ترانسناسیۆنالیزم یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی جیهانگیری. هەروەها ترانسناسیۆنالیزم ئاماژەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی تۆڕی سنوور بەزاندن لە نێوان تاکەکان، نەتەوەکان، ڕێکخراوەکان، گروپەکان و وڵاتان. لە ئەنجامدا و لە چوارچێوەی ترانسناسیۆنالیزمدا، پێویستە بگوترێت ئەمڕۆ بازنەی کردار و کاریگەریی بزووتنەوەی فیکری و پراگماتیکی کوردی لە کایەی دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە بۆ گۆرەپانەکانی ترانسناسیۆنالیزم درێژ بووەتەوە. بۆ نموونه ئه مڕۆ تۆڕێکی په یوه ندیی به هێز له نێوان رۆژهه ڵات، ڕۆژئاوا ، باشور و باکوور له شێوه یه کی ژێر سیستمی ناوچه یی خەریکە شێوەی خۆی وەردەگرێت.
لە هەر حاڵەتێکدا، لە سەردەمی جیهانگیریدا، ئامرازەکانی وەک ئینتەرنێت، بە پاڵەپەستۆکردنی کات و شوێن، خێرایی پەیوەندی نێو ڕێکخراوەییەکان و نێوان هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی بزووتنەوە کوردییەکانیان زیاتر کردووە. هەروەها لە سەردەمی ئێستای جیهانگیریدا فەزایەک بۆ ڕێکخراو و بزووتنەوە کوردییەکان ڕەخساوە کە گرنگی بە گواستنەوەی بیروباوەڕ و ئایدیاڵ و دامەزراوە و ئامانج و نیگەرانییەکانی یەکتر بدەن. بۆ نموونه ئه مڕۆ له سایه ی گه شه ی ته کنۆلۆژیای په یوه ندییه نوێیه کان و ڕژانی سنووره خاکییه کاندا، بیری پارتی کرێکارانی کوردستان به سه ڕۆکایه تی عه بدوڵڵا ئۆجه لان ده چێته نێو چوار به شی سه ڕه کی کوردستان به تایبه ت له شاره کانی ڕۆژهلات. بۆ نموونە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئۆجالان، لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکانی یۆنان، کینیا، ئیسرائیل و تورکیا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانەیان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا داگیرکرد. لە ئێرانیش شاهیدی کۆبوونەوەی هەزاران کورد بووین لە تاران لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەرمەزارکردنی تاوانبارانی دەستگیرکردنی ئۆجالان (١٩٩٩). جگە لەوەش لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا (٢٠١٨)، شاهیدی خۆپیشاندانی بەربڵاو بووین لە شارەکانی کرماشان، سنە، بانە، سەققز، ئۆشناڤییە، بوکان، سەردەشت، جەوانرود، سەلاس باباجانی، و پاوە بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە. ئەم کاردانەوە و شەرمەزارکردن و کۆبوونەوانە نموونەی زیاترن لە گەشەکردنی هەستی هاودەنگی لە نێوان کوردان لە دەرەوەی سنوورەکان و فراوانبوونی لە سەردەمی پەیوەندییە جیهانییەکاندا. نموونەیەکی دیکەی بە تراناسیۆنالیزەکردنی هۆشیاری نەتەوەیی کورد دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی. بەرخۆدانی خەڵکی کۆبانی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەم بەرخۆدانە لە سەرتاسەری کوردستاندا ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی هاودەنگیی سەروو نەتەوەیی لە نێوان کوردەکان لە هەموو بەشەکانی جیهان. بە وتەی کامەران مەتین مامۆستای زانکۆ، لەم دواییانەدا بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای پەیوەندی و ئینتەرنێت، دروستکردنی گوتارێکی سەرتاسەری کوردی ئاسانتر بووە. ئەو پێی وایە لەم حاڵەتەدا پارتی کرێکارانی کوردستان سەرکەوتووترین بووە و توانیویەتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان حیزبی سیاسی نزیک لە بەرنامە و ستراتیجی سیاسی خۆی دروست بکات و لانیکەم لە سوریا و تورکیاش ئەم پارت و بزوتنەوانە ئێستا دەستی باڵایان هەیە و لە ئێرانیش بە هێزێکی گرنگ دادەنرێت.
بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد و پاراستنی شوناسی کولتووری خۆی، پێویستە لە ئاستە جیاجیاکاندا ترانسناسیۆنالیزم فراوانتر بکرێت. کورد دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی وەک نەتەوەیەک بناسرێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هاوکاری نێودەوڵەتی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
لە ڕاستیدا ترانسناسیۆنالیزمی کوردی واتە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد لە ئاستێکی دەرەوەی سنووری سیاسی و نەتەوەیی. ئەم چەمکە بە تایبەتی لە چوارچێوەی خەباتی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ گرنگە.
پێویستە بگوترێ مێژووی کورد دەریخستووە کە هەمیشە لە نێوان دەوڵەتە جیاوازەکاندا دابەش بووە، هەر بۆیە یەکڕیزی و تەبایی ترانسناسیۆنالیزم دەتوانێت یارمەتی کورد بدات بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانی، لەوانەش مافە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری و لێکتێگەیشتن لە نێوان ناوچە کوردییەکان لە وڵاتانی جیاوازدا دەتوانرێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەڵک لە توانا ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد وەربگیرێت.
ترانسناسیۆنالیزم تەنیا لە ئاستی سیاسیدا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە. کورد دەبێت لە ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیشدا یەکبگرێت.
بێگومان دەبێ بگوترێ کە ترانسناسیۆنالیزمی کوردیش ڕووبەڕووی تەحەددایە. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە سێ
تەحەدای گەورە بکرێت.
1- نەیارانی سیاسی و هەرێمی : زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ، لەوانەش تورکیا، ئێران، سوریا، هەر جوڵانەوەیەکی ترانسناسیۆنالیزمی کوردی بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی خۆیان دەبینن و هەربۆیە دژایەتی هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەک یان سەربەخۆیی و هاودەنگیی نێوان کورد دەکەن.
2- ناکۆکی نێوخۆیی نێوان کورد: کوردانی وڵاتانی جیاجیا جیاوازیی سیاسی و ئایینی و ئایدیۆلۆژییان هەیە کە ڕەنگە لێکگەیشتنی نێوانیان قورس بکات. ئەم جیاوازییانە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی لەناو بزووتنەوە کوردییەکان و بەتایبەتیش ئاستەنگ لە بەردەم دروستکردنی یەکێتیی لەسەر ئاستی جیهانی دروست بکات.
3- تەحەددای ئابووری و کۆمەڵایەتی: تەنانەت ئەگەر یەکگرتوویی ترانسناسیۆنال کوردی لە ئاستی سیاسیشدا بەدی بهێنرێت، تەحەدای جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ کورد هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن. ئەم تەحەددایانە بریتین لە کێشەی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکان، بێکاری و کەمی ژێرخانی کۆمەڵایەتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی