كە حیزب دەگاتە کۆتایی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی

 - حیزب میکانزمێکە بۆ ئەوانەی کە چوار چێوەی بیرکردنەوەیان نزیکەلەیەکەوە و پێکەوە بۆ چەند ئامانجێك هەوڵ دەدەن، ئەم کایەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە چۆنیەتی بیرکردنەوە و سیاسەتکردنی ئەندامەکانیانەوە هەیە. حیزب دەکرێ لاواز ببێت و پیر ببێت و بێ کاریگەر بمێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە دەکرێت هەمیشە کاریگەر بمێنێتەوە و هیوا بەخش بێت، هەر ئەمەیە تەمەنیی حیزب درێژ دەکاتەوە، کاتێکیش حیزب کاریگەری نامێنێ ئیتر ڕوو لە پیربون و هەڵوەرین و مردن دەکات، مردن واتا نەمانی ناو ناونیشان نا بەڵکو بەمانای نەمانی کاریگەری و مانەوەی وەك ڕۆتین کاتێك حیزبێك بەوەرزی وەرینی ئەندام و دەنگدەرەکانیدا تێدەپەڕێت ئیتر بەرپرسان و ئەندامانی ئەم هێزە دەبنە سێ بەشەوە و هەریەکەیان کاریگەری خۆی دەبێت، کە ئەمانەن

تاقمی یەکەم/ ئەم تاقمە بازنەی ئەندامان و بەرپرسانی دلسۆزی ماندووە، کە هەمیشە بەدوای ئەو هۆکارانەدا دەگەڕێن کە حیزبەکەی گەیاندە دۆخی وەرین و بوەتە خەم و هەمیان، ئەمانە لە باشترین توێژی حیزبەکەن لە نێو بەرپرسان و کادیرانی مامناوەند و ئاسایی حیزبەکە کە زۆرترینن، ئەم توێژە بڕیار بەدەستی حیزبەکە نین کە دەکرێت خەڵکیان تێدابێت لە بڕیار بەدەستەکان بەڵام زۆرینەو کەمینە بوون بێ دەستو پێی کردون، بەڵکو تەنها دەنگی نێو حیزبەکەن و گرفتی گەورەیان پەرتی و یەك نەگرتووییانە بۆ چارەسەر، ئەم تاقمە دەتوانن لەگەڵ کەسی یەکەم یان باشترینەکان یەك بدۆزنەوە و حیزبەکە بخەنەوە سەر رێچکەی خۆی بەڵام تاقمی دووەم و سێهەم رێگر دەبن و دەبنە گرفتی گەورە بۆیان و رێگاکەیان سەخت دەکەن.

تاقمی دووەم/ ئەم تاقمە ئەوان کە زۆترین بەرژەوەندیان لە حیزبەکەدا هەیە لە ڕوویی پێگە و داراییەوە، ئەم توێژە هیچ لایان گرنگ نیە حیزبەکە لە چ ئاستێکدایە بەڵکو خۆیان بەسەنتەری حیزبەکە دەبینن، ئەم تاقمە کەمینەن بەڵام بڕیار بەدەستن، خراپترین خاسیەتی ئەم تایپە ئەوەیە کە کاتێك دەزانن لە فراوانی و کاریگەری حیزبەکەدا ئەوان ناتوانن کەسی یەکەم یان دووەم یان بڕیار بەدەستبن ئیدی بەدوای بچوککردنەوەی حیزبەکەیان، واتە خۆیان و تواناکانیان پەرە پێنادەن بۆ گەورەبونی حیزبەکە بەڵکو حیزبەکە بچوك دەکەنەوە بۆ بازنەی تواناکانی خۆیان، واتە خۆیان گەورە ناکەن بۆ ئاستی حیزبەکە بەڵکو حیزبەکە بچوك دەکەنەوە بۆ ئاستی خۆیان، ئەمانە حیزبێکی بچوکیان دەوێت کە بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێ نەك هێزێکی زیندوو، ئەمانە چاویان لەوە نیە بەرژەوەندیەکانیان لە رێگای بەهێزی هێزەکەوە بپارێزن بەڵکو حیزبەکە دەکەنە کەرەستەی مامەڵە پێوەکردنی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، ئەم تایپە هەمیشە لە توانای ئەوانە کەمدەکەنەوە کە دەیانەوێ حیزبەکە بخەنەوە سەر رێچکەی زیندوێتی، ئەم تاقمی دووەمە هۆکاری سەرەکی پاشەکشەو وەرینی حیزبەکەن و تایبەتمەندی گەورەیان پشتگیری کردنی یەك و دەستکردنە بەیەكدا کە دەکرێت بڵێین بەرژەوەندی خوازەکان لە هەموان یەکگرتووترن و زۆرترین پەیوەندی دەرەکی ناتەندروستیان لە بەرژەوەندی خۆیان هەیە.

تاقمی سێهەم/ ئەم تاقمە زۆر نین و کاری سیاسی و حیزبیان لەلا گرنگ نیە، کاتێك تێدەگەن و دەگەنە ئەو باوەڕەی کە حیزبەکە بەرەو هەڵوەرین دەچێت ئیدی پشتوێنی لێ دەکەنەوە و بەدیار مردنیەوە دادەنیشن، نە ڕەخنەدەگرن و نە هیچ گرفتێك چارەسەر دەکەن و نە دەبنە گرفتیش، واتە وەك تەختەی سەر ئاو کەوتوو لە دەریاکە دەمێننەوە، ئەمانە لەگەڵ گروپی دووەم چاویان لە موممتەلەکاتی حیزبەکەیە، کە بیگومان حیزب کە خاوەنی دەیان بارەگا و میدیا بوو، دەکرێت بلێی ئەو موڵکو ماڵەی هەیەتی دەبێتە ملیۆنان دۆلار، ئەم تایبە بچوکە چاویان لەوەیە ببنە خاوەنی ئەوەی دەمێنێتەوە، کەم نین ئەو حیزبانەی کە بچوك بونەتەوە و تەنها ناویان ماوە، بەڵام ئەو بیناو زەویانەی هەیانبوە فرۆشراون و کەس نەیزانیوە چوەتە چ گیرفانێ، چەند کەسێك دەمێننەوە و دەبنە بڕیاربەدەست و دەست دەکەن بە فرۆشتنی موڵک و ماڵەکان و هەر جارەی بە بیانویەك بەڵام دۆخە ڕاستەکە بەرژەوەندیە. ئەم تاقمە وەك تاقمی دووەم مەترسیدار نین و یەکگرتووش نین و دەکرێت بڵێین گەندە خۆرن، هەرچەند وا خۆیان نیشان نادەن بەڵام پشتیوانی سەرسەختی تاقمی دووەمن کە بەرژەوەندیخوازەکانن، تەنها ئەوەیان جیاوزە لە تاقمی دووەم کە هۆکاری کێشە نین و یەکگرتووش نین و رێگر نین لە رێگای ئەوانەی دەیانەوێ حیزبەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە. تاکە رێگەش بۆ ئەوەی حیزب بکەوێتەوە سەر ڕێچکەی مانەوە بە زیندوێتیە، نە وازهێنانە و نە پشتوێن لێ کردنەوە بەڵکو دەبێت ئەوانەی دەیانەوێ حیزبەکە بە زیندوێتی بمێنێتەوە لە لوتکەوە تا ئەندامێکی ئاسایی ببنە یەك بازنە و شەڕی مانەوە و بەهێزکردنەوەی حیزبەکەیان بکەن، هیچ تیرسیان نە بێ لە ڕووبەڕوو بونەوەی بەرژەوەندیخوازاکانی نێو حیزبەکەیان، ئەمان لە پرسەکەیان ڕەوایە و زۆرینەن و دەتوانن زۆر ئاسان سەرکەوتووبن و خەونی دوو تاقمەکەیتر بە خەونی بهێڵنەوە و پەراوێزیان بخەن و حیزبەکە ڕوو بە گەشە و زیندوومانەوە بخەنەوە سەر رێچکەی خۆی، ئەم تاقمە تەنها یەك ڕیزبن بەسە بۆ تێپەڕاندن و شکاندنی بەربەستەکان چونکە زۆرترین پشتیوانیان دەبێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە