قورسترین نەهامەتی ڕوبەڕوی میللەتێک بێتەوە ،
بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانەکەی نیە لەلایەن دوژمنانەوە ، یان داگیرکردنی
خاکەکەی لەلایەن داگیرکەرانەوە ، وەک چۆن تا ئێستا بیرمان لێ کردۆتەوە ، بەڵکو
لەوانە خراپترو کارەساتبارتر ئەوەیە ، جڵەوی وڵات بکەوێتە دەستی کۆمەڵێک سیاسی
هەلپەرست ، شایەنی ئەوە نەبن تەنانەت سێبەری خۆشیان شوێنیان بکەوێ .
لێرەوە ئیتر وڵات دەچێتە نێو قۆناغی داڕمان و
وێران بون : قەڵەم دەکەوێتە دەستی گەمژەو
نەفامەکان ، زمان لەبری ئەوەی ببێتە باڵاترین خەسڵەتی مرۆڤ ، وەک ڕەمزی باڵادەستی
و لێک تێگەیشتن لەگەڵ ئەوانی تردا ، یان ئامرازی ساغکردنەوەی بڕیاری دروست و
لۆژیکی ، دەگۆڕێ بۆ کەلاوەیەکی وێرانەی چۆڵ و جێهێڵراو . زانین لە خولیای
پرسیارێکی ئەبەدیەوە ، وەک سێرەی سەرسنگی نەزانین و گەمژەیی ، دەگۆڕێت بۆ گەمەیەکی
ئەکادیمی کۆمیدی ناو حەرەمی زانکۆکان ، هۆشیاری لە وزەی پاک وهاوڕێی ژینگە و خەونی
داهێنان و پێشکەوتنی مرۆڤەوە ، دەبێتە دۆزەخی سروشت و لەسێدارەدانی جوانی ، بە بەر
چاوی مێژو شارستانیەتەوە ، لە گەورەترین گۆڕەپانی شاردا . کاتێکیش بکوژ و تاوانبار
، بەپێی دەقی ڕوون و یاسایی ڕێگە پێدراو بێت ، چەک هەڵ گرێ و ڕوی بکاتە
هاونیشتیمانیانی سڤیل ، ئیتر توندوتیژی و کوشتن دەبێتە پیشە ، لە پێناو
بەدەستهێنانی بڕوانامەی پیشەگەری شارەزا ، وەک باشترین ، ناونیشانی وەزیفی ( بکوژی
تۆقێنەر ) ، تا ئەزمون زیاتر کەڵەکە بکات ، ڕێزو سوپاسی زیاتر دەستەبەر دەکا ،
بۆیە بەردەوام بکوژە ، لە ( ڕێکارەوە بۆ عیرفان ) ، لە ( لالەزارەوە بۆ لاجان ) ،
فیشەک بە خەسار مەدە تکایە ، بینێ بە سەریانەوە ، سەری ئەمانە بەڵای ئەم
نیشتیمانەیە ، لێرەوە ئیتر ترس وەک
چەمکێکی وجودی بەپێی دەق و لەچوارچێوەی دیباجەیەکی دەستوریدا ، جارێکیتر
دادەڕێژرێتەوە ، بەڵام خوێن ، بەتایبەت خوێنێک لە سەرشەقام ڕژابێ ، لە وانەکانی
پەروەردەی نیشتیمانی هەڵدەگیرێ ، بەڕێزەوە لەگەڵ وانەی ژینگە پارێزیدا تێکەڵی
دەکەن و ، پێکەوە دەیان گوازنەوە بۆ کاتی زیادکراو .
کاتێک دەسەڵات دەکەوێتە دەستی دەستەبژێرێکی
بازرگانی چاوچنۆکەوە ، نیشتیمان وەک خوانێکی ڕازاوە ، لە دوتوێی نەخشەیەکی
جوگرافیای ڕەنگاو ڕەنگ و ، لە سەر مێزی کۆمەڵێک عیفریت ڕادەخرێ ، کە بە ڕاستی
ئیشتیها دەکاتەوە ، ئەوانیش لە گەڵ قوتدانی هەر پارویەکدا ، دەستێک بە سمێڵیاندا
دێنن ، هێڵنجێک دێننەوە و لەبەر خۆیانەوە دەڵێن : خودایە نەیبڕی ، هەربژی ئەم
نیشتیمانە . ئەگەرچی هەموان ئەم ڕستە وەک دروشم دەڵێنەوە ، بەڵام هەندێک لە نێو
سەنگەرەکانی بەرگری و لە کاتی شکاندنی هێرشی دوژمنان و هەڵمەت بردندا ، هەندێکی
تریش ، لە کاتی داستانی شکۆی دابەشکردنی کێکە حەیاتەکەدا . تەنها شوێنەکە جیاوازە
دەنا دروشمەکە هەمان شتە ، لێرەوە پێویستی ناچارمان دەکات ، پەنا بۆ ئیدارەو
بەڕێوەبردن بەرین ( دەوڵەتداری ) ، بۆ ئەوەی ئەم دوو شوێنە بخەینە ڕستەیەکی
هاوسەنگەوە ، ڕستەیەک تەنها کردار ( فعل ) موبتەداو خەبەر نەبێت ، شوێنێک بکەینەوە
بۆ( فاعل ) بکەری بزرو نادیاری ترسناک ، بەڵام گەندەڵی لە ساتە وەختێکی مێژویی
ئاوا هەستیاردا ، قوت دەبێتەوەو ، هەموو پڕۆژە گرنگ و چارەنوس سازەکان ، بە تەونی
بەرژەوەندیەکان دەسپێرێ ، نیشتیمان دەکەوێتە بەر کۆمەڵکوژی پارادۆکسی واتای ساختەو
ڕاستەقینە . لە پێناو شاردنەوەی ئەم تاوانە ئابڕو بەرانەو، شوێنەواری گۆڕە
بەکۆمەڵکاندا ، میدیا لە پشتەوە دوا چەقۆی نامەردی بە جەستەی حەقیقەتدا دەکا ، هەر
لە پرسەکەشیدا دوای خوێندنی سورەتی الفاتیحا ، لوتف دەنوێنێ و بڕیار دەدات ، لە
کەرەستەی درۆ سیمبولی قەدیسێک دابتاشێ ، هێندە جوان بیڕازێنێتەوە ، هەمومان
بەشانازیەوە دو ڕکەعات نوێژ لە بەردەمیدا داببەستین .
لە نیشتیمانێکی ئاوادا ، هیچ پێویست نیە لەوە
زیاتر ، نازی ئەخلاق بەسەر شانمانەوە هەڵگرین ، یان خەمی ئەوەمان بێت ، تا لە
باوەشمان دەری بێنن و بیفڕێنن ، نەکا بەبەرچاومانەوە ئەتکی بکەن ، چونکە ئێمە
دەمێکە ، بە پێی ڕۆژژمێری کوردی خۆمان ، چوینەتە ناو سەردەمی بێ ئابڕویی سیستەماتیک و ئەتکی بەکۆمەڵ ، ئەوەنیە
ستەمکاران بە بۆنەو بێ بۆنە ، بانگهێشتمان دەکەن بۆ ڤیستیڤاڵی بێدەنگی ، مەدالیای
ئاڵتون بەگەردنی باشترین بێدەنگەکاندا هەڵدەواسن ، لەژێر چاودێری کامیرا نهێنیەکان
، ئێمەش هەمو بە حەماسەتەوە فیکەوچەپڵەیان بۆ لێدەدەین !!.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی