رێ لەدوژمنێكی سەرسەخت بگرن.
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی