میدیاو لافاو

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

ڕوماڵی ئەرێنی: لە لافاوەكەی سنوری قەزای چەمچەماڵ و دەورو بەری ، میدیا ڕۆڵێكی گەورەی لە نیشاندانی قەبارەی كارەساتەكە داو هەر ئەوەش وای كرد ڕای گشتی ئەرێنی دروست بێت ، جگە لە میدیای بینراوو كەناڵەكان ، خەڵكیش بە شێوەیەكی فراوان دیمەن و وێنەی كارەساتەكەی خستە نێو تۆڕەكانی گەیاندنەوە، ئەمەش چاوی زۆری خستە سەر ڕوداوەكە ، ڕاكێشانی سۆزی گشتی ، نیشاندانی ئەو دیمەن و وێنانەی مرۆڤ ناچاری هەڵوەستەو بە هاناوە چوون دەكەن.
ئەمە بەشێك بوو لە ڕووە ئەرێنێكەی میدیا ، بۆ نمونە دیمەنی قوتابخانەی قەندیل لەتەكیەو دیمەنی قوتابیەكان لە كاتی گەڕان بە دوای دەرچەو دەربازبووندا ، لە نێو ئەو هەموو وێرانیەدا دیمەنی دەربازكردنی توتكە سەگێك لە لایەن هاوڵاتیەكەوە ، دیمەنی كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ و بوونی ئەو هەموو كتێبە لە نێو قوڕو لیتەدا ، دیمەنی هۆڵی شانۆی ڕۆشنبیری چەمچەماڵ و سەدان دیمەنی دیكە وایان كرد كە ڕای گشتی دروست بێت ، ئەوەشمان بیر نەچێت چەندین كەس ڕۆڵیان لەو دروستكردنەی ڕای گشتیدا هەبوو. بەشێكی زۆری بەرنامە ئەرێنیەكانیش كە زۆربەی كەناڵەكان پێی هەستان ، گفت و گۆی نێو بەرنامەكان ئەمانەش بە قەبارەی خۆی كاریگەریان جێهێشت ، كاریگەی بۆ دروستكردنی ڕای گشتی و خەمی گشتی ، هەڵبەت هەردوو چەمكی ڕای گشتی و خەمی گشتی لە بابەتی لافاوەكەی چەمچەماڵدا جێی هەڵوەستەو قسە لە سەر كردنی زیاترە ، من لەو كۆڕەدا كە لە گەڵ خالید عەبدول لەكتێبخانەی كارێز لە سەر لافاوەكە كردمان لە سەر ڕای گشتی و چاكەی گشتی قسەی زیاترم كرد، بە گشتی ئەم ڕوەی میدیا شایانی هەڵنان و ستایشە.
ڕوماڵی نەرێنی : دیوە خراپەكەی میدیا كە ئەویش بە ئاگای بێت یان نا ئاگای ، شەڕی دوو حزبی سەرەكی بێت یان شەڕی نێو ماڵی یەك حزب ،بۆ شاردنەوەو لە بیركردنی ڕوداو گەلی تر بن ، یان ئەویش بەشێك بووە لە خەمخۆری گشتی، بەڵام بە دیوێكی خراپدا نیشاندانی كارەساتەكە بوو ، وەك ئەوەی ئەو خەڵكە لێقەوماوە شایانی خێرو بە زەیی پیاهاتنەوەن ، راستی هەر بۆخۆی نیشاندانی دەم و چاوی خەڵكەكە ، هاندانی خەڵك بۆ ئەوەی بكوڕێزێتەوە، هاندانی خەڵك بۆ ئەوەی میدیا بكاتە مینبەری لێدان لەلایەنگەلی دیكەو میدیای دیكە ، ئەمانەنەرێنی و ناجۆر بوون ، لە نێو ئەو كارەساتەدا هەندێك دیمەن نیشاندەدران وەك ئەوەی ئیدی هەموو خەڵكی ئەم شارە دەرۆزە كەر بن ، هەندێك دیمەن نیشاندەدرا ئامانج لێی ڕق بوو لەوانی تر ، هەڵبەت ئەگەر توێژینەوەی ورد بكرێت هەموو ئەو دیمەنانەو ئەو گفت و گۆو هاندانە نەرێنیانە بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێن . ئەم ڕوماڵە نەرێنیە لە بایەخی خەمی گشتی ، چاكەی گشتی ، ڕای گشتی كەم نەكردەوە ، گەرچی زۆر كەم حكومەت بە تایبەت هەریەك لە سەرۆكی هەرێم ، سەرۆكی حكومەت وەك خۆیان نەك وەك میدیاكەیان بوونیان هەبوو، تەنانەت هەر نەهاتن بۆ سەردانی قەزاكە ، لە كاتێكا بەرپرسانی دیكە بوونیان هەبوو. یەكێك لە ناشرینیەكانی ڕوماڵی نەرێنی ئەوەیە بتەوێت كە خۆت شتێكت كردووە ئەوەی ئەوانی تر بێبایەخ بكەیت ، بۆ نمونە خەڵك هانبدەی بەوەی كەخەڵكی تر هیچی بۆ نەكردووە ، یان ئەو كارەی خۆت كردوەتە بیخەیتە بواری بازاڕٍكردن و ناوبانگ پەیدا كردنەوە ، من بە وردی سەیری زۆرێك لە ڕوماڵەكانم كردوە، دیمەن گەلی زۆر هەن كە نابوو هەبن . داواكاری گشتی: دوا بە دوای لافاوەكەی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەكیەو تەواوی قەزاكەو هەموو ئەو زەرەرو زیانانە، دەبوایە داواكاری گشتی یەكسەر ئامادە بوایەو دۆسیەی تایبەتی بەو پرسە بكردایەتەوە ، هەروەك ئێستاش پێویستە داواكاری گشتی ، سەبارەت هەموو ئەو دیمەنانەی میدیا بە باش و خەراپ كاریان لە سەر كردووە ، بە دواداچوون بكات ، داواكاری گشتی لە بابەتی لەم جۆرەدا دەتوانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی گەورە ببینێت ، بەڵام ئەوەی جێی خەمی ئێمەو مانانە داواكاری گشتی لەم جۆرە پرسەدا زیاتر دورە پەرێز وەستاوە، هەموو ئەوەی لە لافاوەكەوە تا دەڕۆ دوای لافاوەكەش پێویستی بە هەڵوێست و قسەی داواكاری گشتیە ، كێماسیەكان چی بون ، بۆچی لافاوەكە بەو جۆرە ناوشارو شوێنە گشتیەكانی گرتەوە ، بۆچی كتێبخانەو ڕۆشنبیری و هەندێك شوێن زۆرترین زیانیان بەركەوت ، بۆچی میدیا هەندێك ناجۆری نواند هەموو ئەمانە پێویستیان بە هەڵوەستەو قسەی داواكاری گشتیە .
دوا قسە : ئێمە كارەساتێكی ناخۆشمان بەڕێكرد ، ڕوە جوانەكانی كارەساتەكەو ئەو خەمە گشتیە كوردستانی و تەنانەت نێو دەوڵەتی و عیراقیەش جێی ستایشە ، خەمخۆری و بە تەنگەوە هاتنی ڕای گشتیەكە وای كردوە كە نیشاندانی هەندێك ناجۆری نەتوانن هەقیقەتە مرۆییەكە بشارنەوە ، بەڵام هەقە ئەم كارەساتە ببێتە پەند بۆ هەموو كوردستان ، كاری خۆبەخشی ڕێكبخرێت و بایەخی پێبدرێت، ئامادەكاری پێش ڕوداو بگیرێتە بەر ، خوێندنەوە بۆ هەر مەترسیەك بكرێت ، لە كاری ئاوادا میدیا جگە لە گەیاندنی حەقیقەت و خەمە گشتیەكە سەرقاڵی شەڕو شۆڵی لابەلاو ناجۆر نەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە