ژن ، وەک مەخلوقێکی فیزیکی و مێتافیزیکی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن


  ڕاست نیە گوایە فەیلەسوفان ڕقیان لە ژنان بوە ، وەک چۆن هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەکرێن ، یان بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن ، بەڵکو ڕقیان لەو درۆ و زیادە ڕەویانە بوە ، بە درێژایی مێژو بەناوی ژنانەوە وەگەڕخراون ، وەک ئەوەی بەردەوام گوێبیست دەبین : ژن فریشتەیە ، پەپولەیە ، جوانترین مەخلوقی دونیایە ، باخچەی گوڵ و گوڵزاری ڕەنگاو ڕەنگی بۆن خۆشە ، مانگ و خۆرو ئەستێرەیە ، ئاسمان و هەورو بارانە ، کۆتری باڵ نەخشینە ، بولبولی ئاواز خوێنە ، سروەی بەیانە ، تەمەنە ، ژیانە ، ڕوحە ، پەنایە ، مەنفایە ، ترپەی دڵ و دەرون و جەرگ و هەناسەوبینایی و ڕاستی و حەقیقەتە ، جوانترین ئاوازو گۆرانیە ، شیعرو پەخشان و ڕۆمان و مۆسیقایە ،… تەنانەت بەهەشتی فیردەوس و شەراب الطهورەی ئەبەدیە ، تا دەگاتە ئەوەی گوایە ، شێخە ، مەلایە ، تەکیەیە ، کەنیسەو قیبلە وخودا و پێغەمبەرومەسیح و ئەرزو ئاسمانە .

  درۆ و بوختانە گەورەکە ، تەنها سوکایەتی نیە بە داتاشینی ئەم هەمو چەمکە جێگرەوانە بۆ ژنان ، لە بری مرۆڤ بون ، بەڵکو پیرۆزکردنی ژنە ، وەکو مەخلوقێکی مێتافیزیکی بان سروشتی و نا مرۆیی ، دواجار وێناکردنی لە فۆڕمێکی پیرۆزی داخراو ، تەنها ئامانجی داماڵینیەتی لە بەها باڵا مرۆییەکەی . ئەوەتا شاعیر دەڵێت : تۆ فریشتەی . بەڵام فەیلەسوف دەڵێت : نەخێر تۆ تەنها مرۆڤی . تێڕوانینی کامیان ڕاستگۆیانە ترە ؟ لە کاتێکدا شاعیر ژنی بەرزکردۆتەوە ، بۆ مەخلوقێکی سەرو سروشتی ، لە نێوان فەزا و واقعدا ، بەهەڵواسراوی جێی هێشتوە ، چاوەڕوانیش دەکات پەرچەکرداری هاو شێوەی فریشتە ، لە بەرامبەریدا بنوێنێ ، تەنها جوڵەو کردارێکی پێچەوانە بەسە ، بۆ ئەوەی وەک شەیتان وخائین تاوانباری بکات ، ڕێگە بە خۆی بدات ، چەندان قەسیدەی ڕیسوایی ، بۆ ( فریشتەی خەونەکانی !) بهۆنێتەوە . بەڵام فەیلەسوف ژن دادەبەزێنێتەوە سەر زەوی ، وەکو جەستەیەکی فیزیکی و مرۆڤێکی سروشتی ، دەکرێ خواست و حەزو ئارەزو خەم و ئازارو ترس و دڵە ڕاوکێ و دەسەڵات وسنورو بەشداری و خەون وخولیای هەبێت ، بیری دەخاتەوە ، ئەو حەقیقەتە لە بیر مەکە ئەی ژن ، تۆ پیرۆزنیت وەکو فریشتە ! تۆ تەنها مرۆڤی . بۆیە وەک چۆن فەزیلەتت هەیە ڕەزیلەتیش هەیە ، فەیلە سوفان هەرگیز ئەوپرسیارە ناکەن ، چۆن ژن ڕازیبکەین ؟ چونکە پێویستیان بە پرسیارگەلێکی لەو شێوە نیە .

  ( نیچە ) گاڵتەی بە ژن نەدەکرد ، تەنها لەبەر ئەوەی ژنە ، بە ڵکو گاڵتەی بەو ژنە ڕامکراوانە دەکرد ، بەردەوام خۆیان لەسەر بایەخدان بە ڕەهەندی جوانی ڕاهێناوە ، لەسەر حسابی ڕەهەندی هێز و ئیرادە ، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ، باشتر قبوڵکراو بێت لە ناو کۆمەڵگا ، نەک زیاتر ئازادبێت ، خۆشەویست تر بێت بەلای پیاوانەوە ، نەک خاوەنی خۆی بێت ، هەمیشە سەر زەنشتی ئەو ژنانەی دەکرد ، پێیان وابو بۆ ئاسودەیی پیاو خوڵقاون . فەیلەسوفان ئەو ڕاستیە باش دەزانن : پێدا هەڵدان و هۆنینەوەی شیعر بە باڵای ژناندا ، جیا لە ڕەهەندە شهوانیەکەی ، جۆرێکە لە دەسەڵاتی نەرمی ماف بە خۆدان ، بۆ دەستکاری پێکهاتەی وجودی ژنان ، دەکرێ قەسیدەیەک ، یان پەخشانێک ، ببێتە قەفەسێکی زێڕین بۆ ژنان . جوانترین و بە هێزترین وشەکان ، ئەوانەن زۆرترین خیانەت ، لە بونی ڕاستەقینە بکەن ، چەندە زیاتر لە ناو خەیاڵ و ئەندێشەدا ، پەیکەری بەرز و ڕازاوە دابڕێژێ ، هێندە زیاتر، لە واقیع دور دەکەوێتەوە ، هەر بەو پاساوە ( پلاتۆن ) ، ئەگەرچی پانتاییەکی باشی بۆ ژنان ، لە بەشداری سیاسەت کردندا تەرخان کردبو ، بەڵام جێگەی شاعیرانی لە ناو کۆمارەکەی نەکردبۆوە .  بۆیە شاعیران بەردەوام هۆگری ئەو فۆڕمەن ، لە ناو خەیاڵ و ئەندێشەیاندا دایان ڕشتوە ، کاتێک فۆڕمەکە بەر بونی ڕاسیەقینەدەکەوێت ، بە سەختی توشی تێکشکان و شکست دەبێتەوە ، بەڵام فەیلەسوفان وێنەکە لە فۆڕمێکی واقعیدا تیۆریزەدەکەن ، هەر بۆیە هەمیشە بە ڕاستگۆیانە بۆچونەکانیان دەردەبڕن . پێیان وایە ژن مەخلوقێکی کریستاڵی نیە ، بە بیانوی خلیسکان بە ناو پەنجەکاندا ، بەربێتەوە و وردوخاش بێت ، بەڵکو وەک پرسیارێکی کراوە ، لە ساتە وەختێکی هەستیاردا ، بەبێ ئیزن لە بن لوتمان قوت دەبێتەوە ، لە کاتێکدا کاتی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی تێپەڕیوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی