چەمچەماڵ و پترۆدۆلار

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج


لەناو چەمچەماڵیە كۆنەكاندا قسەیەكی باو هەیە دەڵێن " ئەگەر ئەتەوێ‌ زوو ببی بە ماڵ .. گوێدرێژێ‌ بكڕەو بڕۆ چەمچەماڵ " قسەكە لە سەر ئەوەیە كە ئەگەر لە شاری چەمچەماڵ باركێشیش بكەیت بە زمانی باو " حەماڵی" هەر دەبی بە ماڵ،  سروشتی شارەكەش وا بووە خەڵك كە بێتە ناوی هۆگری بێت، ڕاستە ئیش و كارێكی ئەو تۆی تیانەبووە، بەڵام خەڵكێكی میوان دۆست و غەریب پەناو چاكەخواز بوونە، ئەمەش بەس بووە كە لە ناویدا ئۆقرە بگیرێت ، چەمچەماڵی بە دڵ خۆیان بە كەركوكی دەزانن، بە حەز حەزیان لەوەبووە لە سەر سلێمانی بن ، بە ئاخاوتن لە هەردوو لاوە نزیك بوونە، گەرچی لە چەمچەماڵ لە بری بڵێت كوڕەكەت، یان ماڵەكەت دەڵێن كوڕەكەو یان ماڵەكەو، لە گەڵ ئەوەشدا چەمچەماڵ لە نێوان كەركوك و خۆیدا ئێستا نیوە بە نیوە و زیاتر بەلای كەركوكدا دەشكێتەوە، لە سەرژمێری گشتیدا لە كۆی نزیكەی 250 هەزار  سەر نشین زیاتر لە140 هەزاری شوێنگەو باری شارستانیان كەركوكە.
كاتی خۆیشی كە حەزیان بە سلێمانی بووە ، سەعید قەزاز بە توڕەیی و نیگەرانیەوە پێی وتون ئێوە دەبێت كەركوكی بن نەك سەر بە سلێمانی ئەو دور تری لێكداوەتەوە، ئەوەشی بۆ خۆشەویستی  چەمچەماڵی و كەركوك وتوە، لەم چەند ڕۆژەی پێشودا نەهامەتیەكی گەورە ڕووی لە چەمچەماڵ و یەك دوو ناحێی سەر بەو قەزایە كرد، لافاوێكی توڕەو بە تاو خۆی كرد بە كوچەو كۆڵانی چەمچەماڵ و تەكیەو شۆڕش و ئاخجەلەردا ترس و نیگەرانی و وێرانیەكی گەورەی دروست كرد ، ئەمەش جوامێری و ڕای گشتیەكی كوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا زۆرێكیش گوتیان غازی چەمچەماڵ و دەورو بەری هۆیەكە بۆ ڕوناكی كوردستان ، ئەی بۆ ئاوڕێك لە برینەكانی نادەنەوە، ئەم چەند ڕۆژە بۆ زەرەرو زیانی خەڵك و دام و دەزگا ڕۆشنبیری و حكومیەكان هەموومان بە داخ بووین، كتێبخانەو هۆڵی ڕۆشنبیری و یادگاری ساڵانی ئێمە بە دەم سێڵاوی ئاوەوە دەهات و دەچوو، خەمبار بووین، نامانویست وەك ئەوە دەركەوین كە موحتاجین ، لە گەڵ ئەوەشدا دەمانزانیمافێكی یاساییمان هەیە.
چەمچەماڵ یەكێكە لەو شوێنانەی پترۆ دۆلار دەیگرێتەوە نزیكەی حەوت ساڵەپترۆ دۆلاری ئەو شارە ڕاگیراوە ، حەوت ساڵە دەبوو پڕۆژەی زۆری بۆ بكرێت ، كەچی دیزاینی ڕێی كۆرو مۆر چەمچەماڵ نەچوە بواری جێبەجێكردنەوە ، شاری نمونەی دروست نەكرا ، پڕۆژەی ئاوەكەی هێشتا كەمێك لە خەون ترازاوە، تەنانەت خاوەن سەرمایەیەك نەخۆشخانەی بۆ دروست دەكات ، لە كاتێكا نەوت و غازی هەیەو غازەكەی نەك هەر چاوی عێراق و هەرێم چاوی وڵاتگەلی دیكەشی لە سەرە، بۆیە جێی خۆیەتی لەم بۆنە خەمناكەدا ئەو مافەی بۆ بگێڕدرێتەوە، پترۆ دۆلار دەتوانێت زۆر كێماسی و كەم و كوڕی ئەم قەزایە چارەسەر بكات، چەمچەماڵ لە سەر كەركوك بێت یان سلێمانی یاخود خۆ بەڕێوەبەری سەربەخۆ ، هیچیان هێندەی ئەوە گرنگ نین پترۆ دۆلاری بۆ بگەڕێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی