لەدوا سەردان و دیداری لێپرسراوانی باڵای پارتی و یەكێتیی، بەبۆنەی تەواوبوونی كاركردنی لەعیراق، محەمەد حەسسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان هەردوولای لەناكۆكی و دووبەرەكی نێوانیان ئاگاداركردەوەو پێی راگەیاندن ئەگەر بەكۆدەنگی نەچنە بەغداو رێكنەكەون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، زیانی گەورە بەر كورد دەكەوێت. هەروەك ئەمڕۆو دوێنێ لێپرسراوانی باڵای شیعە پەیوەندیان بڕیاربەدەستانی هەرێم (پارتی و یەكێتیی) كردووە كە ئەوان نایانەوێ ببنە لایەنگر (تەرەف) لەپرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار، واباشترە پارتی و یەكێتیی لەسەر كاندیدێك رێككەون، ئەگەرنا هەم خۆیان و هەم لایەنەكانی بەغدا توشی ئیحراجی دەكەن.
لەدوایین كۆبونەوەیاندا پارتی و یەكێتیی بەزمانێكی نەرم گفتوگۆیان كردووە، بۆ قسەوباس لەسەر گفتوگۆكانیان، هەردوولا گوتویانە دەگەڕێینەوە لای مەرجەعی خۆمان، بەڵام دواتر دیارە وڵامی نەرێنیان لەیەكتر گێڕاوەتەوە. واتە رێكنەكەوتن.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی دوێنێی یەكێتیی بێت كە لەدوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆی بڵاویكردەوە، ئاماژەی تێدایە كە پێدەچێت هیچ كۆبونەوەیەكی دیكە لەنێوان پارتی و یەكێتیی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ناكرێت تا دوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق یان لایەنیكەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق.
لە 29 ئەم مانگە خولی نوێی پەرلەمانی عیراق كۆبونەوەی خۆی دەكات، لەم كۆبونەوەیە پێویستە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن. لەماوەی دوای رووخانی رژێمی سەدام وەك نەریتێك هەموو جار جێگری دووەم بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە (جگە لەیەك خول كە خۆی ئەو پۆستەی بەخشیە بزوتنەوەی گۆڕان) بۆیە ئەگەر پارتی 29 مانگ كاندیدی هەبێت بۆ ئەو پۆستە، لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوە بۆ دابەشبوونی پۆستەكانی بەغدا دەكرێت بەتایبەتیش پرسی سەرۆك كۆمار، چونكە پۆستەكانی بەغدا نەك تەنها لەنێوان یەكێتیی و پارتی بگرە هەموو پۆستەكانی دیكەش وەك نەریت لەنێوان شیعەو سوننە بۆ هەموو خولێك دابەشكراون.
وەفدێكی رەسمیی پارتی لەبەغدا بوون، بەدڵنیاییەوە تامی زاری هەموو پێكهاتەكانی عیراقیان كردووە، رەنگە بەرچاوروونتر بن لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق. رەنگە دوای هاتنەوەی ئەو وەفدەو كۆبونەوەیان لەگەڵ سەركردایەتی خۆیان جارێكی دیكە هەردوولا (پارتی و یەكێتیی) پەیوەندی بەیەكترەوە بكەنەوە، بەڵام پێناچێت تا دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق هەردوولا باسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بكەنەوە.
لەهەموو بارودۆخێك پێكهێنانی حكومەتی عیراق راستەوخۆ لێكەوتەی دەبێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. ئەگەر پارتی بەبێ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی پۆستی سەرۆك كۆمار لەپەرلەمانی عیراق بباتەوە، پرسی پێكهاتنی حكومەتی هەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت. ئەوكات یان دەبێت پارتی دەستبەرداری یەكێك لەدوو پۆستە باڵاكەی هەرێم ببێت بەتایبەت پۆستی سەرۆكی هەرێم، یاخود دوو ئیدارەیی زۆر تۆخدەبێتەوەو شلەژانێك لەدۆخی سیاسی دروستدەبێت. هەرچەندە ئێستا حكومەت و حوكمڕانی هەرێم هیچ وەسفێكی قانونی نییەو پەرلەمان پەكیكەوتووەو دەكرێت بڵێین بەتەواوی لەدەرەوەی شەرعیەتی قانونییە.
بەگریمانە، ئەگەر یەكێتیش بەبێ رێككەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆكی كۆمار بباتەوە، ئەوا دوای پێكهاتنی حكومەتی عیراق، سەقفی داواكارییەكانی بەرزتر دەكاتەوە. دیسان ئاڵۆزی بۆ پێكهاتنی حكومەتی هەرێم دروستدەبێت.
خولاسە، ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستانی دەخوازن بەتایبەت ئەمریكاو ئەوروپا، دوورە لەخواستی حزبی پارتی و یەكێتیی. ئەوان دەیانەوێ حكومەتێكی هەڵبژێردراو پەرلەمانێكی كاراو هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو هەبێت. ئەنجام هەرێمێكی یەكگرتووی بەهێز دوور لەكاریگەری و راكێش راكێشی هەرێمایەتی هەبێت. بێگومان ئەوە لەبەرژەوەندی هەرێم و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. دوور بێت لەدەستوەردان، یاخود دابەشبوون بەسەر ئەجێنداو نفوزی هەرێمایەتی.
ئەوەی هەیە زۆر روونە. ئەگەر پارتی و یەكێتیی رێكنەكەون، بارودۆخێكی ناجۆر روو لە هەرێم دەكات. ئێستا دامەزراوەكانی شەرعیەتی یاساییان نەماوە. پەرلەمان چ وەك دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵك چ دامەزراوەی چاودێر بەسەر حكومەت و حوكمڕانیی بەتەواوی پەكیكەوتووە. دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەتەواوی پاشەكشەی كردووە. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، هیچ پێناسێكی لەئەدەبیاتی سیاسی و حوكمڕانیی نییە. ئەنجام هیچ بەهایەك بۆ شەرعیەتی حوكمڕانی نامێنێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی