رفاندنی مرۆڤ یان چاندنی كۆیلایەتی لەناخی تاكدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

فواد سدیق

رفاندنی مرۆڤ لەم سەردەمەدا، لەناو جوگرافیایەکی برینداردا کە زیاتر لە سێ دەیەو نیوە دروشمی ئازادی و دیموکراسی بە گوێیدا دەچرپێنرێت، تەنها تاوانێکی یاسایی نییە، بەڵکو کردەیەکی فەلسەفییە بۆ ڕاگەیاندنی مردنی پرۆژەی نیشتمان و تیرۆرکردنی ڕۆحی تاک تێیدا، نیشتمان لەبری ئەوەی ببێتە داڵدە، دەبێتە قەفەز و مرۆڤیش لەبری هاوڵاتی، دەبێتە نێچیر. ئەو كاتەی هێزی سەربازی لەژێر هەر ناوێك بێت، لەبری پارێزەر، دەبنە هەڕەشە، ئیتر چەمکی هاوڵاتیبوون پووچ دەبێتەوە و متمانە کە ستوونی سەرەکیی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، بە تەواوی دەڕووخێت. ئەم کردەیە، کۆمەڵگە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک تاکی تەنیاو گومانلێکراو. ترس دەبێتە کولتووری باو و خۆسانسۆرکردن دەبێتە میکانیزمی خۆپارێزی. نووسەر ناتوانێت بنووسێت، ڕۆژنامەنووس ناتوانێت ڕەخنە بگرێت و مامۆستا ناتوانێت قوتابییەكانی فێری بیرکردنەوەی جیاواز بکات. بەمەش، فەزای گشتی کە شوێنی گفتوگۆ و گەشەی هزرییە، دەمرێت و جێگەی بە بۆشاییەکی ترسناک پڕ دەکرێتەوە کە تێیدا تەنها دەنگی ترس و ملکەچی دەبیسترێت.  

  جوانییەکانی نیشتمان، کە بریتین لە فرەدەنگی، ئازادیی ڕادەربڕین و کەرامەتی مرۆڤ، یەک لەدوای پووچ دەبنەوەو لە جێگەیاندا، وێرانەیەکی کۆمەڵایەتی بەجێدەهێڵێت. مرۆڤ بە سروشتی خۆی پێویستی بە هەستکردن بە ئارامی و ئاسایش هەیە، بەتایبەت لەو شوێنەی پێی دەڵێت نیشتمان یان ماڵ. کاتێک ئەم هەستە بنەڕەتییە نامێنێت و ئەگەری ونبوونی لەناکاو دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەن باڵ بەسەر ناخی تاکەکاندا دەکێشێت. رفاندن تەنها جەستەیەک ناكاتە ئامانج، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستەماتیکە بۆ وردوخاشکردنی دەروونی نەتەوەیەک و بەرهەمهێنانی مرۆڤی ترسێنراو کە ملکەچبوون و بێدەنگی بە تاکە ڕێگەی مانەوە بزانێت. گاڵتەجاڕی ڕاستەقینە لێرەدایە: ئەم کردەوە بەربەرییانە لەلایەن نەوە یان میراتگرانی ئەو کەسانەوە ئەنجام دەدرێت کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە، لە شاخەکاندا، بانگەوازی ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤی کوردیان هەڵدەدا. دوای زیاتر لە ٣٥ ساڵ لە دووبارەکردنەوەی دروشمەکانی کوردایەتی، دیموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی، كەچی ناوە ناوە كۆمەڵگا دەبەنەوە سەر یاسینی گۆلکێ. ئاخر پەنابردن بۆ رفاندنی هاونیشتمانییەک لەسەر نووسینی وتارێک، نیشانەی ئیفلاسی فیکری و ئەخلاقیی حیزبی سیاسییە. ئەمە بەڵگەیە ئەوان چیتر باوەڕیان بە دیالۆگ، بەڵگە و لۆژیک نییە و زمانیان بووەتە زمانی هێز و چەقۆ.

كاتێك هێزێك نووسەرێک یان ڕۆژنامەنووسێک دەڕفێنێت، دانپێدانانێکی ترسناکە دەڵێت: ئێمە لە وشە دەترسین، لە ڕەخنە دەترسین، لە ڕاستی دەترسین. ئەمەش بانگەوازێكە بۆ دۆڕاندنی خۆی و ،هەوڵدەدات بە زەبری هێز ئەو شکستە بشارێتەوە.
دەبێت بگەینە ئەو باوەڕەی بێدەنگی لە ئاست رفاندنی تاکێک، بەشداریکردنە لە پرۆسەی رفاندنی کۆی کۆمەڵگەو داهاتووی نیشتمان. ئەم دیاردەیە پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئەخلاقی و ویژدانی هەیە. پێویستە هەموو جۆرە گوشارێکی مەدەنی و یاسایی بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک جورئەتی بیرکردنەوەشی بۆ کاری وا قێزەون نەبێت. چونکە هەر جارێک مرۆڤێک دەڕفێنرێت، پارچەیەک لە ڕۆحی نیشتمان دەمرێت و هەنگاوێک بەرەو جەنگەڵستانێکی تاریکتر دەنێین. جەنگی ڕاستەقینە، جەنگە لەپێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و مانەوەی نیشتمان وەک ماڵێکی ئارام، نەک زیندانێکی گەورەی پڕ لە قامچی. 
بەربەرییەت تەنها بریتی نییە لە نەبوونی تەکنەلۆژیا یان باڵەخانە، بەڵکو بریتییە لە نەبوونی ڕێز بۆ وشە و بیرکردنەوەو دیالۆگ. نازانم بۆ تێناگەن بە بێدەنگکردنی دەنگێک، هەزاران هاوار لە ناخی خەڵکدا دروست دەکەن.
ئایا شەرعییەتی شۆڕشگێڕی ئەوەیە ببیتە جەلادی ڕۆڵەکانی خۆت؟ ڕفاندنی مرۆڤ لەسەر وشە، لوتکەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقییە. ئەم ڕەفتارە چەندە قێزەونە، سەد ئەوەندە ترسناکە و ئایندەی ئەم هەرێمە تاریك دەكات. ئەم کردەوانە نیشانەی هێز نین، بەڵکو نیشانەی ترسێکی گەورەی دەسەڵاتن لە وشە. چونکە تەنها ئەوانەی لەسەر بناغەی درۆ وەستاون، لە ڕاستی دەترسن. تەنها ئەوانەی بەڵگەیان پێ نییە، پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی. ئەم ڕفاندنە زەنگێکی مەترسیدارە پێمان دەڵێت: ئێمە خەریکە لە نیشتمانەوە دەبینە زیندان، لە کۆمەڵگاوە دەبینە مێگەل و لە مرۆڤەوە دەبینە نێچیر. ئەگەر ئەم بەربەرییەتە ڕانەگیرێت، ئەوا مۆرانە درەختەکە دەخات و لەژێر داروپەردووی ئەو کەوتنەدا، هەموومان ون دەكات. نیشتمان بە مرۆڤە ئازادەکانییەوە جوانە، نەک بە مرۆڤە ڕفێنراو و شکاوەکانی. با ڕێگە نەدەین ترس ببێتە شوناسی نوێمان، چونکە نیشتمانێک ترسی تێدا چێندرا، تەنها کۆیلەی لێ دەڕوێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە